بایكۆت‌و خۆپیشاندانەكان لە خوێندنەوەیەكی گەشبینانەدا

د.یەحیا عومەر رێشاوی
بە كۆتاهاتنی (رێژەیی ) بایكۆت و نارەزایی و خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران، نابێت ئەو تێروانینەمان لا دروست ببێت كە پرۆسەكە شكستی هێناوە، یاخود وابیر بكەینەوە كە ئەم شێوازە لە كاردانەوەی بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەرنجامێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتۆتەوە، پرۆسەی دەربرینی نارەزایی و دەنگهەڵبرین بەرامبەر بە ستەم و نادادگەریی لە هەرێمی كوردستاندا ئەم دەرەنجامانەی لێ كەوتۆتەوە: 
یەك: بە گریمانەیی هەرێمی كوردستان  بهێنە بەرچاوی خۆت بێ ئەم دیمەنانەی كە لە شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا تۆمار كرا، موچە نیە و كەس دەنگ ناكات، گەندەڵی هەیە و كەس ورتەی لێوە نایەت، خزمەتگوزاری سفر و هاوڵاتانیش وەك ئەوەی لە ئەستێرەیەكی دیكەبن كروكاس! ناكرێت لە وڵاتێكدا كە ئیددیعای دیموكراسیەت بكات و لەو لاشەوە قەیران خنكاندبێتی، كەچی شەقام نە جوڵەی لێوە دێت، نە هاوارێكی لێ بەرز دەبێتەوە، نە دەنگێك دەبیستیت بڵێت (نا) ! 
دوو: هەموو گەلێك پێویستی بە راهاتنە لەسەر شێوازەكانی رەخنە و داواكردنی مافەكانی و بێدەنگ نەبوون، ئەگەر هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا دوانزە مانگە خەریكی ژیان و رۆتینی رۆژانەی خۆیان بن  و لەو لاشەوە بە ئاشكرا ستەم هەبێت و راپۆرتەكانی چاودێری رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە ئاشكرا پێمان بڵێن وەزعەكە بەرەو لێواری هەڵدێر دەروات، كەچی نە فەرمانبەران و نە رۆشنبیران و نە پەرلەمانتاران و نە حیزبەكان و نە جەماوەریش نایەنە دەنگ ؟! ئیدی ئەو ساتە كەیە كە هاوڵاتی "وەك لە دەستور و بنەما و رێسا و یاسا نێو دەوڵەتیەكاندا باسی لێوە دەكرێت و وەك ماف تۆمار كراوە" تەعبیر لە خۆی دەكات و ئەم مافە سروشتیەی خۆی مومارەسە دەكات ؟َ! یان بە ئاشكرا ئیعلانیكە كە وڵاتەكە وڵاتێكی بنەماڵەیی و تاكحیزبی و تاك سەركردەییە و هەڵبژاردن و خۆپیشاندان و مانگرتن لە فەرهەنگی سیاسیدا بونی نیە، یاخود ئەلفوبێی دیموكراسیەت و سیما دیارەكەی ئەم جۆرە چالاكی و خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەیە.  
سێ: كاتێك لە شەقامدا هاوڵاتیەك بێ توندوتیژی تەعبیر لە موعانات و كێشەكانی خۆی دەكات و دەیەوێت ئەم پەیامە بە شێوەیەكی یاسایی بگەیەنێتە گوێ و چاو ویژدانی دەسەڵاتی سیاسی،  لەولاشەوە دەسەڵاتی سیاسی رێوشوێنی یاسایی و پێویست دەگرێتە بەر بۆ شێوازی ئەم تەعبیر لە خۆكردنە، هاوزەمان لەگەڵ ئەم ژینگەدا رۆژنامەنوسان و دەزگا میدیاییەكان بە خۆیان و كامێرە و ستافە میدیاییەكانیانەوە روماڵی ئەم جموجوڵ و چالاكیە مەدەنیانە دەكەن، هەموو ئەمانە بەراورد بكە بە دیمەنە پێچەوانە  بێ سرەوت و كشوماتەكە و ئەو كات خۆت حەكەمبە ! 
چوار: كاتێك دەسەڵاتی سیاسی دەرك بەوە بكات كە لە بەرامبەر بریارەكانیدا دەنگێك نیە بڵێت نەخێر و كەسێك نیە گڵۆپی سوری بۆ هەڵكات و جارجارە پێی بڵێت (ستۆپ)، دەسەڵاتی سیاسی كاتێك دەگاتە ئەو قەناعەتەی هاوڵاتیانی لە گشت بارێكدا و بەهەموو شت رازین و (نا)یەك نابیستێت و بێدەنگی دەبێتە سیمای كۆمەڵگە، ئەو كات ئیشتیهای ستەمكردن و داپڵۆساندن و چەوساندنەوەی زیاتر و زیاتر دەبێت و لێی دەبێتە كارێكی ئاسایی و رۆتین، لەم هەلومەرجەدا ئەركی ئەخلاقیانە ئەوە دەخوازێت كە رێگە بەم ژینگە مەترسیدارە نەدرێت و بەشداریكردن لەم جۆرە چالاكیانە دەبێتە بەرپرسیارێتیەكی مێژویی بۆ هەموان.  
پێنج و كۆتا: ئەوانەی پێیان وایە كە بایكۆت و خۆپشاندانەكانی دەڤەری (سلێمانی - هەڵەبجە) بێ ئاكام بوو، پێموابێ خوێندنەوەیەكی كورتبیانەیان بۆ كۆی مەشهدەكە كردوە لەبەر دوو خاڵ: 
-واقیعی دەوامكردن و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە دەڤەری (هەولێر-دهۆك) وەنەبێت زۆر حاڵی باشتر بێت و روبعە موچە و قەیرانە داراییەكە بە دڵنیاییەوە كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر كۆی پرۆسەكە دروست كردوە. 
-هەندێك لەو بریارانەی كە حكومەتی هەرێم لە بەرژوەندی فەرامانبەران و مامۆستایان دەریكرد، بۆ ئەو فشارانە دەگەرێتەوە كە خۆپیشاندەران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی (نارازی) دروستیان كرد. 
هەربۆیە ئەم جموجوڵ و چالاكی و تەعبیر لە خۆكردنە خۆرسكانەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران دواجار بە شێوەیەك لە شێوەكان دەرژێتە خانەی جوانكردنی دیمەن و پرۆسەی خەباتی مەدەنی و دیموكراسیەت.. ئەگەر رێبدەن شتێك بمێنێت بە ناوی (دیموكراسیەت) ! 


10/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر