گەمەکەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە چی دەڵێن؟

مه‌ریوان وریا قانع
ئەمریکا چی دەڵێت؟
لە پەرەگرافی یەکەمی ئەم نوسینەدا نیشانمدا کە تورکەکان لەسەرزاری ئەردۆگان و سەرۆکایەتیی حکومەت و وەزیری دەروەی وڵاتەکەیان، بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرا، باس لەوەدەکەن لەگەڵ بارزانیدا ڕێککەوتن لە ”تێرۆری" داعش و پەکەکە" بدەن و ”کافرەکانی" پەیەدە و یەپەگە لە ڕۆژئاوادا لەناوببەن. ھەروەھا ئەوەشم نیشاندا کە زۆرینەی ھەرەزۆری یەکێتییەکان دژ بەھاتنی سوپای تورکیان بۆ کوردستان و لەگەڵ ئەو ستراتیژە تورکیەدا نین کە بارزانی پەیڕەویدەکات. ئێستا بابزانین ئەمریکییەکان وەک گەمەکەرێکی سەرەکیی دیکە چی دەڵێن:
”ئەمریکییەکان تا ئەمڕۆش بەڕەسمی باس لە مانەوەی یەکپارچەیی عێراق دەکەن، باس لەوەدەکەن سنووری سیاسیی ئەم وڵاتە وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەگەرڕاشیان گۆڕابێت ئەوا ئەم گۆڕانە بە ئاراستەی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردیی نییە. لەماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوودا ئەمریکییەکان دوو کاریان ئەنجامداوە ھەرکەسێک کەمەکێک تێگەیشتنی سیاسیی ھەبێت، دەزانێت ھەردووکیان دژ بە دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆکەی ھەرێمە و ھردووکیان دوو مانای ڕەمزیی گەورەیان بۆ شیکردنەوەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ھەرێم. یەکەمیان، دەرکردنی ڕاپۆرتێکی ڕەخنەیی حەیابەرانەبوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ و تاوانبارکردنی ئەو دەسەڵاتدارانە بە بوونی زیندانی نھێنیی و ئەشکەنجەدان و یاساشکێنیی. ئەم ڕاپۆرتە لە جۆری ئەو ڕاپۆرتانەیە کە ئەمریکیەکان لەسەر سیستمە ستەمگەرەکانی دونیا دەریدەکەن. دووھەمیان، ھەوڵێستی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکابوو بەرامبەر بە ھاریکاریکردنی سەربازیی ھەرێم لە جەنگی دژ بە داعشدا. وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە بەرچاوی ھەموو دونیاوە ئاشکرایکرد کە ئەمریکا جگە لەھەندێک چەکی سوک شتێکی تر بە ھێزی پێشمەرگە نادات، چونکە ئەمریکییەکان ئەم ھێزە وەک سوپای حیزبیی تایبەت دەبینن و مامەڵەدەکەن، نەک وەک سوپایەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکایەک ئامادەنەبێت ھەندێک چەکی قورس بە ھەرێم بدات بۆ شەڕکردن لەگەڵ داعشدا و ڕاپۆرتێکی وێرانکەر لەسەر دۆخی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمدا بڵاوبکاتەوە، بە چ مانایەک دەوڵەت بۆ کورد دروستدەکات و دەپارێزێت؟ 
ئەم قسانەی من لێرەدا دەینووسم دژایەتیکردنی دەوڵەتی کوردی نییە، وەک میدیاکانی پارتی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیاد لە نووسینێکدا باسیانکرد و دەیان تۆمەتی ناشیرینیان دایە پاڵ من و ژمارەیەک نووسەری تر کە ھەوڵئەدەن ئەودیوی پڕوپاگەندە سیاسییەکان و جوڵە و پلانیی ھێزەکان لەناوچەکەدا، ببینن. زەحمەتە لەھەموو کوردستاندا کوردێک ھەبێت دژایەتی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی بکات، یان پێی ناخۆشبێت کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. ئەم جۆرە تاوانبارکردنە پڕوپاگەندەیەکی بێنرخ و ھەرزان و نائەخلاقییە. لەدیدی مندا ئەوەی پارتی پێوەی سەرقاڵە دروستکردنی دەوڵەتێک نییە شوێنی ھەموو ھێزەکان و ناوچەکانی ھەرێمی تێداببێتەوە. دەوڵەتێک نییە بتوانێت خۆی خۆی بژیەنێت و بپارێزێت، سەربەخۆبێت و بڕیارەکانی لەدەستی خۆیدا بێت. ئەوەی پارتی خەریکیەتی دووشەتە، یەکەم پاراستنی ئەو ھەموو دەسەڵاتە زۆرەیە کە ئەم ھێزە بە ٣٨ کورسی پەرلەمانییەوە ھەیەتی، دەسەڵاتێک خۆیان لەھەموو کەس باشتر دەزانن کە زۆر لە قەوارەی ڕاستەقینەی خۆیان گەورەترە. دووھەم، پاراستنی دەسەڵاتی بەسەرچووی بارزانییە وەک سەرۆکی ھەرێم، دوای ئەوەی مافی ئەم سەرۆکایەتیکردنەی لەدەستداوە. ئەم ستراتیژیە دووجەمسەرەیە وا لە نووسەرێکی سەر بە پارتی دەکات کە بنووسێت : ”هاتنی سوپای توركیا بۆ قووڵایی خاكی كوردستان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی كوردستان دەبێت" و ”بارزانی لە دووشاریشدا بێت دەوڵەتەکە ڕادەگەیەنێت". ھەموومان دەزانین چ وەھم و خۆخەڵەتاندنێکی گەورەیە چاوەڕوانی ئەوەبین سوپای تورکیا دەوڵەت بۆ کورد دروستبکات و ئەم دەوڵەتەش بپارێزێت، بەڵام جیاکردنەوەی ھەولێر و دھۆک لە شارەکانی تری ھەرێم و دامەزاردنی ئیمارەتێکی خێزانیی لەناویاندا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا، ئەگەرێکی واقیعییە.

26/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر