گوتراوە گەورەکان: مردنی خودا

مه‌ریوان وریا قانع
”ئێمە خودامان کوشت، من و تۆ و ھەموومان بکوژەکەی ئەوین"
نیتشە

یەکێک لە تێزە فیکرییە ھەرە سەرەکییەکانی ناو فیکری نیتشە تێزی مردنی خودایە. ئایا مانا سەرەکییەکانی ئەم مردنە چییە؟ 
بەر لە ھەموو شتێک مردنی خودا مردنی فیزیایی ئەو نییە، بەڵکو مردنێکی فەرھەنگییە. مانای دروستبوونی فەرھەنگ و ھاتنەکایەی دونیایەکی تازەیە کە تیایاندا دین ئەو ھێز و توانایەی جارانی نامێنێت. ئەم فەرھەنگ و دونیا تازەیەش فەرھەنگی مۆدێرن و دونیای مۆدێرنە، کە نیتشە دروستبوونی سەرەتاکانیان لە سەدەی نۆزدەھەمدا دەبینێت. نیتشە پێیوایە خودا و دین ئەو مانایانەی نەماوە کە بۆ مرۆڤەکانی بەر لە دونیای مۆدێرن ھەیانبووە. ئەگەر خودا لەناو سیستمە ئەخلاقیی و بەھاییەکانی ناو دونیای سونەتیدا گەورەترین بەھا بووبێت، ئەوا ”مردنی خودا" ھێما بۆ کەمبوونەوەی نرخی ئەو بەھا سەرەکییە دەکات. لە دونیای مۆدێرندا ”بەھای سەرەکیی" بێبەھا دەبێت، ئەو ”چوارچێوە ئەخلاقییە" وێراندەبێت کە خودا سێنتەرەکەی و دین ژێرخانە سایکۆلۆژیی و ویژدانییەکەی بووە. 

بەڵام وێرانبوونی ئەم بەھا سەرەکییە و تێکچوونی ئەم ژێرخانە ئەخلاقییە، مانای کۆتایی سیستمی بەھاکان و سیستمی نرخەکان نییە، مانای ئەوە نییە کە ئیتر ئەخلاق و بەھاکان بوونیان نامێنێت، بەڵکو مانای ئەوەیە  سیستمە ئەخلاقیی و نۆرم و بەھاکان، ئەو ژێرخانە میتافیزکییە ئاسمانییە لە دەستئەدەن کە پێشتر ھەیانبووە. ھاوکات ئەو مەعریفە و زانیارییانەی کە لەسەر گەردون لە پاڵ بوونی خودا دا ھەبوون و دروستبووبوون، ئەوانیش پەراوێزدەبن.  بەم شێوەیە مردنی خودا مانای لە دایکبوونی پرنسیپێکی تازە کە لەڕێگایەوە شوناسی ئەو سەردەمە تازەیە دەستنیشاندەکرێت کە لەدایکبووە، ئەم مردنە دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین لەو دونیای لە ئێستادا و بەبەرچاومانەوە دروستدەبێت. 

لەسەرێکی دیکەوە مردنی خودا تەنھا شتێکمان لەسەر دین و خوداناسیی و دینداریی پێناڵێت، تەنھا ھێما بۆ کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەوان لە ژیاندا ناکات، بەڵکو ھاوکات شتێکی گەورەشمان لەسەر ئەو چوارچێوە سەرەکییانە پێدەڵێت کە لە دونیای مۆدێرندا، لە دونیای دوای مردنی خودادا، لەدایکدەبن. بۆ نموونە لە ئاستی پرسیارکردندا مردنی خودا مانای کۆتایی وەڵام بە پرسیاریی ”بۆ"؟ یان پرسیاری ”لەبەرچی" یە؟ بەڵکو شوێنگرتنەوەی بە پرسیاریی چۆن؟ ئیتر پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە، بۆ زەوی یان ئاسمان یان مرۆڤ دروستکراوە؟ بەڵکو ئەوەیە ئینسان و زەوی چۆن دروستبوون و چ جۆرە بوونێکیان ھەیە. 

پرسیاری سەرەکیی لە پەیوەندیدا بە مردنی خوداوە ئەوەیە ئایا چی خودای کوشت؟ کێ کوشتی؟ لە ڕاستیدا دوو شت لەسەدەی نۆزدەھەمدا خودا دەکوژن. یەکەمیان داروین و داروینزمە و دووھەمیان زانست و تەکنۆلۆژیایە. داروین حیکایەتە ئاینییەکەی دروستبوونی ژیان و مرۆڤ ئەنێژێت، لەکاتێکدا بەر لە داروین کەسانێکی وەک گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس تەنھا شەپازلەیەک لەو حیکایەتە ئاینییە ئەدەن. زانست و تەکنۆلۆژیاش دونیا لە سیحر و نھێنیی و مەبەستە گریمانکراوەکانی بوون و دروستکردنی دادەماڵێت و دەیگۆڕن بە کۆمەڵێک میکانیزم و ئامێر و ژمارە و ماتمایک. 

لەسەرێکی دیکەوە مردنی خوادا مانای تەنھاکەوتنێکی قووڵ و ھەمەلایەنی مرۆڤ خۆشی دەگەیەنێت، لەدوای ئەم مردنەوە مرۆڤ لەناو جیھان و گەردوندا وەک بوونەوەرێکی تەنھا و بێ پەنا و بێ دۆستێکی میتافیزیکی و ئاسمانی دەمێنێتەوە، بەبێ ھێزێک لە دەرەوەی خۆیدا کە بتوانێت بەدەمیەوە بچێت و وەڵامی پرسیار و گومان و دڵەڕاوکێ و تەحەداکانی بداتەوە. مردنی خودا مانای لەدایکبوونی جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ کە خۆی دەبێت بە سەرچاوە و بە مەرجەعی ژیان و بوون و بیرکردنەوە و نۆرم و بەھاکانی خۆی. 
ھەموو ئەمانەش بەسەریەکەوە مانای ناشتن و بەخاکسپاردنی دونیایەک و دروستکردنی دونیایەکی تر، پەککەوتنی سیستمێکی ئەخلاقیی و بەھایی و پێداویستیی دروستکردنی ئەخلاق و بەھای تازە. 

لە دوای مردنی خوداوە ئەرکی سەرەکی مرۆڤ بریتییە لە سەرلەنوێ ھەڵسەنگاندنەوە و نرخاندنەوەی سەرجەمی ئەو بەھایانەی کە بە گریمانەی بوونی خودا و بوونی موفاریق و میتافیزیکەوە گرێدراوە.  لای نیتشە مرۆڤی دوای مردنی خودا مرۆڤێکە پێویستە خۆی بێت، خۆی بوون و شوناس و مانای خۆی دروستبکات و ژیانی خۆشی بەشێوەیەکی چالاک و سەرچڵ و چڕ بژی.

20/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر