کاتێک شاعیرێک لە بەیانییەکی وێراندا قسەدەکات.

مه‌ریوان وریا قانع

لەم ڕۆژانەدا کە زۆربەمان لە شوێنە جیاوازەکانی جیھاندا لە ناو ماڵەکانی خۆماندا دانیشتوین و چاوەڕوانی کۆتاییھاتنی ھەڕەشەی ڤایرۆسێکی کوشندە دەکەین، لە دەرەوەی ماڵەکانماندا چەندەھا کارەساتی گەورە و ڕووداوی ناشیرین ڕووئەدەن، کەمرۆڤ ماندو و وەڕس و پیردەکەن.

 
من وەک پیشەی ھەمیشەییم، ھەموو سبەینانێک کە لە خەو ھەڵدەستم، سەیرێکی ھەواڵە سەرەکییەکانی جیھان دەکەم و چاوێکی خێرا بەو وتارانەدا دەخشێنم کە لەڕێگای ئیمەڵەوە بەدەستم گەیشتون، ئینجا قاوەیەک دروستدەکەم و دەستدەکەم بە خوێندنەوەی ئەو نووسینانەی دەمەوێت بیانخوێنمەوە. ئەم سێ ڕۆژەی ڕابردوو پڕبوون لە ڕووداوی ناشیرین و تاوانی گەورە و پڕیشبوون لە نووسین و دەنگەدەنگی نابەرپرسیار.

 
یەکەمیان ڕووداوی ھەڵاتن و گیران و لە سێدارەدانی کاک مستەفای سەلیمی بوو. ئەم پیاوە لە دەستی یەکێک لە ھارترین و ناشیرترین سیستمە سیاسییەکانی دونیا ھەڵات، سیستمێک مرۆڤ وەک سیسرک و قالۆنچە ماماڵەدەکات و کارێکیش کە لە ھەمووشتێکی تر باشتر دەیزانێت، کوشتنە، کوشتنی مرۆڤ. کاک مستەفا دوای ١٧ ساڵ زیندانیی بەدوای پەناگایەکدا دەگەڕا خۆی لە ھەڕەشەی کوشتنی ئەم سیستەمە، شوێنێک لە تاوانە گەورەکانی ئایەتوڵاکان، بپارێزێت. ئەم پیاوە ئەو پەناگایەی دەستنەکەوت، کەسێک، میلەتێک، نیشتیمانێک نەبوو داڵدەی بدات و لەماوەی شەو ڕۆژێکدا کۆتایی بە ژیانی ھێنرا. بەدەر لە ڕەھەندە سیاسیی و موخابەرتیی و پڕوپاگەندەییەکانی ئەم مەسەلەیە، ئەم پیاوە، وەک ھەر مرۆڤێک تارمایی مردنی بەدواوەبێت، مافی داڵدەدانی ھەبوو، دەبوایە بپارێزرایە. کەلەپوری داڵدەدانی لێقەومان ھێندە دێرینە مرۆڤ نازانێت کەی یەکەمجار دروستبووەم ئەگەرچی کتێبەکان نیشانمانئەدەن کە ئەم کەلەپورە لە سەردەمی بابلی و یۆنانی و میسرییە کۆنەکانەوە بوونی ھەیە. لە سەدەی بیستەمیشدا ئەم کەلەپورە لە کەلەپورەوە دەگۆڕێت بۆ ماف، مافی داڵدەدان و پەناھەندەیی، و ئاکارێکی گەردونیش دەگرێتە خۆی. بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ، مافی پاراستن و داڵدەدان وەک مافێکی گەردونیی پێناسەدەکات و داڵدەدانی لێقەوماوان وەک دیوێکی گرنگیی مرۆڤبوون نیشانئەدات. کۆمەڵگای ئێمەش، وەک زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی تری جیھان، مێژوویەکی درێژی داڵدەدانی ئەو کەسانەی ھەیە کە لە ترسی مردن پەنایان بردۆتە بەر شوێن و ناوچە و کەس و خەڵکانی تر و ئەو پەناگەیەشیان دۆزیوەتەوە. ئەوەی لە دۆخی کاک مستەفادا ڕوویدا بێبەشبوونی مرۆڤێکی لە مردن ھەڵاتوە لەو مافە سادەیەی داڵدەدان، لەناوچوونیەتی لەنێوان کۆمەڵێک ھێز و ناوچە و سنووردا کە ھەموویان لە سادەترین پرنسیپی ئەخلاقیی و ئینسانیی داماڵدراون. ھێندەی مردنەکەشی تراژدیی سەرجەمی ئەو گوتارە نائەخلاقیی و موخابەراتیی و میدیاییە ئاراستەکراوەنەیە کە مردنی ئەم پیاوەیان بێنرخ و بێمانا کرد و ڕەھەندە ئینسانییە گەورەکەیان لێسەندەوە و بە کۆمەڵێک پیلان و گەمەی سیاسییەوە گرێیاندا. مەرگی کاک مستەفا نیشانیداین ئێمە لە سەردەمێکی تەواو تاریکدا دەژین، سەردەمێک جگە لەو ھەموو تاوان و کوشتن و بڕین و دزیی و جەردەییەی لەناویدا ئەنجامئەدرێت، پڕیشە لە ھەوڵی ھەمەلایەن بۆ ونکردنی ڕاستییەکان، بۆ سڕینەوەی ھەر سنوورێک بکرێت لەنێوان دەمامک و دەموچاو، درۆ و ڕستیی و پاکژیی و پیسیدا، دروستبکرێت.

 
ھەر ئەم بەیانییە چاوپێکەوتنێکی درێژم لەگەل ئابوریناسیی ئەمریکیی ڕۆبەرت پۆلین، Robert Pollin، سەبارەت بە دەرەنجامە ئابورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھاندا، خوێندەوە. لەوێشدا ئەم ئابورییناسە بەسەرھاتێکی تەواو تراژیدیی دەگێڕێتەوە و باس لەوەدەکات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەمریکادا بە پلەی یەکەم ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتەی ئازارداوە. لەشارێکی وەک شاری ئیلینۆنیس، Illinois، ئەمریکادا نیوەی ئەوانەی لەو شارەدا مردوون ڕەشپێستن لەکاتێکدا ڕەشپێستەکان لە شارەکەدا کەمینەن و تەنھا ڕێژەی ١٤% دانیشتوانی شارەکە پێکدەھێنن. لە شارێکی تری وەک لیوزانا، Louisiana، دا ٧٠% ئەوانەی مردون دیسانەوە ڕەشپێستن، لەکاتێکدا ڕێژەی ڕەشپێستەکانی ئەو شارەش تەنھا ٣٤% دانیشتوانی شارەکەیە. بەشێوەیەکی گشتیی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا ھەم داھاتێکی ھێجگار کەمیان ھەیە، ھەم ئیشەکانیان ئیشی کاتین و ھەم دەستیشیان بە خزمەتگوازرییە تەدنروستییەکان ناگات، لەبەر خراپیی و گرانیی سیستی تەندروستیی لە ئەمریکادا. ڕۆبەرت پۆلین، Robert Pollin چاوەڕوانی ئەوە دەکات، گەر ڤایرۆسەکە بەردەوام بێت، کارەساتی گەورە لەو بەشانی دونیاشدا دروستببێت کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە و ھەژارییەکی گەورەشیان تێدایە، لەوانەش بۆ نموونە گەڕەکە ھەژارنیشەکانی شارەکانی وەک دەلھی و نایروبی و لیما.

 
سێھەمیان ھەواڵی تراژیدیی ئەم بەیانییە، ھەواڵی ئەو خێزانە ھەژارەی شاری سلێمانییە کە لەبەر بێتوانایی دارایی نەیانتوانیوە کرێی مانگانەی خانوەکەیان بدەن و خاوەن ماڵەکە، دوای ئەوە شت و مەکە بەنرخەکانی خێزانەکەی لەباتی کرێ خانوەکە بردوە، سێ مناڵ و دایکێکی لەگەڵ قەنینە غازێک و چەند بەتانییەک و سوزگییەک و یەک دوو گونیەدا فڕێداوەتە سەر شەقامەکان. ئەمە لە شار و وڵاتێکدا کە لە ماوەیەکی کورتدا بە ھەزاران میۆنێر و دەیان ملیاردلێری تیادا درستبووە و ”ئەندام مەکتەبی سیاسیی“ وای تێدایە کە ”سەد ملیۆن دۆلاری ھەیە“.

 
مرۆڤ گەرچی لە شوێنێکی تر و وڵاتێکی تردا لە ژووری ماڵەکەی خۆیدا بۆ خۆپاراستن لە مردن دانیشتبێت، بەڵام توانای بینینی دنیایەک ناشیرینیی و تاوانی گەورە و فرەجۆری ھەیە. بەشێکی زۆری ئەم تاوانانە قابیلی کۆتاییپێھێنان و بنبڕکردنن. بەڵام چونکە جوڵە و بزاوتێک نییە ڕووی لە کۆتاییھێان بەم دۆخە بێت، ئەوەی بۆ کەسێکی وەک من، لە سبەینێیەکی وەک ئەمڕۆدا دەمێنێتەوە، سبەینێیەک گوایە مەسیح تیایدا ھەستاوەتەوە و بۆ ئاسمان و لای خودا گەڕاوەتەوە، ئەوەیە جارێکی تر پەنا بۆ نووسین و بۆ شیعر ببەمەوە. گوێگرتن لە شێرکۆ بێکەس لە سبەینێیەکی لەم جۆرەدا، گوێگرتنە لە ویژدان و زمان و ئیحساسێک کە وردەکارییەکانی ئەم ناشیرینییە گەورانە دەبینێت و بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەریش دەیانووسێتەوە.

 
ئەمستردام، ١٣ نیسانی ٢٠٢٠


13/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر