دونیای ئێمە بۆ ناگۆڕێت بەرەو باشتر؟ وەبیرھێنانەوەیەکی سادە

مه‌ریوان وریا قانع
بەپێچەوانەی ئەو بۆچونەوە کە زۆرانێک لە دونیای ئێمەدا بێماندووبوون ھەزاربارەی دەکەنەوە: کێشەی سەرەکیی دونیای ئێمە ئەوە نییە کە کۆمەڵگاکەمان خاوەنی فەرھەنگێکی دواکەوتووە، یان خاوەنی دینێکی خراپە، یان ئابورییەکی دواکەوتوی ھەیە، یان شارەزامان نییە و نازانین چۆن سەروەت و سامانی نیشتیمانیان ڕێکبخەین، یان سیستمێکی ئەخلاقیی دژەپێشکەوتن و دژەتازەبوونەوەمان ھەیە، یان سیستمی خوێندن و پەروەردە لە دونیای ئێمەدا سیستمێکی دواکەوتو و بێکەڵکە و نەمانتوانیوە لە پێشکەوتنی بەشەکانی تری دونیا سودوەربگرین.
ھەموو ئەمانە شتێک لە ڕاستییان تێدایە، بەشێکن لەو کێشانەی کە ھەن و ئامادەن، پێویستیان بە داڕشتنەوە و گۆڕان و تازەبوونەوە ھەیە، بەڵام ئەوەی پێویستە لای ھەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە ئاشکرابێت ئەوەیە، ھیچ یەکێک لەو شتانە لە ناو بۆشاییدا ئامادەنییە، بێ ژینگە و سیاقێکی مێژوویی و سیاسیی دیاریکراو نییە، دابڕاو نییە لە کۆمەڵێک ھاوکێشەی ھێز و دەسەڵات و لە ئامادەگیی کۆمەڵێک تەماح و خواستیی زۆر تایبەت. بەبۆچونی من ھەریەکێک لەو کێشانە ھەوای ژیان و مانەوە و بەردەوامبوونی خۆی لەو ژینگە سیاسییەوە وەردەگرێت کە دروستکراوە. ئەوە سیستمە سیاسییەکەیە بەردەوامیی بە ھەر یەکێک لەو کێشانە دەبەخشێت، ژینگەی مانەوە و بەردەوامبوونیان دروستدەکات، ھەندێکیان بە مەبەست بەھێزدەکات و ھەندێکی تریان دوای لاوازبوونێکی مێژوویی و ڕێژەیی سەرلەنوێ بەھێز و زیندوو دەکاتەوە. ئەوە سیستمە سیاسییەکەیە کە سیستمە ئەخلاقییەکان و ڕوانینە دینییەکان و چۆنیەتی ڕێکخستن و داڕشتنی سیستمی پەروەردە و چۆنیەتی ڕێکخستنی ئابوریی و چییەتی سیستمی خوێندن و پەروەردە ئاراستەدەکات و بەوشێوەیە دایاندەڕێژێت و بەرھمیاندەھێنێتەوە کە لەگەڵ خواست و تەماحە سیاسییەکانی خۆیدا بگونجێت، لە خزمەتی مانەوە و بەردەوامبوونی ئەو گروپە دەسەڵاتدارەدا بێت کە بۆ مانەوەیان پێویستیان بە ژینگەیەکی دواکەوتو و گەندەڵ و بێخواستی ڕاستەقینەی گۆڕان و تازەبوونەوە ھەیە و ھەرھێزێکیش بیر لە گۆڕانی ئەو ژینگەیە بکاتەوە وەک ھێزێکی نەیارو دوژمن و مەترسییەکی گەورە وێنایبکەن.
بۆ نموونە، تێکچوونی ئابوریی ھەرێم بڕیاری سیاسیی لێیبەرپرسیارە، تێکچوونی سیستمی خوێندن بڕیاری سیاسیی لێی بەرپرسیارە، گەشەی سەرەتانیانەی ئاین، بەتایبەتی لە چاپە سەلەفیەکەیدا، سیستمە سیاسییەکە لێیبەرپرسیارە، بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و بەدئەخلاقیی و ئەنانیەتی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیاتی بەرخۆرییی، ھەر سیستمە سیاسییەکە لێی بەرپرسیارە. ھیچ کایەیەک لەم کایانە بەپێی لۆژیکی ناوەکیی خۆی کارناکات، نە ئابوریی، نە پەروەردە، نە دین نە ئەخلاق وەک کایەی سەربەخۆ ئامادەنین و کارناکەن، بەڵکو لۆژیکی سیاسیی حوکمڕانانی وەڵات لە دەرەوەڕا ئاراستەیان دەکات و لەدەرەوەڕا دەستێکی شێوێنەرانەیان تێدەخات. لەدوا دەرەنجامیشدا بەو شێوەیە دایاندەڕێژێتەوە و سەروەریان دەکات کە لەگەڵ تەماحە سیاسیی و دەسەڵاتگەرەکانی خۆیدا بگونجێت. بۆیە بەبێ گۆڕانکاریی سیاسیی و بەبێ داڕشتنەوە و گۆڕانێکی بنەڕەتیی لە کایەی سیاسیدا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە بوارەکانی دیکە نەک زەحمەتە، بەڵکو لە مەحاڵ نزیکە.


10/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر