سەردەشت عوسمان وەک بەڵێن، وەک ئەرک، وەک بەرپرسیارێتی

مه‌ریوان وریا قانع
حەوت ساڵ لەمەوبەر کە ماشێنە گەورەکەی تاوانکردن لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا سەردەشت عوسمانیان شەھید کرد من بە سەفەر بۆ کوردستان گەڕابوومەوە و لە سلێمانی بووم. دوانیوەڕۆ بوو کاتێک سەرم لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دا، کاک ئاسۆس ھەردیم لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزییەوە، تەواو شڵەژاو و پەست و بێئۆقرە بوو. کە لێم پرسی بۆ وا توڕە و خەمبار دیارە؟ لە وەڵامدا ووتی ئەو کوڕە گەنجەی لە ھەولێر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فڕاندبوویان ئەمڕۆ تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. من ئەو کاتە سەردەشت عوسمانم نەدەناسی، کاک ئاسۆس ھەردی بۆ یەکەمین جار بەسەرھاتی ئەوی بۆ گێڕایەوە. وەک زۆرێک لە گەنجانی دونیای دوای ڕاپەڕین، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە سەر بە خێزانە ھەژارەکان و سەر بەو ژینگە کۆمەڵایەتییەن کە دوورن لە ھەڵقە سەرەکیی و داخراوەکانی دەسەڵاتەوە، سەردەشت عوسمان، بڕێک لە نائومێدیی و دەریایەک لە دڵشکانی گەورەی بە کۆڵەوە بوو. بەشێک بوو لە نەوەیەک باش لەوە ئاگاداربوون کە شوێنیان لەنێوان نەخشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکانی دونیای دوای ڕاپەڕیندا نابێتەوە، نەخشەیەک کە پڕ کراوە لە لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی خێزانە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. 
سەردەشت عوسمان تا سپێدەی شەھیدکردنەکەی گەنجکێی خوێندەواری نەناسراوی ناو نیشتیمانێکی خەمبار و ئیھانەکراو بوو، خەونی بوون بە نووسەر و خواستی بەشداریکردن لە ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەیدا و خواستی گۆڕانی ئەو دونیایەی، لە سەردا بوو. شەھیدبوونەکەی کۆتایی بەم خەونانە و بە زۆر خەونی بچووک و گەوەتری ئەو کوڕە گەنجە ھێنا، کوژراو لاشەکەی بەھەموو خەون و چاوەڕوانیی و خوااتەکانییەوە نێژرا، بەڵام ھاوکات شەھیدبوونەکەی کردیی بە بەیەکێک لە ناوە ھەرە دیارەکانی مێژووی دوای ڕاپەڕینی کۆمەڵگای ئێمە. ئێستا وێنەکەی سەردەشت ئایکۆنێکی رەمزیی گەورەیە ھێما بۆ سەرجەمی دیاردە ناشیرینیەکان و ڕەھەندە قێزەوانەکانی ئەو دونیایە دەکات کە دەسەڵاتداران لە چارەکەسەدەی ڕابردوودا و لەڕێگای ئەنجامدانی سەدەھا تاوانی گەورەوە لە کوردستاندا دروستیانکردوە. وێنەکەی سەردەشت عوسمان ئەمڕۆکە بووە بە ڕووبەرێکی سیمبۆڵی کە تەماح و تاوان و بەدرەوشتییە بێسنوورەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، لە گشێتی خۆیدا، بەرجەستدەکات. ئەوەندە بەسە سەیری یەکێک لە وێنەکانی ئەم گەنجە شەھیدە بکەیت بۆئەوەی لەوە تێبگەیت چ کابوسێک لەو وڵاتەدا حوکمڕانە. لە مێژووشدا ھەروابووە، ھەندێک سەردەم ھەیە وێنەیەک تیایدا دەبێت بە شوناسی ئەو سەردەمە، لە نووسین و شیعر و ئەدەبیات و ھونەر و مۆسیقا زیاتر شوناسی ئەو ڕۆژگارەمان نیشانئەدات، لەیەک نیگادا ھێما بۆ دیوە بینراو و دیوە نەبینراوەکانی ئەو ڕۆژگارە دەکات، لە خەندەیەکدا مەترسیی و ھەڕەشە و تاوان و خراپەکارییەکانی ئەو مێژوومان نیشانئەدات. بەدیوێکی پێچەوانەشدا، ھەر بوونی وێنەکە خۆی، ڕۆحیەتی تەسلیمنەبوون و بڕوا بە تواناکانی مرۆڤ و خواستی بەرگیرکردنێکی ئەخلاقیی و سیاسیی بەرجەسدەتەکات، کە ئەمانەش وەک وزەیەکی نھێنی بەناو مێژوودا تێدەپەڕن و ھێڵێکی گەش لە ئومێد بە بەرچاومانەوە دەکێشێن. سەردەشت عوسمان بەرجەستەکەری ئەو وێنەیەیە، ئەمڕۆ ئەو کوڕە ئەو ئایکۆنەیە کە بە مەرگی خۆی ھەموو ئەو بەرپرسیاریەتییانەی مرۆڤ لەدوای بینینی تاوانە گەورەکانەوە دەکەێتە سەرشانی، خستۆە سەرشانمان. حیکایەتی سەردەشت تەنھا حیکایەتێکی خەمبار نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ وزەیەکی بەردەوام بۆ دروستبوونی مرۆڤی ئەخلاقیی و مرۆڤی بەرپرسیار. سەردەشت عوسمان ھەموومان دەخاتە بەردەمی پرسیارکردن لە مرۆڤبوونی خۆمان، ناچارماندەکات بیر لە خۆمان وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار و وەک مرۆڤێکی ئەخلاقی بکەیەنەوە. لەدوای شەھیدبوونی ئەم مرۆڤەوە ھاوکێشە ئەخلاقیی و ئینسانییەکە بەم شێوەیەیە: یان ئەوەتا شتێک لە ڕۆحی ئەو گەنجە لەناو مرۆڤبوونی خۆماندا دەچێنین، یان ئەوەتا وەک بیمارێک بەناو ساڵەکاندا تێدەپەڕین.
یەکێک لە خاڵە ھەرە پڕئومێدەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکە وزەی بەرھەمھێنانی کەسانی وەک سەردەشت عوسمانی تێدابووە و تێدایە. سەردەشت لەم ساڵە تاریکانەدا وەک وزەیەکی مێژوویی گەورە بۆ بەرگریکردن و بۆ ھەڵسوکەوتی بەرپرسیار و بۆ کردەی ئەخلاقییانەی مرۆڤ لەناو مێژوودا ئامادەیە، سەردەشت بەڵێنێکە بە دونیایەکی تر و جیاواز.

05/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر