کورد چی بکا؟

که‌مال چۆمانی
کورد لەم دۆخەی ئێستای عێڕاق دا چی بکا؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هەمومان دەمانەوێ وەڵامەکەی بزانین و هەرکەسێکیش وەڵامی خۆی هەیە. بۆ هێزە کوردییەکان، وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، ئەوەی دیارە؛ پارتی بانگەشەی راگەیاندنی دەوڵەت دەکا، یەکێتی دەیەوێ بچێتەوە بەغدا و پێیوایە کاتی نییە، گۆڕان و ئیسلامییەکان بێدەنگن. کەواتە، دیدی هاوبەش نییە لە ئێستا دا و وەڵامی ئەو پرسیارە هێشتا کۆدەنگییەکی نیشتیمانیی لەسەر دروستنەکراوە.
 لەو دۆخەی ئێستای عێڕاق دا، ناکرێ کورد بێ هیچ ستراتیژێک بچێتە ناو گەمەکانەوە. ئەوەی ونە لە سیاسەتی ئەمڕۆی کوردستان دا، ستراتیژە، چ ستراتیژی کورت مەودا و چ ستراتیژی درێژ خایەن. هیچ ستراتیژێکیش سەرکەوتو نابێ ئەگەر کۆی جڤاکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان پشتیوانیی نەبن، بە رەوەندی کوردی ئەوڕوپا و ئەمێریکاشەوە. دەبێ ستراتیژێک بێ ویست و دیدی هەمو هێز و رای هەموانی لەسەر بێ.
ئێمەش وەک نیشتیمانیی کوردستان، هەقی بەشداریی دروستکردنی بڕیارمان هەیە، لانیکەم دەتوانین رای خۆمان دەرببڕین.
بەکورتی؛
کورد پێوستە لە ئێستا دا ئەمانەی خوارەوە بکا (من باسی کورد دەکەم، واتا هەموان رێکبکەون):
١- کورد نەچێتە ناو هیچ رێککەوتنێکەوە تا سێ شت یەکلایینەکاتەوە لەگەڵ هەمو هێزە سیاسییە عێڕاقییەکان؛ مەسەلەی گێڕانەوەی ناوچە سنورییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یەکلاییکردنەوەی پرسی پێشمەرگە و نەوت و گازی سروشتی وەک ئەوەی کورد دەیەوێ.  
٢- هەوڵدان بۆ لابردنی مالیکیی بەڵام بە مەرجێک کەسێک دابنرێ لە لیستی دەوڵەتی یاسا نەبێ چونکە هەر سەرۆک وەزیرانێک لە بازنەی مالیکیی هێندەی مالیکیی مەترسیدار دەبێ. ئەگەر لایەنە عێڕاقییەکان لەسەر کەسێک لە دەرەوەی لیستی یاسا رێکنەکەوتن، کورد باشترە هێڵی سوری بۆ مالیکیی نەبێ چونکە رێککەوتن لەگەڵ مالیکیی باشترە لەوەی کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران دەسکەلای سەرۆک وەزیران بێ، ئەمە بە ئینگلیزیی پێی دەگوتری (Puppet) کە کەسێک یان رێکخراوێک لەژێر کۆنترۆڵی کەسێکی تر کاردەکا و هەڵدەسوڕێ. 
٣- ئەگەر حکومەتێکی دیمۆکرات پێکهات لە عێراق دا و داواکانی کورد ئەنجامیان گرت، کورد هاوکار بێ بۆ راماڵینی داعش، لەپاڵیشی دا، هاوکاریی رۆژئاڤای کوردستان بکرێ بۆ شەڕ دژی داعش.
٤- ئەگەر سونە رازی بێ بە گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی سنوری هەرێم، کوردستانیش هاوکاریی سونە بکا بۆ دروستکردنی هەرێمی خۆیان.
٤- بە بڕوای من، تا ئێستا سەرکردایەتیی کورد خەمی دروستکردنی دەوڵەتی نەخواردوە، چونکە دەوڵەت دروستدەکرێ ئینجا رادەگەیەنرێ. بۆیە، ئەو خاڵەیان زۆر گرنگە، پێویستە سەرکردایەتیی کورد لەمڕۆوە بێئەوەی زۆر باسی دروستکردنی دەوڵەت بکا، پێویستە کار بۆ دروستکردنی بکا.
Twitter @KamalChomani

13/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر