لە”کۆرۆنای دینیی“ەوە بۆ کۆرۆنای بایۆلۆژیی: ١١ سێپتێمبەر بەشێوەیەکی تر

مه‌ریوان وریا قانع


ئەمەی خوارەوە دوو پەرەگرافە لە وتاری: ”جیھان لە دوای ١١ سێپتێمبەرەوە؟؟؟.“ کە ساڵی ٢٠٠١ لە پەیوەندیدا بە ڕووداوەکانی ١١ سێپتێمبەرەوە نووسیم. کە باس لەوەدەکات جیھان بەڕادەیەک بچووکبۆتەوە کە ھەڕەشەکانی ناوی، دینیی، بایۆلۆژیی، ئابوریی، ژینگەیی، بە ئاسانی لە بەشێکیەوە دەچێت بۆ بەشێکی تری. ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلمێنەری چەندنیاجارەی ئەم ڕوانینەیە بۆ جیھان.


””یەكێك لەو مەسەلە گرنگانەی ڕووداوەكانی ١١ سێپتێمبەر ئاشكرایانكرد ئەو ڕاستییەیە كە ئێمە لە جیهانێكی بچووكدا دەژین. لە جیهانێكدا تیایدا هەمووان دراوسێ و هاوسایە و هاونشینی یەكترین و ئەوەندە لە یەكدی نزیكین هەركەسێكمان بخوازێت، دەتوانێت ژیانی ئەویدیكەمان وێرانبكات و زیانی كوشندەش بە ئێستا و ئایندەمان بگەیەنێت. ١١ سێپتێمبەر نیشانیداین شتێك نەماوە ناوی لێكدابڕان و دووریی و داخرانبێت، گۆی زەوی وەك گشتێك بۆتە ماڵێكی گەورە كە دەشێت هەم وێرانیبكەین و هەم بیكەینە شوێنی پێكەوەژیانێكی پڕ متمانە، دەشێت پرۆژەی جەهەنەمێكی لێدروستبكەین و دەشێت بیشیكەینە باخێكی ئاسودە.“


”فەیلەسوفی ئەڵمانی و باوكی ڕۆششنگەری (ئیمانۆیل كانت) زیاد لە دووسەد ساڵ لەمەوبەر مرۆڤایەتی لەو ڕاستییە ئاگاداركردەوە كە جیهان بەرەو بچووكبوونەوەیەكی بێوێنە دەڕوات، بەرەو ڕۆژگارێك تیایدا بێقانونیكردن و نایەكسانی و ناعەدالەتی لە بەشێكیدا، كاریگەری ڕاستەوخۆ و كوشندەی بۆسەر بەشەكانی دیكەی دەبێت. پێشێلكردنی مافە ئینسانییەكان لە سوچێكیدا، دەرەنجامی خراپی بۆ پاراستنی هەمان ئەو مافانە لە سوچێكی دیكەیدا دەبێت، سەربڕینی كولتووریی و كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كەرتێكیدا، ناشیرنی سیاسی و كولتووریی و كۆمەڵایەتی لە كەرتەكانی دیكەدا دەخاتەوە. ١١ سێپتێمبەر سەلماندی ئەوەی لە ئەفگانستندا ڕوودەدات شتێك نییە تایبەت بە ئەفگانەكان و بەهیچ مانایەك تەنها لە سنووری ئەو وڵاتەشدا نامێنێتەوە. ئەتككردنی ژیان و پێشێلكردنی بەها ئینسانییەكان و گاڵتەكردن بە ئازادی لە كابولدا، لێناگەڕێت نیویۆرك بە ئیسراحەت بنوێت، ئەوەی لە كشمیر ڕوودەدات درێژكراوەی لە واشنتۆن دەبێت و ڕووداوەكانی سۆماڵ ناكرێت لە كەمپەكانی ئوسامە بن لادن لە ئەفگانستان داببڕین. ھاوکات یاسا ئابوورییە وەحشییەكانی وال ستریت بەهیچجۆرێك لە خۆپیشاندانە تووڕەكانی ئەندەنوسیا و پاكستان دابڕاونین. ١١ سێپتێمبەر نیشانیداین كە هێڵێكی نادیار كابول و نیۆیۆرك بەیەكەوە گرێدەدات، ناشیرینییەكانی بەشێكی جیهان ڕاستەوخۆ بە بەشەكانی دیكەی جیهانەوە دەبەستێتەوە. ١١ سێپتێمبەر سەلماندی یان ئەوەتە هەموومان لە ئاسایش و دونیایەکی مافپەروەر و ژیانێكی پڕ كەرامەتدا دەژین، یان هیچ كەسمان. لەدوای ١١ سێپتێمبەرەوە جیهان لە هەمووكات بچووكترە.“


دوو پەرەگراف لە وتارئ: ”جیھان لە دوای ١١ سێپتێمبەرەوە؟؟؟.“ ساڵی ٢٠٠١
کتێبی شوناس و ئاڵۆزیی.

02/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر