واقیعی تەزویرکراو، کۆشکێک لە لم

مه‌ریوان وریا قانع



ھەموومان دەزانین ئەو وێنەیەی کە میدیاکارانی حیزبیی و کەناڵی ئاراستەکراوی برا گەورەکان و دڵسۆزانی حیزب لە پەرلەمان و کۆبوونەوە گشتییەکاندا بۆ واقیعی ئەمڕۆکەی ھەرێمی دروستدەکەن، ئەو وێنە ڕاستەقینە نییە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەیبینن و لەناو وردەکارییە تۆقێنەرەکانیدا دەژین. ئەو وێنەیەی دروستدەکرێت لەسەدان ڕووەوە ناکۆک و دژ بەو وێنەیەیە لە واقیعدا ھەیە و ئامادەیە. ئێستا ساتەوەختێکە تەزویرکردنی بەردەوامی واقیع بووە بە ئەرکی ھەموو ئەوانەی بە رەسمی کاریان ئەوەیە باس لەو واقیعە بکەن و ھێڵە گشتییەکانی بخەنە بەرچاو. تەزویرکردنی واقیع ژێرخانی سەرەکیی سەرجەم تەزویرەکانی تری ناو دونیای ئێمەیە.

 
ھەر ھەواڵەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی چوارچێوەکانی دنیایەکمان نیشانئەدەن کە ھەم تەواو ترسناکە و ھەم تەواو ناکۆکە بە دونیای ناو تەلەفیزیۆن و میدیاکانی حیزب، تەواو ناکۆکیشە بە قسە و باسی حوکمڕانان و بە بێخەمیی و بێباکایی خۆیان و خێزان و بنەماڵە سوڵتانییەکانیان. ھەواڵەکان دەڵێن: پیاوێکی گەنج لە پارشێودا خۆی و ژنەکەی دەکوژێت و نامەیەک بەجێدەھێڵێت کە تیایدا نوسراوە ”نانی پارشێومان نەبوو بیخۆێن“. ”باوکێک لەبەر نەبوونی مناڵەکانی خۆی لە ڕێگای سۆسیال میدیاوە بۆ بەخشین نمایشدەکات“. ”دایکێک لەگەڵ چەند منداڵێکدا پارەی کرێخانوەکەیان نییە و دەردەکرێنە سەر شەقامەکانج. ئینجا ڕۆژنامەنووسێک لە ماوەی مانگێکدا بۆ جاری سێھەم دەگیرێت و گاڵتە بە ژیان و ئازادیی و مافەکانی دەکرێت. پێشتریش بینیمان بە بە بەرد و بلۆک و چەکدار، ڕێگای پەیوەندیی نێوان ئەم شار و ئەو شاریان دەبڕیی و لێنەدەگەڕان تەنانەت نەخۆشەکانی ئەم شارۆڵکە بگەنە نەخۆشخانەکانی ئەو شارۆچکە. ھەروەھا کۆکردنەوەی سوپا و لەشکرکێشی تازە و لەپڕمان بینی بۆ دەستگرتن بەسەر ئەم یان ئەو تەپۆڵەکدا و نزیکبوونەوە لە پێکدادان. ئینجا ڕادەستکردنەوەی پەناھەندەیەکمان بە ئێران و لەسێدارەدانی ڕۆژێک دوای ڕادەستکردنەوەکەی، بینی.
بەدیوێکی تردا قووڵبوونەوەی قەیرانێکی ئابوریی پڕوکێنەر دەبینین کە ھەرێمی لە ئیفلاسکردنێکی تەواوەتی نزیککردۆتەوە، بەبێ ئەوەی پەنجەی تاوان بۆ کەسێک یان پارتێک یان لایەنێک درێژبکرێت و بەبێ لانی ھەرەکەمی لێپرسینەوە لە کەڵەکەبوونی ملیارەھا دۆلار لای ئەم یان ئەو خێزان و بنەمالە و پارتی سیاسیی و بەبێ لێپرسینەوە لە بە ملیۆنێربوونی سەدەھا کەسایەتی سیاسیی و ناسیاسیی بەبێ ئەنجامدانی کارێکی بەرھەمھێن. ھەموو ئەم شتانە لەناو قڕوقەپێکی سیاسیی شەرمھێن و لە غیابی ھەر توانایەکی کەم و لاوەکیی و پەراوێزیی بەرپرسیارکردندا ڕووئەدەن.

 
دەڵێم لە کاتێکدا بە بەردەوامی واقیعێکی مێژوویی ناشیرن و ترسناک بەرھەمدەھێنرێت و پایەی کۆنەکانی ئەو واقیعە بەھێزتر دەکرێت، ھاوکات سوپایەک میدیاکار ئیشیان ئەوەیە درێژە بە تەزویرکردنی ئەو واقیعە بدەن، کاتێکیش کەمینەیە لە دەسەڵاتداران دەمدەکەنەوە و قسەدەکەن، جۆرێک لە نابەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی نیشانئەدەن کە لە مێژوودا کەم وێنەیە. کەسی ژمارە یەکی ناو ئەو حوکمڕانییە دێتە سەر تەلەفیزیۆن و دەڵێت ”ئەگەر سۆسیال میدیا ڕاوەستێت ھەموو شتەکان بە باشی دەڕۆن“. ئەویتریان لە ماڵە پڕ پارە و خۆراک و ئیسراحەتەکەی خۆیەوە دەڵێت ”پێویستە فەرمانبەرانی ھەرێم فێربن لە ماڵەوە دەست بە پارەوە بگرن بۆئەوەی بەشیان بکات“. سێھەمیان خەریکی دروستکردنی کەناڵێکی میدیایی تازەیە. ئەویتریان سوپاسی سەرۆک وەزیرانەکەی دەکات کە شتێک ئەنجامئەدات کەسیتر بۆی ئەنجامەنەدراوە.

 
ئەوەی لە ھەرێمدا دروستکراوە کۆشکێکی فشەڵە لە لم کە ھیچ توانایەکی ناوەکیی مانەوە و بەردەوامبوونی خۆ بەخۆی نییە، ئەوەی پاراستویەتی ھێزی ڕووتە، ھێزێک گەورە و قەڵەوکراو بۆ گیانی ئەوانەی دەوێرن بەرگریی لە مەفەکانی خۆیان بکەن و داوای ژیان و کۆمەڵگایەکی باشتر بکەن. ھێزی ڕووتیش تا سەر توانای پاراستنی کۆشکە لمینەکانی نییە.


27/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر