جەنگ لە گەڵ ڤایرۆسەکاندا

لوقمان مستەفا ساڵح


ئەگەر جەنگ پێناسەبکەین بەبەراورد لەگەڵ جەنگی ڤایرۆسەکان دەتوانیین بڵێین:- جەنگ بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شەڕیک کە درووستکەری خودی مرۆڤە کە  لەنیوان دوو دەولەتدا یان دوو بەرەدا ڕودەدات وە هەندیک جار دریژخایەنە هەندیکیشیان ماوەکەیان کورتەو بەسەرکەوتنی یەکیکیان کۆتای دیت.هەر کەباس لە جەنگ دەکرێت یەکسەر بەینی دوولایەنی شەڕکەر گەر دوو دەوڵەتبێ یا دوولایەنی ناکۆکی یەک ووڵاتبێ، ئەگەر جیهانی بێ یاخود هەرێمی یاخود ناوخۆییێ، لەپێش چاومان وێنادەبێ،ڕودانی هەر جەنگێک  کۆمەڵێک بنەمای یاسایی خۆی هەیە، گەرچی هەندێ جار پێشێلی بنەما یاساییە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت،جەنگ هەرچەندە کاولکاری و ماڵوێرانیە بەڵام  دووژمنێکی ناسراوە، پێشترزانراوە دووژمنەکەت کێیە،بەنیازی چیە،چی کەرەسەو ئامێری سەربازی هەیە،دەتوانی خۆتی بۆ ئامادەبکەی بە هەموو شێوازەکانی بەرگری روبەروی ببیتەوە،هەرچەندە جەنگ بە شێوەیەکی گشتی کوشتن و وێرانی و قات و قڕی بەرهەم هێناوە بۆ مرۆڤایەتی،بەڵام هەمیشە هیوایەک هەبوە بۆ نەمانی جەنگەکە، ئومێد بەخشیەک هەبووە لای خەڵکی کە ئەویش بە کۆتایی هێنانی هەر جەنگێک دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ئاوەدان کردنەوەو بنیاد نانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابوری  ووڵاتە.


بەڵام جەنگ لەگەڵ ڤایرۆسەکان بەتایبەت (کۆرۆنا)جەنگێکە لەگەڵ دوژمنێکی بێهەستی بێ پەلوپۆ،مرۆڤ کوژی خۆکوژی مشەخۆر،دوژمنێکی ترسناک، تاریک، بێچەک ،بێتەقە،بەردەوام لە هێرشدایە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خودی مرۆڤ هەم ئامانجە هەم  چەکی دەستێتی و هەم قەڵغانی خۆپاراستنێتی.سەرکەوتن بۆ لە ناوبردنی ئەم دووژمنە ترسناکە ناسینێتی،بۆیە دەکرێت واپێناسەیکەین و بڵێین:- ڤایرۆسەکان لەنێویاندا(كۆرۆنا) بریتیە لەكۆمەڵێك لەڤایرۆس و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی مرۆڤ وئاژەڵ ، كاتێك توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە، بەئاسانی لەنێوان مرۆڤەكان دەگوزارێتەوە.ئەویش بە هۆی ئەوەی (( ڤایروس یان پاڵاوتە (بە ئینگلیزی: Virus) وردکەی زۆر بچووکن. لە ناوکەترشی ڕایبۆزی و بەرگی پرۆتینی پێک دیت. ھەر چەندە ڤایرۆس زیندەوەر نییە لەگەڵ ئەوەیش گرنگن لە تووشکردنی زیندەوەران بە نەخۆشی و یارمەتیدەرن لە بواری لێکۆڵینەوە بو ماوەییەکان کە دەبنە ھۆی گۆڕان لە فەرمانەکاندا. بەڵام دوو ھۆکار ھەیە لەبەردەم مرۆڤدا کە ناتواندرێت بە ئاسانی بەسەریدا زاڵبێت و ڤایرووسەکە لە ناو ببرێت:


1. ڤایرووسەکە  زۆر بچووکە بە چاو نابینرێن.
2. ڤایرووس زوو ماددە بۆماوەیەکەی دەگۆڕێ لەناو خانە خوێدا))


ڤایرۆسەکان دوژمنێکە هەر بە سرووشتی خۆیان خۆڕسکن و هەر لە مێژە لەشەڕێکی دەستەویەخەدان لە گەڵ مرۆڤەکان،بەڵام خۆشبەختانە هەمیشە بەرانبەر مرۆڤەکان دۆڕاون، زۆر لە نەخۆشییە ترسناکەکان لەو ڤایرۆسانەوە پەیدادەبن کە مرۆڤی وەک خانە خوێی خۆی سورشتی خۆیان بەکاردێنن. لە نەخۆشییە ڤەیرۆسییە ھەرە باوەکانی مرۆڤ (ھاڵامەتی ئاسایی، ئاوڵەی ئاوی، سوڕێژە، ملەخڕە ، ئیفلیجی منداڵ، ھاری، ھەوکردنی جگەر،جۆرەکانی کۆرۆنا). نەخۆشییە ڤایرۆسسیەکان دەتوانن توشی ئەندامە جیاوازەکانی لەشی مرۆڤەکان ببن، لەوانەش دەماغ و جگەر و دڵ و ھەردوو سیەکان و پێستی مرۆڤ.


لە گەڵ ئەوەشدا قسە زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێکیان دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانبن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، وەک دەگوترێت (کۆڕۆنا تەنها ڤایرۆسێکی ئاسایی نیە،بەڵکو شەڕی زلهێزەکانە بۆ شکستی ئابوری و گۆڕینی دراو و سیستەمی کۆنتڕۆڵ کردنی جیهان! )    بۆقازانجی زیاترو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان،جەنگی بایۆلۆجی بەکاربێنن،واتا بەکارهێنانی هۆکارەکانی وەکو بەکتریا و ڤایرۆس کە دەبێتە هۆی بلاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی دژی مرۆڤ و ئاژەلان و رووەک بە پێچەوانەی بۆچووونەکانی خەڵکی ئەو جۆرە جەنگە ناوی لێنراوە جەنگی میکرۆبی ، بە درێژایی سەدان ساڵە بەکارهێنراوە.لەکۆندا سووپاکان لاشەی مردووانی تووشبوو بە کۆلێرا و تاعون یان ئەخستە بیری ئاوی دوژمنەکانیانەوە.


بۆیە گرنگە ڤایرۆسەکانی نمونەی کۆرۆنا نەکەینە دێوەزمە  بۆ ترساندنی خۆمان و خێزان و دەوروبەرمان ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ سەلامەتی خۆمان کەس و کارمان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ڤایرۆسەکان بە تایبەت (کۆرۆنا)کەلە ئێستادا هێرشی بۆ تەواوی جیهان دەسپێکردووە،ئەم دوژمنە بێ ئامانە و تێکشکاندنی و قوتار بوون لێی تەنها و تەنها گوێڕایەڵی و پابەند بوونە بە ڕێنوماییە تەندرووستیەکان.

01/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر