تکایە تەنگەژەی سیاسی بە هەڵەی یاسایی چارەسەرمەکەن..

لوقمان مستەفا ساڵح



هەرکاتێک تەنگەژەی سیاسی و قەیرانەدرووستکراوەکان،بازاڕیان گەرم بێت،لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکاندا،لەبری چارەسەری گونجاو بۆ کێشە سیاسیەکان بدۆزرێتەوە،تا لەورێیەوە ڕێگری بکرێت لەوتەنگەژە سیاسیەی کە تێی کەوتوون زیاتر تەشەنەنەکات،کەچی بەپێچەوانەوە وەک مەلەوانێکی نەشارەزا خۆیان دەخەنە گۆمێکی مەنگی لێخنەوە،کە دواجار دەربازبونیان لێی مەحاڵ دەبێت.!! هەروەک دەبینین بێ گوێدان وپابەند نەبوونیان بە دەستورو یاسا بەکاربەرەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان،لە شوێنێکی نایاسایی مەرج بۆ شوێنێکی شەرعی یاسادانان دادەنێن و دەبنە بڕیاردەر لە کێشە چارە نوس سازەکاندا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی یاسایە،چونکە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ ماددەی ٥٦ بڕگە ٢کە دەڵێت: بڕیاردان لەسەر رێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستان/عێراق، و دیاریکردن پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، یەکێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان.

کەواتە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، لەبازنەی پرسە چارەنوسسازەکانی گەلەکەماندایە، کە ئەوەش کرۆکی ئیشی پەرلەمانە نەک سەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسیەکان.

بۆیە ناکرێت بۆ کارا کردنەوەی دەزگایەکی شەرعی وەک پەڕلەمانی هەرێمی کوردستانوابەستەی مەرج ومەرجداری بکرێت،چونکە داوایەکی نالۆژیکی وناپەسەندە لە ڕووی یاسایی یەوە.

مەخابن لەووڵاتی ئێمەدا لۆژیکی یاسا تەنها بۆ جوانکردنی قسەی سەر مێزی سیاسیەکانەوهەمیشە لە ژێر پێنراوە.هەر بۆیە سەروەری یاسا بەردەوام جەخت لەسەر نەھێشتنی کردارە زۆردارەکیەکان دەکاتەوە، و لە ھەمانکاتیشدا رەوایەتی بە هەموو ئەو شتانەش دەدات کە بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێدەکرێن " بەگوێرەی یاسا" ھەتاوەکو زۆرینەی خەڵکیش دژ بەم رێوشوێنانە بن.

بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەرێمەکەی لەمەڕ ئێمەدا لۆژیکی سیاسەت لەسەرووی یاساوە کاری پێدەکرێت و دەستورو سەرجەم مادە یاساییەکانی مل کەچ دەکرێن بۆ ڕێکەوتننامەی سیاسی چ بە شێوەی ئاشکراو چ بە شێوەی نهێنی.!!

ئاخر گەلۆچۆن دەکرێت بۆ پرسێکی واهەستیارو مێژوویی کە پرسی ڕیفراندۆمە و پاشانیش سەربەخۆیی کوردستان، هیچ زەمینە سازی بۆ نەکرێت و زۆر بێ منەتانە دامەزراوە شەرعیەکان لەکار بخرێت وبەلاوەبنرێت.!! پاشانیش بۆ

کاراکردنەوەشێ مەرج ومەرجکاری بە ئامانج بگیرێت.!

بەڕاستی بیروبۆچونێکی لەوچەشنە نالۆژیکیەو نەک لەگەڵ ئەم بارودۆخە پڕلە کێشمەکێشم و قەیراناویە ناگونجێت بەڵکو پێچەوانەی داب ونەریت ودەستورو بنەما یاسایی یە کانشە.

بەڵام.. کاتێک سەرکردایەتیە سیاسیەکان پێ دەزانن ودێتەوە یادیان کەچی هەڵەیەکیان کردووە وەک پێشینان دەڵێن تازکارلەکارترازاوەودەستیان لەبنی هەمانەکەوە دەرچووە.!! چونکە چارەسەرکردنی تەنگەژەی سیاسی بەهەڵەی یاسایی چارەسەر ناکرێت،بەڵکو ڕێکەوتنامەی سیاسیەکان شتێکە وبابەتە دەستوری ویاسایی یەکان بەمەبەستی چارەسەر کردنی کێشە چارەنوسسازەکان کە پێویستیان بە بڕگەو مادە یاساییەکان هەیە شتێکی ترە، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ڕێز لە یاساکان بگرن و پێوه‌ی پابه‌ندبن،لەهەمان کاتیشدا شکست وتەنگەژە سیاسیەکانی خۆیان تێکەڵ بە بنەمایاساییەکان نەکەن،لەبەر ئەوەی لەدونیادا سەروەری یاسا بووە بە بەشێک و بنەمایەکی باو بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ومامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ وبنەمادیموکراسیەکان، کەلە ئێستادا لەو پەڕی لوتکەدایە لە نێوان ووڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندا.


22/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر