پێنج خاڵی سەرەکیی کە شایانی لەسەروەستانن.
یەکەم: ھێشتا لای ھێزە حوکمڕانەکانی ھەرێم ئەو ھەستە دروستنەبووە چ شکستێکی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی گەورەیان دروستکردوە و چ دۆخێکی کارەستائامێزیان لە ھەرێمدا بەرھەمھێناوە. ڕەنگە لە قووڵایی خۆیاندا ھەست بەو ھەڵە ستراتیژییە یەک لەدوای یەکانە بکەن کە کردویانە، بەڵام ئەوەی گومانی تێدانییە ئەوەیە کە ئامادەنین بەرپرسیارێتیی ئەو ھەڵە و شکستانە ھەڵبگرن. تا ئێستاش ئەم ھێزانە ڕوویان دێت کۆبوونەوەی ”مەکتەب سیاسیی"ەکانیان و ”سەرکردایەتییە پێکەوەیی"اکانیان بەھەمان ریتم و رۆتینی جاران ئەنجامبدەن و واش ھەڵسوکەوت بکەن وەک ئەوەی ھیچ لە وڵاتەکەدا ڕووی نەدابێت. بەھێمنیش کار بۆ دروستکردنەوەی ھەمان تاس.و ھەمان حەمامی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی، جاران بکەنەوە.
دووھەم: حوکمڕانانی ھەرێم لەمێژە نابینان و توانای تێبینیکردنی سادەترین ڕووداوەکانی دونیای ئێمەیان نەماوە، بەڵام نەبینینی ئەمجارەیان تەنھا پەیوەیدنی بە توانای چاوەکانی ئەوانەوە بۆ بینین نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە نەمانی تەواوەتیی لانی ھەرە ھەرە کەمی شەرمی سیاسیی و ئەخلاقییەوە ھەیە. نەمانێک وادەکات ئەمانە دوای کارەسات و شکستە گەورەکانیش باوێشکی سیاسیی نوێ بدەن و یەکتری بۆ کۆبوونەوە بێماناکانیان بانگبکەن، تەمەنی پەرلەمانە ناشەرعییەکەیان درێژبکەنەوە و وەک ماشێنێکی قورمیشکراویش ھەدنێک لە دەزگاکانیان بخەنەوەگەڕ. ھەمووان دەزانین دیاردەی نەمانی شەرمی سیاسیی و ئەخلاقیی لە مێژە یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا. بەڵام مانگێک دوای ڕیفراندۆم و دەرنجامە وێرانکەرەکانی، ئەم شەرمکردنە بە ئاستێکی خورافیی گەیشتوە و لە ھەموو کاتێک بەھێزتر و بەرچاوترە.
سێھەم: لەمڕۆدا ھەندێک جوڵەی سیاسیی سەرەتایی لە ئارادایە کە خوازیاری دروستکردنی نەخشەڕێگایەکی سیاسەتێکی نوێن لە ھەرێمدا، بەڵام تا ئەم ساتە ئەم جوڵەیە ھەم لاوازە، ھەم زۆر سستە و ھەم پێدەچێت لە گرنگیی ساتەوەختە مێژوویەکە تێنەگەن. پێشدەچێت زۆرینەشیان نووقمی ناو نارسیزمی سیاسیی تاکەکەسیی و حیساباتی بچووکیی گروپگەرایی خۆیانبن. ڕاستە ھێزەکانی ناو ئەم جوڵە تازەیە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی و فیکرییەوە لەیەکتری جیاوازن، بەڵام بەشی ئەوەندە ناشیرینیی و کارەساتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی لە ئەزموونی ئەمڕۆکەی ھەرێمدا ھەن، کە وابکات ئەم ھێزانە لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، بەرە یان ”بلۆکێکی مێژوویی" دروستبکەن. بە دیوێکی دیکەدا پێدەچێت کایەی سیاسیی لە ھەرێمدا بەرەو دابەشبوونی نوێ و ھەڵوەشاندنەوەی گەورە بچێت، کە ئەمەش ڕەنگە بتوانێت ئەگەری دروستکردنی ئەم ”بلۆکە مێژوویی"ە گەورەتربکات.
