سواڵی توندو تیژی

رەحمان غەریب
كاتێك خۆپیشاندەرێك شوخت دەكەنە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێكی حزبی، یا جامی ئۆتۆمبێلێكی حكومەت دەشكێنن، یا زەرەر بە وێستگەی وەستانی ئۆتۆمبێلێك دەگەیەنن، خۆپیشاندەران بە گشتی دەكرێنە ئاژاوەگێڕ و توندڕەو.
هاوكێشەكە ئەوەندە ئاڵۆز نییە، ئەگەر دەسەڵات سوتاندن و زەرەرگەیاندن بە موڵكی گشتی بە ئاژاوەگێڕی وەسف بكات، ئەوە سوتاندنی موڵكی خەڵك بە هەمان ئەندازە تاوانە، تاوانیش نابێت بە بێ سزا تێبپەڕێت یان بخرێتە ئەستۆی كەسانی نادیار.
دیمەنی سوتاندنی ئۆتۆمبیێلی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لەشاری سلێمانی، بە چی وەسف بكەین؟ ئاژەوەگێڕی ؟ یا سواڵكردن بۆ توندوتیژی و هەڵیگیرسانی ئاگری پەشێوی ؟ 
لە ماوەی رابردودا دەیان چالاكی و گردبونەوەی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی، بە بێ توندو تیژی و بە شێوەیەكی مەدەنی بەڕێوەچووە، كەس پەنای نەبردوە بۆ توندو تیژی، ئەمە كێیە لە ناو شاری سلێمانی سواڵی توندوتیژی دەكات؟ بۆ بەرژەوەندی كێ ئەمە تاوانە ئەنجام ئەدات؟

دیمەنی سوتاندنی ئۆتۆمبێلەكەی ماۆستا گوڵاڵە سدیق لەدەستەی مامۆستایانی ناڕازای هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، سوتانی ئۆتۆمبیلەكەی باوكی سوتانی ئۆتۆمبیلەكەی مامۆستا ئاوات، سەرەتای سواڵكردنێكی دیارە بۆ توندرەوی و توڕەكردنی چالاكوانە ئاشتیخوازەكانی شارەكەمان.


چالاكوانانی مەدەنی و ئاشتی خواز و خاوەن ماف، لەوە هۆشیارترن كە دەستیان رابكێشن بۆ توندڕەوی و تۆڵە، ئەوان كە ئەم ماوە درێژە توانیان چالاكییە مەدەنییەكانیان بە لاڕێدا نەبرێت.
مامۆستایان لە داهاتوشدا دەیسلمێنن ئەو جۆر لە سواڵكردن رەواجی نەماوە و تەنانەت سواڵكەرێكی بێ ئەزمونیش دەزانێت، ئەم جۆرە لە سواڵكردن بازاڕی نەماوە.

27/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر