سوێندخواردنی سەرۆک و ئاماژەکان!

دڵشاد ئه‌نوه‌ر
.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی خوارد و بووە دووەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 
گەر کەمێک بە دیقەتەوە لە بۆنەی سوێندخواردنی سەرۆک بڕوانین، زۆرشتمان لا ڕوون دەبێتەوە، هەر لە ریزبەندی وتارەکان و چۆنیەتی قسەکردنی بەرپرسانەوە تا دەگاتە مامەڵەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران هەمووی قابیلی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنە، کە هەوڵ دەدەم لە خوارەوە بە خێرایی ئاماژەیان پێ بکەم.
.
سەرۆکی نوێی هەرێم
.
بێگومان نێچیرڤان بارزانی خواستی مانەوەی هەبوو لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا ، بەڵام سەرکردایەتی حیزبەی ئەم پۆستەیان بۆ هەڵبژارد، تا کورسیەکەی بۆ مەسرور بارزانی چۆڵ بکات.
بەڵگەمان بۆ ئەوەی کە نێچیرڤان دەیویست لە پۆستی سەرۆکی حکومەت دا بمێنێتەوە، ئەوەیە هەم سەرۆکایەتی حەملەی هەڵبژاردنی پارتی کرد و هەمیش دوای هەڵبژاردن، بەڕوونی وتی( سوپاس بۆ گەلی کوردستان کە جارێکی تر متمانەیان بە حکومەتەکەیان دایەوە.)
نێچیرڤان بارزانی کە ویستی ببێتەوە سەرۆکی حکومەت و بۆی نەلوا، ئێستا نایەوێت لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم بە دەسەڵاتێکی لاواز و تەشریفاتیەوە دابنیشێت، لەوێوە سەیری مەسرور بارزانی بکات کە مومارەسەی دەسەڵاتێکی زۆر دەکات.
نێچیرڤان بارزانی ئامادەکاری کردووە ، ستافێکی زۆری نزیک لە خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ئامادە کردووە(ناوی ستافەکە لەبەردەستن) دەیەوێت بجوