تورکیاو ھەرێم: کۆمەڵێک چاڵە نەوت و سەربازگەیەکی گەورە

مه‌ریوان وریا قانع
ئەمڕۆکە گوتارێک لە ھەرێمدا کاردەکات وای نیشانئەدات تورکیا لەڕووی ئابورییەوە تەواو پشتی بە ھەرێم بەستوە ھەم بۆ ساغکردنەوەی شتومەکەکانی و ھەم بۆ ھێنانی پێویستییەکانیشی. ئەم پشتبەستنەش وادەکات تورکیا دروستبوونی دەوڵەتی کوردی قبووڵ بکات. سەرنجێکی خێرا لە بازاڕەکانی تورکیا لە دونیادا ئەوەمان بۆدەردەخات کە ئەم گوتارە پڕوپاگەندەیەکی سیاسیی ھەرزانە و تورکیا ھەرێم کەمتر وەک بازاڕێک و زیاتر وەک سەبازگە و کارتێکی سیاسیی دەبینێت. با سەیری ھەندێک ژمارە بکەین: 
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ بە بڕی نزیکەی ١٤٣ ملیار دۆلار، 142,6، شت و مەکی بە دونیای دەرەوە فرۆشتوە. لەم ١٤٣ ملیاردە تەنھا حەوت ملیارد و نیوی،7,6، لە عێراقدا فرۆشراوە، کە دەکاتە 5,4% سەرجەمی ھەناردەی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوە. ئەمەش مانای ئەوەی نزیکەی ٩٥ لە سەدەی ھەناردەی تورکیا ئەکەوێتە دەرەوەی بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە. بێگومان ڕێژەی ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق و کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ زیاتر بووە لە حەوت و نیو لە سەدا، تورکیا لەو ساڵانەدا بەبڕی نزیکەی ٨ ملیار دۆلار شت و مەکی تەنھا لە ھەرێمدا فرۆشتوە، بەڵام دیسانەوە ئەم ڕێژەیەش ھەر نزیکەی ٥ لە سەدی ڕێژەی ھەناردەی تورکیایە بۆ دونیای دەرەوە. لەدوای ٢٠١٤شەوە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەڕێژەیەکی زۆر دادەبەزێت، بازاڕی ھەرێمیش لەبەردەم ھەناردەی تورکیادا بچووکتردەبێتەوە، بەجۆرێک سەرجەمی ھەناردەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ھەموو عێراقی بە ھەرێمیشەوە بریتیبووە لە بڕی ٧ ملیار و نیو دۆلار. 
ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن ھەرێم یەکێکە لە ژمارەیەکی زۆر لەو بازاڕانەی کە تورکیا لە دونیادا ھەیەتی بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانی، بە بەراوردیش بە سەرجەمی بازاڕەکانی تری ھەناردەی تورکیا، بازاڕی ھەرێم بازاڕێکی بچووکە و نزیکەی ٩٥ لە سەدی شت و مەکی تورکیا بۆ شوێنانی تر دەنێردرێت جیاواز لە ھەرێم. 
ھەرچی ھاوردەی تورکیایە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڕەکەی نزیکەی سەد و نەوەد و ھەشت و نیو ملیار دۆلار بووە، ١٩٨،٦ ملیار دۆلار، کە ئەمە پەنجا لە سەدی لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە ھاتووە، سی و چوار لە سەدی لە وڵاتە ئاسیاوییەکانەوە و شەش و نیو لە سەدی لە ئەمریکاوە و نزیکی سێ لە سەدیشی لە ئەفریقاوە. ئەوەی تورکیا لە ھەرێمەوە ئەیھێنت نەوتە، بەڵام ئەمەش بەو ڕادەیە نییە پێمانوابێت ئابوریی تورکیا لەسەر نەوتی ھەرێم پەکی کەوتبێت. 
بە کورتییەکەی ھەرێم گەرچی یەکێکە لە بازاڕەکانی ھەناردە و ھێنانی تورکیا و گەرچی تورکیا بە نرخێکی ھەرزان بڕێک لە نەوتی ھەرێمی دەستدەکەوێت، بەڵام ھەناردەی ھەرێم بۆ تورکیا ھێندە گەورە نییە، تورکیا بەبێ ھەرێم پشتی بشکێت. گرنگی ھەرێم بۆ تورکیا، بە پلەی یەکەم، گرنگییەکی سیاسییە نەک ئابوریی. ڕاستە ھەرێم بۆ تورکیا کۆمەڵێک چاڵە نەوتی ھەرزانە، بەڵام لەمە گرنگترە سەربازگەیەکی گەورەیە کە لێیەوە یارییە ئیقلیمییەکانی دەکات. ھاوکات تورکیا دەخوازێت لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی ھەرێمەوە تەواوی گەشەکردنەکانی مەسەلەی کورد لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵ بکات و بەوشێوەیە ئاراستەی بکات کە لەگەڵ فۆبیاکانی خۆیدا لە مەسەلەی کورد بگونجێت.

25/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر