د. هێرش ره‌سوڵ
'بندیوار' ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نوێ نیه، پێشتر له ئاستی میللی‌دا، دواتریش له راگه‌یاندندا له پاڵ وشه‌کانی (فه‌رمانبه‌ر، کارمه‌ند، موچه‌خۆر)دا به‌کارهاتوه. ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ که‌سێک که‌وا له په‌نا دیواره‌وه ماف و ئیمتیازێکی هه‌بێت، یان کار و پیشه‌یه‌ک پیاده‌بکات. به مانایه‌کی تر، رۆڵگێڕانی که‌سێک به شێوه‌یه‌کی شاراوه.
له ماوه‌ی رابردودا، به هۆی په‌لاماره‌کانی (داعش) و کرده‌وه نامرۆیی و نائێتیکییهکانیان، هه‌روا به هۆی هاوسۆزی و هاوبیریی هه‌ندێ که‌س و لایه‌ن بۆ ئه‌و رێکخراوه تێرۆریستییه، له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبوک)دا، ده‌سته‌واژه‌ی 'بندیوار' خرایه‌پاڵ ناوی (داعش)یشه‌وه، و چه‌مکی 'داعشی بندیوار'ی لێهاتهبهرههم.
راستییه‌که‌ی، نازانم یه‌که‌مجار کێ ئه‌م چه‌مکه‌ی به‌کارهێناوه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم، ئه‌مه‌یان زۆر گونجاوتره له چه‌مکی 'داعشی نوستو'، که پێشتر له‌لایه‌ن چه‌ند نوسه‌رێکی به‌ڕێزه‌وه به‌کارهاتوه، چونکه ئه‌وجۆره که‌سانه 'نوستو' نین، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه زۆر 'به‌ئاگا'ن و به‌رده‌وام و چالاکانه کار له‌سه‌ر فیکر و به‌رنامه و ئامانجه‌کانیان ده‌که‌ن.
'داعشی بندیوار'، گوزارشتێکی زۆر جوان و پڕ به پێستی هه‌مو ئه‌و که‌س و لایه‌نه جیاجیایانهیه، که له به‌رگی (خوێندکار، مامۆستا، میدیاکار، مه‌لا، بانگخواز، پزیشک... تاد)ه‌وه له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا 'داعشبیر' و 'داعشڕهفتار'ن، یان رێخۆشکه‌رن بۆ چاندنی گه‌رای 'داعشییه‌ت' و بڵاوکردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی هزری توندڕه‌ویی ئاینی!
ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی پۆلێنی (سه‌له‌فییه‌ت) و جۆرهکانیشییهتی، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، که جۆره‌کانی تر، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ (سه‌له‌فییه‌تی جیهادی)دا نیه، به‌ڵکو له هه‌ندێ لایه‌نه‌وه مهترسییدارتریشن، چونکه ئه‌وان نزیکترن له هاونیشتمانییان و له‌ناو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌دان.
که‌واته ئه‌گه‌ر رێکخراوی (داعش) هه‌ندێ هۆکار و ئامرازی راگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده و واته‌وات و جه‌نگی ده‌رونییان هه‌بێت، داعشانی بندیوار، سه‌رباری ئه‌مانه، ده‌یان هۆکار و ئامرازی دیکه‌ی (سیاسی، ئابوری، که‌لتوری، ئاینی، کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی... تاد)یان هه‌یه، بۆیه ئه‌وکاته‌ش ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین، راده‌ی مه‌ترسییه‌که له‌سه‌ر ئێستا و ئاینده‌مان زیاتر ده‌بێت.
له‌و نێوانه‌شدا، له پێناو بره‌ودان به ره‌وتی مه‌ده‌نییه‌ت و ژیاندۆستی و بونیادنانی کۆمه‌ڵێکی کراوه و ته‌ندروست له هه‌رێمی کوردستاندا، ئه‌رکی هه‌مومانه، به تایبه‌ت داموده‌زگا ره‌سمییه‌کان، به‌ر به ته‌وژمی کاریگه‌ری ئه‌وجۆره داعشانه بگرین، و له رێگاگه‌لی (سیاسی، یاسایی، کارگێڕی، په‌روه‌رده‌یی، خزمه‌تگوزاری، میدیایی، هۆشیاری و رۆشنبیری... تاد)یه‌وه روبه‌رویان ببینه‌وه.