نیشتیمان و ئیھانەکردن

مه‌ریوان وریا قانع

 

نیشتیمان شتێک نییە لە ڕابوردودا دروستبووبێت و بۆ نەوەکانی ئەمڕۆکە بەجێمابێت. نیشتیمان جوگرافیایەک نییە لە کۆمەڵێک شاخ و تەپۆڵکە و گرد و دەشتایی و ڕووبار و درەخت و دارستان دروستبووبێت، نیشتیمان بە پلەی یەکەم پرۆژەیە، پرۆژەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی و فەرھەنگییە کە ئەگەر لە ڕابوردوشەوە ھاتبێت، دەبێت لە ئێستادا توانای ژیان و مانەوە و بەردەوامیی وەک پرۆژە مابێتەوە، نیشتیمان شتێکە بەردەوام پێویستیی بە دروستکردن و پاراستن و بەرھەمھێنانەوە ھەیە، شتێک نییە یەکجار دروستکرابێت و بۆ ھەتاھەتایە و بەشێویەکی جاویدانە بمێنێتەوە.

 

نیشتیمان کاتێک نیشتیمانە کە شوێنی رەفزکردن و بێمافکردنی ”ئەوانیتر“ نەبێت، لەسەر دروستکردنی ”ئەویترێک“ی ناحەز و نەخواستراو نەژیی، ناھەقیی و بێمافیی ژێرخانە ئەخلاقیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەی نەبێت. بەپێچەوانەوە نیشتیمان شوێنێکە دەبێتە پەناگای ئەوانەی ژیانیان لێتێکدەچێت، داڵدەی ئەوان ئەدات کە ئەم کارەسات یان ئەویتر دەیانھێنێتە بەر دەرگاکەی و ناو سنوورەکانییەوە. نیشتیمان شوێنی دروستکردن و بەخشینی ئینتیمای ئینسانیی کراوەیە بە خەڵکەکەی. بەڵام نیشتیمان کاتێک بەخشەری ئینتیمایە کە ماڵی ھەمووان بێت، ماڵی ھەموو ئەوانەی لەناویدا دەژین و بوونەتە خاوەنی لانیکەمی ئازادیی و ماف و ڕێز و کەرامەت. نیشتیمان ماڵی حیزب و خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکردو نییە، ماڵی خێڵێک لە خێڵەکان و دینێک لە دینەکان و ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکان نییە، شوێنێک نییە ھی ئەم گروپ یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی بێت. شوێنێکیش نییە ھەر گروپێک لە گروپەکان و ھەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی و ھەر گەڕەکەێک لە گەڕەکەکانی پاسەوان و سوپا و ھێزی تایبەت بەخۆی ھەبێت. نیشتیمان بۆ ئەوەی ببێت بە نیشتیمان دەبێت لەوە ڕزگاریببێت تەنھا سەرزەمینێکی جوگرافیی بێت، دەبێت بەناو پرۆسەیەکی سیاسیی فراواندا تێپەڕێت بۆئەوەی بگۆڕێت بۆ سەرزەمینی ماف و ڕێز و ئازادیی. بەبێ سیاسەت نیشتیمان نابێت بە نیشتیمان و بەبێ سیاسەتیش نیشتیمان لە نیشتمانبوون ناکەوێت. بەم مانایە نیشتیمان بەر لە ھەموو شتێک چەمکێکی سیاسییە.

 

لە ڕۆژگارێکدا کە دونیا پڕبووە لە ڕقی ھەمەجۆر، ڕق لە ئەوانیتری لە خود نەچوو، پڕبووە لە ھەژاریی لە چەندەھا فۆرم و شێوازی تازەدا، بووە بە شوێنی دروستبوونی چەندەھا گێتۆی داخراو، بە شوێنی ھەڵتۆقینی دەیاھە گەڕەکی بە پرسگە و پاسەوان پارێزراو، گۆڕاوە بۆ شوێنی دابڕانیی زیاتر و زیاتری مرۆڤەکان لەیەکتری. دەڵێم لە دۆخێکی لەو بابەتەدا نیشتیمان لەوە کەوتوە نیشتیمان بێت، لەوەش کەوتوە تەنانەت خاک و زەویی و جوگرافیا بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ کۆمەڵێک پەیوەندیی نائینسانیی، پەیوەندیی سیاسیی بووچک و گرگنکردنی ئەویتر، پەیوەندیی ھێزی نایەکسان و ستەمگەر، پەیوەندیی پەکخستنی مرۆڤبوونی مرۆڤ و پەیوەندیی کۆپیکردنی مرۆڤەکان و گۆڕینیان بۆ رەعیەتێکی بێ خواست و بێ ویست و بێ ماف.

 

لە سەرێکی دیکەوە نیشتیمان کاتێک نیشتیمانە لەناو خەیاڵی ھەموواندا و بە ھەموو جیاوازییەکانەوە پێگەیەکی سەرەکیی و ھاوبەشی ھەبێت، ھی ھەمووان بێت و زمانێک و وێنەیەکی ھاوبەش بە ھەمووان ببەخشێت، بەبێ ئەوەی شوناس و تایبەتمەندییەکانی ھەر کەسێک بسڕێتەوە. لە ھەر شوێنێکدا ھێزگەلێک پەیدابوون لەخەیاڵی خۆیاندا نیشتیمانیان گۆڕی بۆ موڵکی تایبەتی خۆیان، بۆ موڵکی خێزان و مناڵ و بنەماڵەکانیان وایانزانی ئازادن لەوەدا بھێڵن کێی تیادا بژیی و کێی تیادا نەتوانێت بژیی، یان ئازادن لەوەدا کێ بگرن و ڕاوبنێن و بکوژن، ماڵ بۆ کێ دروستبکەن و ماڵی کێ بڕوخێێن، دەڵێم لەو جۆرە شوێنانەدا نیشتیمان لە نیشتمانبوون دەکەوێت و دەگۆڕێت بۆ زیندان. ئەو جۆرە شوێنانە ھەرچییەک بن نیشتیمان نین.

 

لە ھەموو ئەو شوێنانەدا پەیوەندیی مرۆڤ بە شوێنەوە، کە پەیوەندییەکی وجودییە و لە مرۆڤبوونی مرۆڤەوە سەرچاوەدەگرێت، دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی زەلیلیی و فۆرمێکی ناحەز و ستەمگەرانە وەردەگرێت. نیشتیمان دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ھێز و دەسەڵات و موڵکایەتیی، موڵکایەتییەکی نایەکسان و ڕەھا و زەلیلبوونێکی فرەجۆر و ڕەھا و لە ئینسانخستنێکی ھەمەشێوە و ڕەھا. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا مرۆڤی ئەو جۆرە شوێنانە بەبێ ئەوەی ڕۆیشتبن لەو شوێنە نەماون، ھەندێکیان وەڕسی دەیناکوژێت، ھەندێکیان لە بەجێھێشتنیدا لە دەریاکاندا دەخنکێن، ھەندێکی تریان تاقەتی سەیرکردنی ھیچ شتێکیان نامێنێت، بە سەیرکردنی خۆشیانەوە . ھەندێکی تریشیان دەچنە دەرەوەی ھەموو ئینتیمایەک، بە ئیتیما بۆ خود خۆشییەوە. لە ھەموو ئەو شوێنانەدا نیشتیمان لەوە کەوتوە نیشتیمان بێت، گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی ئیھانەکردنی بەردەوامی مرۆڤ.


19/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر