شتێک نەماوە بەناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە

مه‌ریوان وریا قانع

نزیکەی دە ساڵێک لەمەوبەر من چەندجارێک باسم لەوەکرد کە شتێک بەناوی مەسەلەی کوردەوە لە ھەرێمدا نەماوە، ئەوەی ھەیە کۆمەڵێک پرۆژەی بازرگانیی و سوڵتانی تایبەتە. لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٦ دا چەند خوێنەرێک پرسیاری ئەوەیان لەمن کرد ئایا من بە وردیی  بە چ مانایەک باس لە نەمانی شتێک بەناوی مەسەلەی کوردەوە دەکەم. ئەودەم ئەم وەڵامەی لای خوارەوەم  بەو پرسیارە دایەوە. وا ئێستا چەند ساڵێک دواتر سیاسییەکی ناو بازنە داخراوەکەی سیاسەتی کوردیی ھەمان قسەدەکات. مەبەستم ئەو قسانەی دکتۆر مەحمودە. ئەمەش بۆچوونەکەی من:

”چەند خوێنەرێک نامەی تایبەتییان بۆ نووسیوم و پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا بە چ مانایەک من دەڵێم ”لە ھەرێمدا شتێک بەناوی مەسەلەی کوردەوە نەماوە". ئایا من چ ڕوانینێکم بۆ ئەم مەسەلەیە ھەیە؟ لە وەڵامی ئەو خوێنەرانەدا دەمەوێت بڵێم. 

مەسەلەی کورد بەر لەھەموو شتێک مەسەلەی ھەڵکەندنی چەند چاڵە نەوتێک و ڕاکێشانی چەند بۆرییەکی غاز بۆ تورکیا و ئێران نییە. مەسەلەی کورد پرۆژەیەکی ئابوریی و بازرگانیی نییە و ئەوە نییە نەوت بە کوێ و کام لایەن بفرۆشین. ھەروەھا مەسەلەی دروستکردنی ئاڵایەک نییە لە بۆنە ڕەسمییەکاندا بەرزبکرێتەوە، ”ئەی ڕەقیب"ێکیش نییە لەدوای داگیرسانی حەماسەتێکی کاتییەوە  بیڵێینەوە. ھەروەھا مەسەلەی باسکردنی موسمییانەی ئەم یان ئەو داخوازیی سیاسیی نییە کە خودی باسکردنەکە بەشێکبێت لە یاریکردن بە یاداوەریی برینداریی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا، بەتایبەتی داخوازی ”دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی" کە نەک تەنھا کورتکرابێتەوە بۆ دروشمێکی بەتاڵ و دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ناشیریننە تۆقێنەرەکانی ناو ھەرێم، بەڵکو بووشبێت بە ھەڕەشەیەکی دابڕاو لەھەموو توانا و ئەگەر و کارکردنێکی ڕاستەقینە بۆ دامەزراندنی، ئینجا گرێدانیشی بە سایکۆلۆژیای تایبەتیی ئەم یان ئەو سیاسیی کوردەوە.

کاتێک من باس لە ”مەسەلەی کورد" دەکەم باس لەو شتانەی سەرەوە ناکەم، بەڵکو باس لە ”مەسەلەی دانیپانان" دەکەم، داننان بە مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئینسانییەکانی گەلی کوردستاندا. داننان بە مرۆڤی ئەم دەڤەرەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت، وەک کەسێک نەکرێت و نەتوانرێت مرۆڤبوونی بێنرخ و بریندار و پێشێل بکرێت،  یان وەک بوونەوەرێکی پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار مامەڵەبکرێت.

مەسەلەی کورد وەک دانپیانان کورتیش نابێتەوە تەنھا بۆ دانپیانانی ھێزە دەرەکییەکان بەم مەسەلەیەدا، تەنھا دانپیانانێک نییە پێوسیتە دەوڵەتە مەرکەزییەکانی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دەستەبەریبکەن، بەڵکو دانپیانانێکە، بەر لەوان، پێویستە لەناوخۆی کوردستاندا و سەرجەمی ھێزە کوردییەکان خۆیان قبووڵ و پیادەیبکەن.

ئەوەی ئێمە لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بینیومانە وێرانکردنێکی ھەمەلایەنی ئەم پرۆژەی دانپیانانە و دروستکردنی ھەندێک زۆنی مۆنۆپۆڵکراوی دەرەبەگانە و ئیمارەتی سوڵتانییە کە لەشکرێک ئەمیر و ئەمیرەی تازەیان لە کوردستاندا دروستکردوە، بەرامبەر بە میلەتێکی بێئیش و بێئومێد و بێئایندە. ئەوەی دروستکراوە ”گێتۆی کۆمەڵایەتیی" و ”گەڕەکی فیرعەونیی" و ”مەقاماتی سوڵتانیی" تایبەتە، کە ھەندێک کەس و خێزان و بنەماڵە بۆ خۆیان و نەوەکانیان دروستکردوە، لەپاڵ زۆرینەیەکی بێماف و بێنرخ و بێئومێددا. 

نەمانی شتێک بەناوی ”مەسەلەی کوردەوە" دوو مانای سەرەکیی ھەیە: یەکەم خیانەت و ناپاکییەکی گەورە و فرەلایەن بەرامبەر بەو پرنسیپی دانپیانانەی باسمکرد. دووھەمیان، دروستکردنی دونیایەک کە کۆپییەکی تەواوی دونیای داگیرکەرانە و لۆژیکی داگیکردن و کۆڵۆنیاڵکردن دەیباتبەڕێوە. لە مانا ھەرە سادەکەیەدا مانای گۆڕانی شۆڕشە بۆ دژەشۆڕش و گۆڕانی بکەرەکانی شۆڕشە بۆ جەلاد و سەرمایەدار و ستمەگەرەکانی ئەمڕۆ.

ئەپریلی ٢٠١٦

31/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر