خەونە مێژووییەکەی کورد بەدی هات!

ئاریتما محەمەدی
هێرشه‌كانی ئەم دواییه‌ی داعش بۆ سه‌ر كوردستان و به‌ گشتی ئێراق بووه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كوردستان و بۆ یه‌كه‌مینجار كورد له‌ باشووری كوردستان كێشه‌ی خاكی نه‌مێنێت، هاوكات هه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژوودا یه‌ك ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست دژی داعش و نه‌یارانی كورد ڕابووه‌ستن و پاشه‌كشه‌ بە نەیارانی کورد بکەن و كێشه‌ سیاسییه‌كانیان وه‌لا بنێن و هه‌موو پێكه‌وه‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆ بنوێنن، ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌ونه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و تاكی كوردستان سه‌دان ساڵه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت و تاكوو هه‌نووكه‌ بەدی نه‌هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئەو نه‌یاره‌ مێژووییه‌ی كورد كه‌ كولتووره‌كه‌ی دژی‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ و له‌ مێژوودا هه‌وڵی پاكتاوكردنی كولتووری كورد و فرە ڕەنگی و فرە چەشنی و فرە ئایینی کۆمەڵگای کوردستانی داوه‌، دووباره‌ هێرشه‌كانی ده‌ست پێ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و هێرشه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌‌ تێكڕای ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان  و هەروەها پارتەکانی سیاسیی کوردستان هەر کامە لە ئاست ئەو هێزەی کە هەیانە ئامادەی خۆی بۆ بەرپرچ دانەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان و بە تاییبەت دا‌عشی دژە مرۆڤ ڕابگەیەنێت و خۆیان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ بکەن.

ئەمە یەکەمینجارە کە پارتەکانی کوردستان بیروبۆچوونی سیاسیی خۆیان وەلا دەنێن و دەست دەدەنە دەستی یەک و دژی کولتووری داگیرکەری دەوەستنەوە، یەکێتیی و یەکڕیزی ئەمەیە و سەرکەوتن لەمەوە دەست پێ دەکات و ئاسۆی گەشی وڵات لێرەوە ڕەنگی ژیان و بەختەوەری بەخۆیەوە دەگرێت، ئەمڕۆ ڕووناکی خۆر پەڵەی هەوری ڕەشی لادا و وزەی ڕووناکیی و جوانی و سەربەستیی گەیاندە چیا و پێ دەشتەکانی کوردستان، کورد نەمرە وەک چیا، وەک خۆر و ڕووناکی، ئەگەر وەک چیا سەرماوسۆڵە بەخۆیەوە ببینێت و ئەگەر وەک ڕۆژیش تاریکی سەرتاپای داگیر بکات، تێپەڕی دەکات و وەرزی جوانی بەهار و ڕووناکی خۆر دێتەوە و پەیامی ئاشتی و ئازادی دێنێت. کورد لە مێژوودا هەوێنی پێشکەوتن و تێپەڕ کردنی هەورازونشیوەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زاگرۆس و میزووپۆتامیا بووە و ئیستاش هەر ئەم نەتەوەیە پەیامی ئاشتی و ئازادی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە دێنێت.

ئەو ڕۆڵە بەنرخانەی گەل کە لە پێناو وڵات و نیشتماندا گیانی خۆیان فیدا دەکەن، سەروەری لە مێژوودا بۆ خۆیان تۆمار دەکەن و وەک گەورە پیاوانی وه‌ك پێشه‌وا قازی، وه‌ك سمكۆی مه‌زن، وه‌ك شێخ سه‌عیدی پیران و وه‌ك ده‌یان شه‌هید و سه‌ركرده‌ی تری ئەم نیشتمانە سەروەری دەخوڵقێنن و سەرکەوتن بۆ گەل مسۆگەر دەکەن، نێوی ئەو تێکۆشەرانە لە مێژوودا ون نابێت و ئه‌و ڕۆڵه‌ چاونه‌ترسانه‌ی گه‌ل كه‌ له‌ پێناو كوردستاندا شه‌هید ده‌بن، له‌ نێو دڵی گه‌لدا ده‌نێژرێن و هه‌رده‌م یادیان زیندووه‌ و لە ئاستی باڵادا به‌ سه‌روه‌ری مه‌زن ده‌گه‌ن. ژیانی مرۆڤ ڕۆژێک هەر کۆتایی دێت و چەند خۆشە کە لە پێناو نەتەوە و نیشتماندا مرۆڤ ژیان و گیانی بەخت بکات.

ئەم یەکێتیی و یەکڕیزییە کە هەنووکە لە نێوان لایەنەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەدی هاتووە، پەیامی سەرکەوتن دەگەیەنێت و ئەو پەلامارەی هێزی پێشمەرگە و گەریلا داعش تێک دەشکێنێت. هەروەک چۆن کۆمەڵێک هێز و وڵاتی ناوچەیی لە درووست بوونی داعشدا کەڵکیان وەرگرت و دەستکەوتیان هەبوو، بوونی داعشیش لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵێک لە هاونیشتمانانی کورد لە شەنگال و کەرکووک و سنجار و زووبار و هاوکات کۆمەڵێک ڕۆڵەی بەنرخ و تێکۆشەری کورد شەهید بوون و بە کاروانی شەهیدانی کوردستان پەیوەست دران، بەڵام خاکی کوردستان لە باشووری وڵات گەڕێندرایەوە سەر کوردستان و لەوەش گرینگتر ئەو یەکێتیی و یەکڕیزییەیە کە هەنووکە لە نێوان هێزەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان پێک هاتووە، ئەمەیان لەهەر هەموویان دژوارتر و ئەستەمتر بوو، بەڵام لە ئاکامدا بەدی هات. پاراستنی ئەم یەکێتیی و یەکڕیزییە ئەرکی هەموو لایەنەکانە و دەبێت ئیتر هەست بەبەرپرسیارێتی کردن باییخی پێ بدرێت، بێگومان یەکێتیی و یەکڕیزیی، کورد بە ئاسۆی گەش دەگەیەنێت و سەرکەوتنی یەکجارەکیی مسۆگەر دەکات.

داعش ئەو بیرە کۆنەیە کە دەیان سەدەیە بووەتە هۆی پاشکەوتوویی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورد و تەنانەت ڕێی لە گەشەسەندنی کولتووریی و زانستیی گرتووە و پەرەی بە ئاژاوە و دووبەرەکیی لە نێوان گەلانی ناوچەکە داوە، ئیسلام لە گەڵ ئەودا کە ئایینێکی پیرۆزە و هەر گەل و کۆمەڵگایەک مافی سرووشتیی و بنەڕەتی خۆیەتی کە پێڕەوی لە ئایینێکی تاییبەت بکات و ئەوەش مافی سرووستی مرۆڤە کە سەربەست بێت لە هەڵبژاردنی ئایین و بیروڕاکانی، بەڵام ئەمڕۆ ئیسلامیی سیاسیی و فانتامینتالیزمی ئیسلامیی و تنئاژۆی ئیسلامیی بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتیی لە جیهان و بەتاییبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە دا. ئەرکی هەر مرۆڤێکی خاوەن هەست و هەڵوێستە کە لە دژی ئەم ڕەوتە تیرۆرستییە هەستێتەوە و ڕێ لە ناشیرین کردنی ئایین بگرێت. ئەم ڕەوتە تنئاژۆیە کە خۆی لە داعشدا دەبینێتەوە دژی هەر چەشنە سەربەستییەکی مرۆڤە و بۆ کۆیلە کردنی ژن و پیاو هەوڵ دەدات.

دیارە ئەم ڕەوتە تیرۆرستییە کە خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئایینی ئیسلام پێناسە دەکات، لە ئایین بۆ کۆیلە کردنی مرۆڤ کەڵک وەردەگرێت و لە ڕاستیدا ڕەگەزپەرەستیی بەرهەم دەهێنێت و باییخ بە بنەماکانی هیچکام لە ئایینەکانی کوردستان و ناچەکە نادات و تەنیا ئەو شوێنانەی کە لەلایەن کۆمەڵگاوە پیرۆزە دەڕۆخێنێت، ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەم ڕەوتە کە ناوی داعشە باوەڕی بە هیچ چەشنە فرە ڕەنگییەکی کۆمەڵایەتیی نییە و دەیهەوێت کۆمەڵگایەکی یەک دەستی داعشانە پێکەوە بنێت و ئیزن بەبوونی هیچ چەشنە ئایینێک و باوەڕێکی دیکە نادات، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بە ئیسلام هەبێت، بەڵام لەگەڵ بۆچوونی داعشدا تەبا نەبێت لە ناوی دەبات، ئەمەش مەترسییەکی مەزنە کە ڕووبەڕووی کوردستان و ناوچەکە بووەتەوە.

کاتی ئەوە گەییشتووە کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی لەو ناوچانە کە داعش تێدا دەسەڵات بەدەستەوەیە و هاوکات ئەو ناوچانەش کە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کە داعش هێرشی بکاتەسەر و داگیری بکات، ڕێک بخرێت، چونکە ئەم گرووپە تیرۆرستییە باییخ بە بەهاکانی مرۆڤایەتیی نادات و بگرە باییخە کۆمەڵایەتییەکانیش ژێرپێ دەخات. من هەمیشە لە گەڵ ئەوەدا بوومە کە کورد لەم شەڕە خۆی بەدوور بگرێت و نەبێتە بەشێک لەم کێشانە، بەڵام هەنووکە کە داعش هێرشی کردووەتە سەر کوردستان و ناوچەکانی شێخان و سنجاری داگیر کردووە و دەستی کردووە بە کووشتنی ئەو کوردانەی کە ئایینی ڕەسەنی کوردستانیان پاراستووە و دەستدرێژی دەکاتەسەر گیانی هاوڵاتییانی کوردستان، کاتی ئەوە گەییشتووە کە شەڕێکی گشتگیر لە دژی داعش و ئەوانەی کە وەک داعش بیر دەکەنەوە دەست پێ بکرێت. ئەم شەڕە دەبێت لە کوردستانەوە دەست پێ بکات، چونکە ئیستاش کەسانێک هەن کە هاوکاری داعش دەکەن و ڕێخستن بۆ ئەو گرووپە تیرۆرستییە دەکەن و لە کوردستانەوە لاوانی کورد ئاودێوی سنوور و ڕەوانەی نێو ڕیزەکانی داعش دەکەن. کورد هیچکات لە مێژوویدا لەگەڵ ژێردەستەبوون یەک نەبووە و هەمیشە خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدانی لە گۆڕێدا بووە، مێژوو پێشانی داوە کە کورد هەمیشە دژی دواکەوتوویی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بووە و هەردەم دژی کۆنەپەرەستی خەباتی کردووە.

داعش ئەو هێزەیە کە هەنووکە نوێنەرایەتیی تێکڕای ئەو بیر و هزرانە دەکات کە دژی ناسنامەی کوردستانین، بەشداری کردنی دانیشتووانی گوندە عەرەبەکانی دەورووبەری موسڵ لە شەڕی دژبە کورد و پێشمەرگە و گەریلا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە داعش ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی و ڕەگەزپەرەستە و پێویستە کە پێشی پێ بگیرێت و لەنێو بچێت. بوونی دەسەڵاتێکی لەو چەشنە و هاوسێ و هاوسنووری کوردستان هیچ قازانجێکی بۆ کورد و نەتەوەکەمان نییە بێجگە لە شەڕ و کوشتن و ئاژاوە نەبێت. چونکە ئەو ڕێکخراوە باییخ بە یاساکانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان و ئازادییە مرۆڤایەتیی و تاکەکەسییەکان نادات و گەورەیی مرۆڤ بێ باییخە لای، ئەوەش هاوسێیەکی باش بۆ کورد نابێت، بەتاییبەت هەنووکە کە لە دژی کورد شەڕی ڕاگەیاندووە و دەیان هاوڵاتیی کوردی کوشتووە.

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت کورد و پارتەکانی سیاسیی کوردستانیی دەست بدەنە دەستی یەک و داعش قڵاچۆ بکەن و تێکی بشکێنن. کورد ئەوەی بە جیهان سەلماندووە کە نەتەوەیەکی پێشکەوتووخواز و خاوەن هەڵوێستی مرۆڤانەیە و ئامانجی جێگیرکردنی دیموکراتیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکە، ئەو وڵاتانەی کە هەنووکە بوونەتە کێشەی مەزن بۆ ئەورووپا و جیهانی پێشکەوتوو، کاتی ئەوە گەییشتووە کە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانیش هاوکاری کورد بکەن و هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکەن، بێگومان بەهێزبوونی داعش کێشەی سەرەکیی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاواییش دەبێت.


06/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر