دوای ئەم ھەموو کوشتنە.. ڕوو لە کام ئاسمان بکەین؟

مه‌ریوان وریا قانع

لەدوای تاوانەکانی ھۆلۆکۆست و کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکانەوە، تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوفی ئەڵمانی، لە نووسینێکی ھێجگار بەناوبانگدا نووسیی "لەدوای ئەوشفیتز، واتە لەدوای تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکانەنەوە، نووسینی شیعر کارێکی بەربەریانەیە". کەی تاوانی گەورە ئەنجامدارا پێوسیتە قەڵەمەکان بێدەنگبن. ئەم دۆخە بەشێکە لە مێژووی نووسین و مێژووی کارەسات و مێژووی پەیوندیی ئەو دووانە بەیەکەوە. زۆرجار ڕوویداوە نووسەران و ڕۆشنبیران ھەست بە نائومێدییەکی قووڵ و بەرفراوان بکەن. لەبەردەمی گەورەیی تاوان و خراپەکارییەکاندا مانایەک بۆ نووسین نەدۆزنەوە. ھەست بەوە بکەن دونیا بە جۆرێ ناشیرین و بەربەریی بووە، ھیچ نووسێنک دادنادات و ھیچ کارێکی ھونەریی و ئەدەبیی کەڵکی نەماوە. لەم ناوچەیەی ئێمەدا ئەم ھەستە لەناو ڕۆشنبیران و نووسەرانی عەرەبدا بەڕادەیەکی گەورە بەھێز و بەرچاوە. ئەو ڕۆژەی یەکێک لە یەکەمین جیھادیستەکان بە ئوتمبیلێکی پڕ تەقەمەنییەوە لە ساڵی ١٩٨١دا لە بەیروت خۆی کرد بەناو سەفارەتی عێراقدا و خۆی تەقاندوە، یەکێک لەوانەی کوژرا بەلقیسی ژنی نزار قەبانی بوو، کە وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی لەو سەفارەدا کاریدەکرد. نزار قەبانی لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ”قەسیدەی بەلقیس"دا باسی لەوەکرد کە لەدوای کوشتنی بەلقیسەوە ھیچ مانایەک بۆ شیعرنووسین نامێنێتەوە. 

دوای پەلاماردانی ئیسرائیل بۆ لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢دا و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیەکەی ئارێل شارۆن لە کەمپی ”سەبرا و شاتیلا"دا و دوای ناچارکردنی چەکدارە فەلەستینییەکان بە بەجێھێشتنی لوبنان بەرەو تونس، مەحمود دەروێش لە قەسیدەیەکی درێژدا ھەمان ئەو غەمباریی و بێئومیدییەی ئەدۆرنۆ دووبارەکردوە و باس لەوەدەکات بۆ کوێ بڕۆین دوای ئەو ھەموو کارەسات و کوشتنە. لەھەمووشی گرنگتر لە کتێبی ”یاداوەریی بیرچوونەوەدا" کە ٥ ساڵ دوای ئەو ھێرشە دەینووسێت، باس لەوەدەکات چ سودێک لە نووسینی شیعردا ماوە لە ناو دونیایەک لە جەنگ و کوشتن و وێرانە ئینسناییە گەورەدا. 
لەدوای جەنگی ئەمریکا دژ بە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا و لە دوای ھاتنەکایەی ئەو ھەموو کوشتن و خوێن و وێرانکارییەی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ھاتەکایەوە، ئەدۆنیس، بەھەمان لۆژیکی ئەدۆرنۆ و مەحمود دەرویش، ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات ئایا نووسینی شیعر لە دونیایەکی لەو بابەتەدا چ سودێکی ھەیە، دونیایەک لە ھێرشێکی بەردەوامدایە بۆسەر ھەموو شتێک، لە ئینسانەوە بۆ نووسین. 
بۆ منی کوردیش کە سەیری کوشتن و بڕینە ڕۆژانییەکانی ناو کوردستان دەکەم، ھەستدەکەم دۆخێکی دەرونیی لەئارادایە کە پاڵ بە نووسەرانی کوردەوە بنێت ھەمان ئەو ڕوانینەی سەرەوەی ئەدۆرنۆ و دەروێش و ئەدۆنیس دووبارەبکەنەوە. ئایا لە دوای کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیی و وەدات و دکتۆر ھۆشیار و ، زۆرانێکی تر کە بەڕێوەن، نووسین ھیچ نرخێکی ماوە؟ دوای ئەم ھەمو وتاوان و کوشتنە شیعر و چیرۆک ڕۆمان نووسین، وتار و کاری فیکریی و تیوریی چ بەھا و نرخێکیان ماوە؟ لەدوای ئەو ھەموو دزیی و جەردەیی و برسیکردن و ڕاونان و سوکایەتییە، دوای ئەو ھەموو خیانەت و ناپاکییە، مرۆڤ بۆ بنووسێت؟ وەڵامی من بەم پرسیارانە ئەوەیە کە بەداخەوە ھیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بەردەوامبین. کەسمان ناتوانین بەرەو دواووە بگەڕێینەوە، ناتوانین میلەتێکی تر و سیاسەتمەداری تر و مێژوویەکی تر قەرزبکەین و لە ڕێگای ئەوانەوە خۆمان لە کوردبوون و کارەساتەکانی ڕزگاربکەین. وەکچۆن لەدوای ئەوشفیتزەوە شیعر ھەر نووسرا، لەدوای دەرکردنی فەلەستینییەکانەوە لە بەیروت مەحمود دەروێش لە نووسین نەکەوت، لەدوای تراژیدیاکانی دونیای عەرەبەوە ئەدۆنیس بێدەنگ نەبووە، بەھەمان شێوە ئێمەش ناتوانین و نابێت بێدەنگبین. یەکێک لە وەفادارییە گەورەکانمان بۆ سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات و دکتۆر ھۆشیار ئەوەیە بەردەوام بین. بنووسین، قسەبکەین، توڕەببین، ناڕەزاییدەرببڕین، بێدەنگنەبین. نەھێڵین نائوێمدمان بکەن، لێنەگەڕێین بەزین و شکست لەناوماندا بچێنین، شەتڵی ئومێدێک، ھەرچەندە بچووک و ناسکیش بێت، لەناو خۆماندا گەورەبکەین. ھەموو پاشکەشەیەک بۆ دواوە جۆرێکە لەبەشدارییکردن لە تاوانەکاندا، دەبێت بنووسین و قسەبکەین بۆئەوەی نەبین بە شەریکی تاوانەکانیان.


26/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر