ستەم کردن بە یاسا

لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرجارگوێ بیستی دەیان چیرۆکی سەیرووسەمەرە لەسەر بێتاوانی فڵانە کەس و فیسارە کەسی بەندکراوو یاخود سزادراو دەبین،بێگومان ئەم دیاردەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەکوردستانی خۆیشمانەوە بەردەوام بونی هەیە، کە هەر یەکەیان بە تومەتێک لە کونجی زیندان خزێنراوون،یاخوود سزای چەندین ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە ، بە ڵام دواتر دەرکەوتوە کەسێکی بێتاوانەو قوربانیەکی دەستی ناداد پەروەری کۆمەڵایەتیە وهیچیتر ،دادگاش بەناچاری لەسەر ئەو بەڵگانەی کەبەردەستن بریاری خۆی داوە . 
وەک باسمان کرد نمونەکان زۆر لە هە مو ووڵاتانی جیهاندا بونی هەیە بەڵام دیارترینیان ئەوەی کە سەرنجی بەندەی راکێشاوە ئەو بەندیەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە کە لەڕووداوێكی دەگمەنداو دوای بەسەربردنی 34 ساڵ لە زینداندا، دادگایەكی ئەمریكی لە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس حوكمی بێتاوانبوونی بۆ حوكمدراوێك لەو وڵاتە دەركرد.
ئەو تاوانبارە كەناوی (كاش دیلانۆ ریجیستر) ـە پێش 34 ساڵ لەمەبەر بەتاوانی كوشتن سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، سەپاندنی سزاكەش دوای شایەتی ژنێك هاتبوو كە گوایە لەكاتی خۆشتندا گوێی لەدەنگی تەقە بووەو دواتر لەپەنجەرەی ماڵەكەیەوە تەماشایی كردووە (ریجیستەری) بینیوە رایكردووەو دەمانچەیەكی بەدەستەوە بووە.
گۆڕینی بڕیارەكەی دادگاش پاش ئەوە دێت كە دوو خوشكی شایەتحاڵەكە لەدادگا، رایانگەیاند: "خوشكەكەیان لەو كاتەدا درۆی كردووەو شایەتی ناڕاستی داوە".ریجیستەر هەر لەسەرەتای دۆسێكەیەوە، تەئكیدیدەكردەوە: لەكاتی رووداوەكەدا لەگەڵ هاوڕێ كچەكەی بووە، بەڵام دادگا پشتی بەقسەكانی نەبەست، ئێستاش دوای تێپەراِندنی زیاتر لە (سێ) دەیە لەپشت دەرگاكانی زیندان، (ریجیستر) لە یەكەم وتەیدا، رایگەیاند: "ئەوەی لەئێستادا خوازیارم خواردنی ژەمێكە كە لەلایەن دایكمەوە ئامادە كرا بێت كە دەیان ساڵە لێیان بێبەش كردووم".
ئەمە ئەوچیرۆکە خەمناکە بوو کە قوربانی دەستی ناداد پەروەری کۆمەڵایەتی و دادگاش بە ناچاری بریاری خۆی سەپاند بەسەر (ریجیستەر )ی بێتاواندا چونکە تەنها بەڵگە لەکاتی دادبینیەکەدا ئەو گەواهی دەرەبوو کە زۆر بێ ویژدانانە گەواهی درۆی لەسەردابو . 
لە هەرێمی کوردستانی لەمەر خۆیشمان بە دەیان چیرۆکی زیندوو هەن کە هەریەکەو بە شێوازێک دادگا بریاری بەند کردنی بەسەردا سەپاندون، بۆ نمونە لە ساڵی 2005دا، پۆلیس كەسێك بەناوی غەفوور قادر بە تۆمەتی كوشتنی منداڵێک دەستگیر دەكات و سزای 10 ساڵ بەندكردنی بەسەردا دەسەپێنێت.
 دوو ساڵ دوای غەفوور، پۆلیس كەسێكی دیكە بە ناوی (س.ق) لەسەر تاوانێكی دیكە دەستگیر دەكات و سزای 20 ساڵ بەندكردنی بەسەردا دەسەپێنێ.  دوای ئەوەی پۆلیس جارێكی دیكە لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەی محەممەد سلێمان كرد، دەركەوت كە (س.ق) بكوژی محەممەدە، نەك غەفوور، بۆیە بڕیاری ئازادكردنی غەفووری دا. 
هەمان شێوە فەرهاد وەدیع، دوای ئەوەی نزیکەی چوار ساڵ بە هەڵە و بە کوشتنی کوڕەخاڵی تاوانبار کرا،لە بەرواری 20-3-2017، لە زیندانی دهۆک ئازادکرا.
فەرهاد 15 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو بوو، وەک خۆی دەڵێت، لەژێر گوشاردا بە ناچاری دانی بە کوشتنی زێبار نەزیردا نابوو، بەڵام دوای ساڵێک ئاشکرا بوو کوڕە مامێکی زێبار تاوانبارە بە کوشتن نەک فەرهاد.
وەچەندین کەسیتر بێتاوان هەن کە ساڵ و دو ساڵ و زیاتریش ژیانیان لەبەند یخانە بەسەر بردوە کە تەنها بە شک و گوما ن حوکم دراون یاخود دەست بەسەر کراوان پاشان ئازاد کراوون، ئەگەر بە فایلەکانی دادگاکاندا بچینەوە ئەوە دەیان و سەدان چیرۆکی زۆر خەمناکتر دەبینین و دەبیسین کە پاشان هەر یەکەو بە شێوازێک ئازاد کراوان ، بێگومان ئەم رێکارە دەرهەق بەو کەسە بێتاوانانە نایاساییە ، هەر لەبەر ئەومەبەستەیە کە یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕاگیراوان و حوکمدراوان لە کاتی بێ تاوانی و دەرچوونیان لە هەرێمی کوردستان –عیراق کە بە یاسای ژمارە( ١٥ )سالی ٢٠١٠ ناسراوە کە لە هەردو مادە (٤ و ٥ )دا هاتوە ئەوکەسانەی کە بەبێ تاوان دەسگیر کراون و حوکم دراون کە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەم رێکارە یاساییانە داوای قەرەبو بکەن :
ماددەی چوار..داواکردنی قەرەبوو کردنەوە بە پێی ئەم رێکارانەی خوارەوە دەبێ :- 
یەکەم :- داوای قەرەبوو کردنەوە پێشکەش بەو لیژنانە دەکرێت کە لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە پێک هێنراون و حکومەتیش ئاکامی قەرەبووکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت پاش ئەوەی بڕیار ی لیژنەکان پلەی کۆتایی وەر دەگرن .
 دووەم :-  بەپێی ئەم یاسایە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر وەرگرتنی بڕیاری ئازاد کردن یان حوکمدان بەبێ تاوانی پلەی کۆتایی گوێ لە داواکاری قەرەبوو کردنەوە ناگیرێ .
سێیەم : مافی قەرەبوو کردنەوە لە کاتی مردنی خاوەن ماف تەنها بۆ هاوسەر و منداڵ و دایک و باوک دەگوازرێتەوە .
ماددەی پێنج ..یەکەم : قەرەبوو کردنەوەی ئەدەبی لەسەر بنەمای ئەو ئازار و ناخۆشیانە دەخەمڵێنرێ کە زیان پێکەوتوو تووشی هاتووە و ئەوەی کە کاری لە ناوبانگ یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان وەزیفی کردووە .
دووەم : قەرەبووی ماددی لە سەر بنەمای ئەوەی لە دەستی چووە و ئەو زیانەی لە ماوەی گلدانەوە یان گرتن یان حوکمدانەکەی دەخە مڵێندرێ .
سێیەم : پێویست لەسەر ئەنجومەنی دادوەری بڕیارەکانی حوکمدان بە بێ تاوانی (برا‌وە) و ئازادکردنی ئەو کەسەی بێتاوانە دەسەلمێندرێ یان ئازاد دەکرێت لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانە ی هەرێمدا بڵاو بکاتەوە .
لێرەدا ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە دادگا بە شێوەیەکی ناراستەو خۆ دان بەوەدا دەنێت کە بریارێکی داوە هاوسەنگ نیە لەگەڵ مادە یاساییەکاندا ویژدانی دادوەرەکانێس پێوەرێکی ترە بە ئاراستەی نەبونی بەڵگەی تەواو و سزایەکی جەستەیی ودەرونی کەسی بەند کراودا ،هەروەکو چۆن بەبریارێک حوکمی بەسەردا سەپاندون کەدەردەکەوێت کەسێکی بێتاوانە بەهەمان شێوە دادگا بریاری ئازادکردنیان دەدات لەرێی دادگاوە،بەڵام بە شێوەی پێداچونەوە بە برێاڕیک حوکمەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە ، هەر بۆیە یاسا ناسان پێوەری قەرەبو کەرەوەیان دارشتوە بۆ کەسی ستەم لێکراو کەرەنگە کەمێک لەو ئازاروو نەهامەتیەی کە بەسەر کەسی زوڵم لێکراوادا هاتوە لانی کەم هەندێک لەئازارەکانی کەم کاتەوە .





09/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر