بەرەی نیشتمانی بۆ؟

سالار مه‌حمود

رووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەهەرێمی کوردستان راستیەکی تاڵ ئاشکرا دەکەن، ئەویش بوونی پەیوەندی  مەترسیداری نێوان هێزەکانە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لەسەر حسابی پرسە نیشتمانی و مافەکانی گەل.
شەرمنی گوتاری فەرمی حکومەتی کوردستانە لەبەرامبەر گوتاری بێ شەرم و شەڕانگێزی داگیرکەران.
لەبەر ئەوەی پرسی پەیوەندیەکان لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە بەدامەزراوەیی نەکرا ئەم هێڵی پەیوەندیە هەر بەحزبی و لەناو حزبیشدا گروپ و تاکەکەسی گرێدرا. سەرچاوەی ناڕوونی ئەم کارە لێرەوەیە کە لێکەوتەو مەترسیەکانی ئەم پەیوەندیانەی گەیاندە ئاستێکی باڵا.
هێشتا فەرمانگەی پەیوەندیەکانی هەرێم وەک وەزارەتێک یاسای بۆ دەرنەکراوەو بەیاسا رێکنەخراوە تاوەکو پەرلەمانی کوردستانیش بتوانێ چاودێری دامەزراوەکە بەتایبەت و مەلەفی پەیوەندیەکان بەگشتی بکات.
نوێنەرایەتیەکان حزبین. لەململانێ سیاسیەکاندا بۆ بەرژەوەندی ئەملاولا وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکەن. ئێران و تورکیا بەناوی جیاجیاوە بنکەو بارەگای زۆریان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لەباشور داناوە. کونسڵخانەی تورکیا دەستوەردان دەکا لەکاروباری پەرلەمانی کوردستان و چاودێری چالاکی پەرلەمانتاران دەکات!
سوپای تورکیا سەرەڕای بوونی چەندین سەربازگەی لەناوخاکی هەرێم لە سنوری پارێزگای دهۆک وا لەسنوری پارێزگای هەولێریش بەقوڵایی دەیان کم خاکیان بەزاندوە.
بێدەنگی هەرێم بەحکومەت و حزبەکانەوە لە هاتنی سوپای تورکیا مەترسیدارترە. بێدەنگی مانای رازی بوونە واتای تەسلیم بوونە. بێدەنگی ستەمکاری بەرهەم هێناو هەربێدەنگیشە ئیرادەی داگیرکردن سەردەخات. 
داگیرکاریی تەنیا لە رێگای هاتنی سوپاو لەشکرکێشیەوە ناکرێ میکانیزمەکانی پیلانی داگیرکاریی زۆرن لەرووی ئابوری و کەلتوریی و سیاسیشەوە دەبێت.
بە هەوڵێکی سەربەخۆیانەی نیشتمانی بۆ دژایەتی داگیرکاری لە پایتەختی رۆشنبیری کوردستان ( بەرەی نیشتمانی دژی داگیرکاری) راگەنرا. ئامانجی ئەم بەرەیە شکاندنی تەوقی بێدنگیەو لایەنەکان دەخاتە بەردەم هاتنە دەنگی راستەقینەو هەموو لایەک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی. بەرەی نیشتمانی بانگەواز لەهەموو ئازادیخوازان دەکات هەڕەشەکانی تورکیا بۆ پەلاماری باشورو ناردنی سوپاو بۆمبارانی فڕۆکەکانیان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سنور بەزاندن مەترسی بۆ سەرهەمووان ببینن و هەموان پێکەوە تەگبیرێک لەم دۆخە ئاڵۆزە بکەین.
بەرەی نیشتمانی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی مەدەنیە بۆ پاراستنی کوردستان لەدەستێوەردانی دەرەکی، پاراستنی شوناسی نیشتمانی و پارێزگاریی لە قەوارەی یاسایی و کەلتوریی کوردستان لەرێگەی هۆشداریدان لە نیازی داگیرکەران و کۆکردنەوەی تواناکان لە بۆتەی راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیەکانی کوردستانیاندا.
ئەم ئەرکانەش هاوبەش و گشتین بەهەموو دەنگ و رەنگە سیاسیە جیاوازەکانەوە بە رێکخراوو سەندیکا مەدەنیەکانەوە ئەوانەی ئیرادەی بڕیاریان زەوت نەکراوەو لەبەرامبەر داگیرکاریدا تێکۆشان دەکەن.
هیچ کاتێک نابێ کێشەو ململانێ سیاسیە  ناوخۆییەکان ئەرکە نیشتمانییەکان و پرسە باڵاکان لەبیر بەرنەوە، بەپێچەوانەوە هەر ململانێیەکی سیاسی لە خزمەت پرۆسەی مەدەنی نیشتمانیدا نەبێ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بەرەی نیشتمانی گەلەکەمان دروست دەکات و بەردەوامی ئەو کارە لاوەکیانە دەچنە خزمەت پیلانی داگیرکەرانی کوردستانەوە.
بەرەی نیشتمانی لە ناو بێئومێدیدا ئومێدی گەورە رادەگەیەنێ و لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی توانا جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگا چڕ دەکاتەوە،
بۆ روو بەڕووبونەوەی داگیرکاریی و کاریگەری دانان لەسەر هێزەکان بۆ راکێشانیان بۆ سەر هێڵی نیشتمانی و دور کەوتنەوە لەهێڵی حزبی تەسک.
بەرەی نشتمانی لەم پێناوەدا هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوەو بەپشتیوانی هاونیشتمانیان بەرەو بەجێهێنانی ئەو پەیامانەی لەپێناویدا راگەیەنراوە کاردەکات.

09/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر