ئیلھام ئەحمەد لەبەرچاوی جیھاندا

مه‌ریوان وریا قانع



لە دونیای ئەمڕۆدا یەکێک لە ستراتیژیەتە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی میلەتانی چەوساوەی وەک ئێمە، بریتییە لە گەیشتن بە جیھان، لە گەیشتن بە ئەوانیتر، بەو بەشەی جیھان کە تا ئێستاش ناوی مرۆڤایەتییە. لەم گەیشتن بە جیھانەدا دوو ڕەھەند زۆر گرنگە. یەکەمیان ئەوەیە کە ببینرێت، لەبەردەمی جیھاندا دەربکەویت، ڕێگر و بەربەستەکان ببەزێنیت و بگەیتە بەرچاوی جیھان.. ئێدوارد سەعید کە باس لە مێژووی خەباتی فەلەستینیەکان دەکات لەوە ئەدوێت ئەم مێژووە بەردەوام یەک ئارەزووی ھەبووە، ئارەزوی ئەوەی جیھان فەلستینیەکان ببینێت. جگە لە بینین ڕەھەندێکی دیکەش پێویستە، ڕەھەندی ئەوەی کە ببیسترێیت. چونکە بینین بەتەنھا بەس نییە، تەنھا بڵاوبووونەوەی وێنە و دیمەنەکان بە جیھاندا بەس نین، بەڵکو پێویستە بشبیسترێیت. جیھان تەنھا وێنەی تاوانەکان نەبینێت، بەڵکو ئەو حیکایەتانەش ببیسێت کە لەپاڵ ئەو تاوانانەدا دەگێڕدرێنەوە. تێکەڵکردنی ئەم دوو ستراتیژە کاری ورد و ڕۆژانە و بەردەوامی دەوێت.

 
شتێک کە لە بینین و بیستندا پێیوستە ئاگاداریبین ئەوەیە وێنەی ئێمە بۆ دەرەوە تەنھا وێنەی قوربانییەکی ئەبەدیی نەبێت، تەنھا وێنەی وێرانکاریی و خوێنڕشتن و پەلاماردانەکان نەبێت، بەڵکو ھاوکات وێنەی ئیرادەیەکی گەورەی تەسلیمنەبوون و بەرەنگاربوونەوە بێت، تێکەڵ بە ئیرادەی چێژوەرگرتن و خۆشویستنێکی ھەمەلایەنەی ژیان. ئەوەی دەچێتە دەرەوە تێکەڵێک بێت لە برین و کۆڵەندان، لە کارەسات و ئارەزووی ژیان، لە بەرەنگاریی و سەما. گرنگە وێنەی میلەتی ئێمە وەک میلەتێکی چەوساوە، تێکەڵبێت بە وێنەی میلەتێکی سەماکەر، مۆسیقاژەن، سەیرانکەر. لەوکاتەدا کە وێنەی منداڵێکی کوژراومان بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە ھەوڵبدەین وێنەی مناڵێکیشمان کە سەمادەکات و لە ئاسمان ڕادەمێنێت، وێنەی کچێک کە خەریکە مۆسیقا دەژەنێت، وێنەی ئاگرێک لە شاخەکاندا کە بەدەوریدا خەڵکانێک کۆبوونەتەوە و گۆرانی دەڵێن، بەیەکەوە بچنە دەرەوە، یان بەیەکەوە لەسەر شەقام و گۆڕەپانی شارە گەورەکانی جیھان ئامادەبن. بە مانایەکی تر پێویستە ئاگادارین ”چوارچێوەیەکی پاسیڤ“، passive frame، بۆ دەرکەوتنمان لە جیھاندا دروستنەبێت.

 
بینین و بیستنی ئیلھام ئەحمەد، خانمێکی شۆڕشگێڕ و سادە، تێکۆشەرێکی ھێمن و کەمدوو، لە کۆنگرێسی ئەمریکییدا، ئەو ستراتیژە سیاسییە ڕاستەقینە و تەندروستەیە بۆ بیستن و دەرکەوتن لە جیھاندا. ئەم خانمە یەکێکە لە سەربازە سادەکانی ئەو مەسەلەیەی خۆی و دەیان ھەزار کەسی تر خەباتی بۆ دەکەن. سەربازێکی سادە و دڵسۆز کە نەپشکی لە بازرگانی نەوتدا ھەیە و نە کۆمپانیا و بازاڕ و لەشکری تایبەت. ئەم نە مناڵی ئەم بنەماڵەی سیاسیی و نە کچی ئەو خێزانی سوڵتانییە. ژنێکی سادەیە و بەناوی مەسەلەیەکی ڕەواوە لە جیھاندا دەردەکەێت و دەبینرێت. بیستن و دەرکەوتنی ئەم خانمە بیستن و دەرکەوتنی عەشیرەت و خێڵێک نییە لەسەر سەحنەی جیھان، کورتکردنەوەی مەسەلەکەی نییە بۆ مەسەلەی ئەم یان ئەو خێزانی سیاسیی. ئامادەبوونەکەی ئامادەبوونی چەند کەسێکی ناو بنەماڵەیەکی سیاسیی نییە لەباتی ھەمووان. دەرکەوتنی ئەم خانمە دەرکەوتن و بیستنی مەسەلەی کۆمەڵگایەکی غەدرلێکراوە لە باشترین و ئینسانتیرن و سیاسیترین شێوەیدا.


24/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر