د. هێرش ره‌سوڵ
له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا و، به‌هۆی په‌لامار و کرده‌وه‌ی تێرۆرستییه‌کانی داعشه‌وه هه‌زاران خێزانی عه‌ره‌ب ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتوه و هاتونه‌ته كوردستانه‌وه. ئێستا شاره‌کانی هه‌رێم بونه‌ته په‌ناگه‌یه‌کی ئارام بۆ ژیانی سه‌دان هه‌زار كه‌س كه له ترسی مه‌رگ هانایان بۆ هێناوه، وه‌کچۆن ئه‌م رۆڵه‌ی هه‌رێمی کوردستان و هاونیشتمانییانی، بۆته جێباسی میدیا و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیش.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا، شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایی و بانگه‌واز و ئه‌نجامدانی که‌مپه‌ین و خۆپیشاندان بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌و عه‌ره‌بانه له‌لایه‌ن هه‌ندێ گه‌نج و چالاکوانه‌وه له میدیا و تۆڕه کۆمه‌ڵاتییه‌کانه‌وه ده‌ستی پێکردوه.
من ناتوانم لێره‌دا نیشانه‌ی گومان له‌سه‌ر هه‌مو هه‌ڵوێستی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه دابنێم که کار بۆ ده‌رکردنی ئه‌و ئاوارانه ده‌که‌ن، به‌ڵام گومانیشم له‌وه نییه که هه‌ر هه‌وڵێکی له‌وجۆره ههنگاوێکی بێ ئه‌ندازه هه‌ڵه و بێ بیرکردنه‌وه و نالۆژیکه.
ئه‌و هاوزمانه ئهزیزانهمان، له فه‌یسبوک و ئامرازه‌کانی دیکه‌ی گه‌یاندنه‌وه، لایه‌نی سیاسی و ئه‌منی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ته‌ندروستییان کردۆته پاساوی هه‌وڵه‌کانییان بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی عه‌ره‌به ئاواره‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام هاوکات کۆمه‌ڵێ راستیی تریان نادیدهگرتوه.
به‌ر له هه‌ر شتێک، ناتوانین ئه‌و هه‌نگاوه، جگه له ره‌گه‌زپه‌رستی (رهیسیسم) به هیچ شتێکی تری ناوببه‌ین. هه‌روا بێ دودڵی ده‌توانین بڵێین، کورد لێی نایه ره‌گه‌زپه‌رست (ره‌یسیست) بێ و سودیشی لێوه‌رناگرێت!
له سۆنگه‌ی هه‌ست و سۆزه‌وه نیه که ده‌ڵێم، کورد لێی نایه ببێته ره‌گه‌زپه‌رست، به‌ڵکو ئه‌وه مێژوه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌و میلله‌ته به درێژایی رابردوی نه کاری بۆ ره‌گه‌زپه‌رستی کردوه و نه بڕواشی پێی هه‌بوه. خۆ ره‌نگه ئه‌گه‌ر وردتر بچینه نێو حوکمه‌کانی ئه‌و مێژوه له هه‌ندێ وێستگه‌دا زیانی ئه‌و ره‌فتاره مرۆییه‌ش ببینین بۆ کورد خۆی، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه وامانلێناکا له گیانی یه‌کترقبوڵکردن و لێبورده‌یی په‌شیمان ببینه‌وه.
هه‌روا نابێ ئه‌وه‌شمان بیربچێت، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌مدواییانه‌دا له توركمان و مه‌سیحی و ئێزدی و عه‌ره‌ب رویان له هه‌رێمی كوردستان كردوه، ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه قوربانیی ده‌ستی تێرۆر و سته‌من و، خه‌می مان و ژیان دهربهدهریکردون. بۆیه ناكرێت به هیچ پاساوێک شکۆی مرۆڤبونییان بشکێنرێت.
هاوکات، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، که خۆشمان له لێقه‌ومانه‌کاندا په‌نامان بۆ ئێران و تورکیا بردوه و، تا هه‌نوکه‌ش زیاتر له ملیۆنێک کورد لە بەغداد و شاره‌کانی باشور و ناوه‌ڕاستی عیراق ده‌ژین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی کورد ساڵانێکی زۆره رویان له وڵاتانی عه‌ره‌ب و ناوچه‌که و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و وڵاتانی دیکه کردوه و مافی په‌ناهه‌نده‌ییان هه‌یه.
له لایه‌کیتریشه‌وه، ده‌زگا پهیوهندداوهکانی حکومه‌تی هه‌رێم، به هاوکاریی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و رێکخراوه‌کانی تر ده‌کرێ رێوشوێنی گونجاو بگرنه‌به‌ر له‌پێناو دورخستنه‌وه‌ی هه‌مو مه‌ترسییه سیاسی و ئه‌منی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه‌کانی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، نه‌ک ده‌ستگیرکردن و ئازاردان و سوکایه‌تیپێکردن و دورخستنه‌وه‌یان، که به داخه‌وه هه‌ندێ که‌س، کار و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن.
وه‌ک هه‌نگاوی ده‌ستپێک، ده‌کرێ پارێزگا و قایمقامییه‌ت و کارگێڕیی شار و شارۆچکه‌کان به هاوکاریی رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و ناوخۆییه‌کان که‌مپی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ئاوارانه له شوێنی گونجاوی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان دروست بکه‌ن و له‌وێ رێکیان بخه‌ن. به جۆرێک له ژێر چاودێریی توندی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان بن و به‌ر به هه‌مو جموجۆڵێکی تێرۆرستی و تێکده‌رانه بگرن. پاشان پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستی و قوتابخانه‌یان بۆ دابین بکه‌ن و، به یارمه‌تیی دامه‌زراوه‌کانی خێرخوازی و مرۆیی و ده‌زگاکانی ته‌ندروستی، خۆراک و پێداویستیی ژیان و حه‌وانه‌وه‌یان پێبگه‌یه‌نن.
به‌مجۆره‌ش، هه‌م قه‌یرانی نیشته‌جێبون له‌و شار و شارۆچکانه دروستنابێ و هه‌م مه‌ترسییه سیاسی و ئه‌منی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه‌کان که‌مده‌بنه‌وه. هه‌روا کوردیش ده‌توانێ پارێزگاری له که‌لتوری مرۆدۆستیی خۆی بکات!