ھەشت ڕاستیی سادە کە خەریکە درۆکردن لەناویاندەبات

مه‌ریوان وریا قانع
بەبۆنەی بێدەنگکردنی کوردناسی ئەمریکیی مایکل گونتەرەوە، Michael Gunter،
لەناو پەتای ئەو ریکلامکردنە گەورە و بەردەوامدا بۆ ریفراندۆم و لە پاڵ بڵاوکرادنەوەی خورافەتی پلان بۆدانراوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بەھەموو لایەکدا، تەم و مژێکی ئەستور دروستکراوە، دەیەوێت چاوی ئاسایی تەنانەت نەتوانێت بەرپێی خۆشی ببینێت. لەڕاستیدا ئەم تاریکاییە میدیایی و سیاسییە گەورەیە دەیەوێت مرۆڤ ھەر لە بنەڕەتەوە ھیچ نەبینێت. پیشەسازیی دروستکردنی وەھم و چاوەڕوانییە خورافیەکان لە ھەرێمدا یەک مەبەستیان ھەیە: بڵاوکردنەوەی درۆ و فریودانی بەمەبەستی ھەمووان بە ئامانجی بزرکردنی ھەموو سەرەداوێک کە بمانباتەوە ناو واقیعی سیاسیی ڕاستەقینەی ھەرێم. بۆ ئەوەی لەناو ئەم تەم و مژە گەورەیەدا بزرنەبین ھەوڵئەدەم لێرەدا ئەم ھەشت ڕاستییە سادەیە وەبییری ھەمووان بھێنمەوە:
یەکەم: سەرچاوەی یەکەم و ھەرە سەرەکیی قەیرانە سیاسییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان درێژەدانی نایاسایی و نابەرپرسیارانەی سەرۆکی ھەرێمە بە سەرۆکایەتییە ناشەرعییەکەی کە ساڵانێکە کۆتایی پێھاتوە. ھەموو کێشە سیاسییەکانی تری ناو ھەرێم لەم شاکێشە سەرەکییەوە سەرچاوەیان گرتوە و ئەم کێشەی سەرۆکایەتییە ژێرخانی سەرجەمی کێشەکانی دیکەیە. بارزانی لەباتی ھەشت ساڵ، وادەی یاسایی حوکمڕانی خۆی، بەرەو ئەوە دەڕوات دوانزاە ساڵ حوکمڕانبێت و کەسیش لەخۆی زیاتر بە شایستەی سەرۆکایەتی ھەرێم نازانێت. نەک ھەر ئەمە بارزانی ھەوادارەکانی وا فێرکردوە کە وەک ”سەرۆکی کوردستان" ناویببەن نەک ”سەرۆکی ھەرێم". 
دووھەم: پەرلەمانی کوردستان تیپی سێھەم و چوارەمی سیاسەتکردنە لە کوردستاندا، بۆیە تاوانبارکردنی پەرلەمان بەوەی بەرپرسی قەیرانە سیاسییەکانە، نەک تەنھا ھەڵەیەکی فیکریی و گوناھێکی سیاسیی و نابەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقییە، بەڵکو خۆدزینەوەیەکی ڕاستەوخۆشە لە ناونانی ڕاستەقینەی شاکێشەکە و لە پەنجە درێژکردن بۆ ئەو کەس و گروپەی کە ئەو دۆخە سیاسییەیان لە ھەرێمدا دروستکردوە. 
سێھەم: داخستنی پەرلەمان و ڕێگرتن لەوەی وەک تیپی سێھەمی سیاسەتکردنیش ئامادەبێت، ھێما بۆئەو ڕاستییە تاڵە دەکات کە ئەو سیستمە سیاسییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە، تەنھا دەتوانێت بە لۆژیکی دیوەخان بەردەوام بێت، دەنا بەرگەی ھیچ لۆژیکێکی سیاسیی تر ناگرێت کە بکەوێتە ئەودیوی لۆژیکی دیوەخانەوە. 
چوارھەم: لە ھەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەو ھەموو قیژەقیژەی ڕیفراندۆم و ئەو دەھۆڵکوتانە گەورەیە بۆ سەربەخۆیی سیاسیی، کەس ھێندەی ئەو نوخبە باڵادەستەی لە ھەولێر حوکمڕانە ئامادەی سازشکردنی سیاسیی نییە. ھەموو سەرە گەورەکانی سیاسەتکردن لە ھەولێردا بە ئاشکرا بە ھەموو دونیایان ووتوە، لەپێش ھەمووانەوە بە بەغدا، کە مەبەست لە ریفراندۆم دامەزرادندنی دەوڵەت و جیابوونەوە نییە، ریفراندۆم یەکساننییە بە دروستکردنی ماڵێکی سیاسیی سەربەخۆ. 
پێنجەم: لە ڕاستیدا لەپاڵ قیژەقیژی ڕیفراندۆمدا ئەو لانیکەمی کۆگیرەیەی کە لە ھەرێمدا لەھەندێک ئاستدا ھەبوو لەناوبراوە، ئێستا بە کردەوە، وەکچۆن پەرلەمانی کوردستان نەماوە، ئاواش شتێک بەناوی "حکومەتی ھەرێم"ەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە. ئەوەی ھەیە دەسەڵاتی پارتی و ماڵی بارزانییە لەپاڵ یەکێتیەکی نیشتیمانیدا (ی.ن.ک) کە وەک خوڵامێکی بچووک لەناو ھاوکێشەکاندا ئامادەیە. 
شەشەم: سەرجەمی قەیرانە ئابورییەکانی ھەرێم و دۆخی نالەباری بژێوی خەڵک و کۆمەڵگا و سەرجەمی قەرز و کارەساتە ئایندییەکانی ئابوریی کوردستان، کابینە زۆرەکانی نێچیرەوان بارزانیی و وەزیری نەوتەکەی، ئاشتی ھەورامی، لێی بەرپرسیارن. نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەم دو وپیاوە ئابوریی ئەو وڵاتە ئاراستە دەکەن و چۆنیان دەوێت بەوشێوەیە نەوتی ھەرێم دەردەھێنن و دەفرۆشن و کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان ئیمزا دەکەن. 
حەوتەم: ئەرکی سەرەکیی ئەو ماشێنە ئیعلامییە گەورەیەی لەھەرێمدا بەگەڕخراوە و ئەو لەشکرە لە میدیاکار کە بەرھەمھێنراون، ھەورەھا ئەرکی ئەو دەیان و سەدان نووسەرە بیانیی و کوردانەی کڕادراون و یان بێدەنگکراون، بەتایبەتی نووسەرانی کڕدراوی پارچەکانی تری کوردستان، ئەوەیە بەشداربن لەم پیشەسازیی بەرھەمھێانی تاریکییەدا و ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوە لە کۆمەڵگای کوردیی و دونیای دەرەوە، بشارنەوە. 
ھەشتەم: مەگەر کەسێکی وەک مایکڵ گونتەر، Michael Gunter، جار نەجار ئەوە بیری ئەم لەشکرە لە ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی جڵەوکراو بھێنێتەوە کە لە دونیادا کەسانێکی خاوەن ویژدان نەماوەنەتەوە درۆکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بکڕن و ئەزموونە سیاسییە سوڵتانییە خێزانییەکەی بە شایستەی قبووڵکردن بزانن. لەڕاستیدا کەسێک بە پارەی نەوت نەکڕدرابێت و بەپارەی نەوت عەقڵ و ویژدانی پەکنەخرابێت، ناتوناێت بەگریی لەو ئەزموونە وێرانەی حوکمڕانیی کردن بکات کە لەھەرێمدا دروستکراوە.

27/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر