د. هێرش ره‌سوڵ
رۆژنامه‌ی (رووداو)ی جێگری سه‌رۆکی پارتی، له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا (دوشه‌ممه 20/4/2014)، هه‌واڵێکی کردۆته مانشێتی سه‌ره‌کیی خۆی، (دواتریش له سایت و ته‌له‌ڤزیۆن و په‌یجه‌کاشیدا بڵاویکرده‌وه)، که تێیدا هاتوه، گوایه، یه‌کگرتنه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕان زۆر نزیکه و هه‌ردولا به‌م هه‌نگاوه رازین و نه‌خشه‌ڕێگای بۆ داده‌نرێت!
به‌ر له هه‌ر شتێک، یه‌کگرتنه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕان وه‌ک هه‌ر دو حزبی دیکه، کارێکی مه‌حاڵ نیه، به تایبه‌ت که ئه‌و دو حزبه له ره‌گی قوڵی مێژودا هاوبه‌شیی زۆرییان هه‌یه. هه‌روا نکوڵی له‌وه‌ش ناکرێت، ئه‌م ماوه‌یه و چه‌ندین جاری تریش، که پرسه نیشتمانییه‌کان، به تایبه‌ت (ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان) هاتۆته‌گۆڕێ، هه‌ڵوێستی سیاسیی ئه‌و دو هێزه ئه‌گه‌ر یه‌کیش نه‌بوبێت زۆر له یه‌کتره‌وه نزیک بوه، وه‌کچۆن ئه‌مه له بۆچونی فراکسیۆنه‌کانیشیاندا له پارله‌مانی کوردستان ره‌نگیدابۆوه و ره‌نگده‌داته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای دروستکردنی هاوپه‌یمانیی پارله‌مانی و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانێتیی سیاسییش له ئاستی باڵادا، (رێکه‌وتنی ده‌باشان)ی نێوان تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فاش له 2012 دیارترین نمونه‌یه. ئه‌مه جگه‌له په‌رۆشی و ئاره‌زوی زۆری جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت کادری ناوه‌ندی هه‌ردولاش بۆ نزیکبونه‌وه‌ی زۆر و قوڵکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان. به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دایه: ئاخۆ له ئێستادا هه‌نگاوه‌کان گه‌یشتونه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌و دو حزبه یه‌کبگرنه‌وه؟!
ئه‌گه‌ر بابه‌تییانه و بێ خۆخه‌ڵه‌تاندن وه‌ڵام بده‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێین: له‌م قۆناغه‌دا نه‌خێر. که‌واته چی له پشت بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌وجۆره هه‌واڵانه‌وه‌یه؟ (رووداو) به‌و هه‌واڵه‌ی ده‌یه‌وێ چه‌ند نیشان بپێكێ؟!
هه‌واڵه‌که‌ی (رووداو) ته‌نها یه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئاشکرای تێدایه، که هیچکام له دو لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌که‌ی زانیارییه‌که نین (گۆڕان، یه‌کێتی)، به‌ڵکو (پارتی)یه. هه‌روه‌ک لێدوانی ئەندامه‌که‌ی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییش "به بێ ناو"ه و سه‌رچاوه‌که‌ی نادیاره!
له‌م ئانوساته‌ی هه‌رێمی کوردستاندا، که وێڕای کۆمه‌ڵێ کێشه و قه‌یرانی سیاسی، ئابوری و دارایی، سه‌ربازی (که پارتی دیموکراتی کوردستان به حوکمی زۆرینه‌بون و به‌هێزی پێگه‌ی سیاسی له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا) پشکی شێری ناڕه‌زاییه‌کانی به‌رده‌که‌وێ و زۆربه‌ی گرفت و که‌موکوڕییه‌کان به‌رۆکی ده‌گرنه‌وه، وروژاندنی پرسێکی له‌مجۆره جێگه‌ی پرسیاره! بۆیه به کورتی (رووداو) به‌و هه‌واڵه ئه‌م نیشانانه ده‌پێکێ:
1. دورخستنه‌وه‌ی ته‌رکیزی هاونیشتمانییان له‌سه‌ر پرسی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان و ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم، که ئێستا بوه‌ته باسوخواسی گه‌رمی شه‌قام و میدیاکانی کوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌ش.
2. لابردنی ته‌رکیزی راگه‌یاندن و هاونیشتمانییان له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی میدیایی ده‌رباره‌ی ونبونی دواژماره‌ی گۆڤاری (لڤین)، که‌وا کۆمه‌ڵێ راپۆرت و بابه‌تی سه‌باره‌ت به درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تیی سه‌رۆکایه‌تیی بارزانی تێدایه.
3. دورخستنه‌وه‌ی ته‌رکیزی میدیا و هاونیشتمانییان له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منیی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، که له چه‌ند رۆژی رابردودا ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رده‌م کونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌و شاره ئه‌نجامدرا، و به‌رپرسی یه‌که‌می ره‌وشه‌که‌ش لێی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاژانسی ئاسایشه (به سه‌رۆکایه‌تیی کوڕه گه‌وره‌که‌ی مه‌سعود بارزانی).
4. تاقیکردنه‌وه‌ی نییه‌تی راستینه‌ی هه‌ردولا (یه‌کێتی، گۆڕان) له‌لایه‌ک، و خه‌ڵک و هێزه سیاسییه‌کانی دیکه‌یه له‌لایه‌کیتره‌وه به‌رامبه‌ر پرسه‌که، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی هه‌ڵدانی ئه‌و باڵۆنه‌وه بۆ ئاسمانی رایگشتیی هه‌رێم.
5. هاوکات له رێگه‌ی لێدوانی ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی پارتی یه‌وه، ده‌یه‌وێ په‌یامێک ئاراسته‌ی هه‌م سه‌رکردایه‌تیی هه‌ردوحزب (یه‌کێتی، گۆڕان) و هه‌م هاونیشتمانییانی کوردستان بکات، که گوایه، "یەكگرتنه‌که مەترسی بۆ سەر پارتی نیه".
6. پارتی له‌م قۆناغه ناسکه‌یدا، به‌م هه‌واڵه هۆشدارییه‌کیش ده‌داته حزبه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، به تایبه‌ت ئیسلامییه‌کان که خاوه‌نی 17 کورسیین له پارله‌مانی کوردستان و ده‌توانێت له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسی ده‌ستور و درێژکردنه‌وه و نه‌کردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم، و سۆزیان به لای خۆیدا راده‌کێشێت و ده‌یه‌وێت له گۆڕان و یه‌کێتی یان دابڕێنێت.
دواجار، پێویسته ئه‌و دو حزبه خۆشیان وه‌ڵامی پێویستییان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ، و له هه‌ر هه‌نگاوێکی نزیکبونه‌وه و لێتێگه‌یشتن و رێککه‌وتندا رایگشتیی کوردستان و هه‌وادارانی خۆیان ئاگاداربکه‌نه‌وه، به‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ هه‌واڵی بێسه‌رچاوه نامێنێته‌وه!