چوارھەم: دوای مانگێک لە ڕیفراندۆم بۆ ھەمووان زەلیلیی و خورافەتی سەرجەمی ئەو لێکدانەوانە ئاشکرایە کە باسیان لە ”گۆڕانی جیۆلۆپۆلیتیکیی ناوچەکە" و ”کۆتایی سایکس پیکۆ" و ”حەتمیەتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی" دەکرد، ئەو خورافەتەش ئاشکرابوو کە باسی لە ”ھاوسێیەتی باش"ی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکرد و وایدەزانی بە وتنی ”بەڵێ"یەک لەسەر کاغەز، نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕێت و عێراق و ئێران و تورکیاش، لە دوا دەرەنجامدا، دەبنە کۆمەڵە ”ھاوسێ"یەکی ھێمن و ھاریکاری ھەرێم. پەلاماری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نیشانیداین سەرجەمی ئەو لەشکرە لە ”خوێندەوار" و ”شیکەرەوەی غەیبانیی" لە چ ھەژارییەکی سیاسیی و لە چ قوڕولیتاوێکی فیکریی قووڵدا دەژیان، ئێستا دەبینین ئەمانە چ خورافەتێکی گەورەیان خستبووە شوێنی سادەترین لێکدانەوەی عەقڵانیی سارد و سڕی پەیوەندییەکان و ھاوکێشەکان.
پێنجەم: وەکچۆن ”شەرمی سیاسیی" لای نوخبە حوکمڕانەکەی ھەرێم نەماوە، بەھەمانشێوە ”شەرمی ڕۆشنبیریی"ش لای بەشێکی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانە نەماوە کە من چەند ساڵێک لەمەوبەر لە نووسینێکدا بە ”ڕۆشنبیرانی بەیعە” ناونوسم کردن. ئەم گروپە بەیعەچییە، تێکەڵێکی سەیرن لە ”چەپگەری منداڵبازاڕ”، بە گوتە بەناوبانگەکەی لێنین ، لە ”کۆمۆنیستی بێفیکر" و لە ”ڕۆشنبیریی ناسیۆنالیستیی خورافیی" کە لوتکەی لێکدانەوەکەیان ئەوەبوو بە ماکگۆرک بڵێن با ”گوو بخوات". دەڵێم ئەم گوردانە گەورەیە لەباتی ئەوەی بێدەنگبن و بە دید و ڕوانینە خورافییەکانی خۆیاندا بچنەوە، لەباتی ئەوەی پرسیاری ئەخلاقیی بەڕووی عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی بەیعەبەخشینی خۆیان و ھاوشێوەکانیاندا بەرزبکەنەوە، بەکورتیی، لەباتی ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و فیکریی ھەرەسی سەرتاسەریی شیکردنەوەکانیان ھەڵبگرن، کەچی بێ ھیچ شەرمکردنێک و وەک جاران دەدوێن و وەک سیاسییەکان درێژە بە خورافەتە زۆرەکانی ناو عەقڵیەتی غەیبانیی خۆیان ئەدەن. لە وڵاتی ئێمەدا شکانی شەرمی سیاسیی و شەرمی ڕۆشنبریی دوانەیەکی لەیەکدی دانەبڕاون. ئەوەشی لە ئاستە ڕۆشنبیرییەکەیدا لەم شکانە بەرپرسیارە گروپە جیاوازەکانی ”ڕۆشنبیری بەیعە"ن، کە لەپشتی زەخرەفەکانی زمان و ناعەقڵانیەتی گوتارە حەماسییە ناسیۆنالیستیی و گەردونگەرایی بێناوەرۆکەکانیانەوە، ھەم خۆیان دەشارنەوە، ھەم ڕێیان لە شیکردنەوەیەکی ورد و ھێمنی دونیای ئێمە گرتوە و دەگرن.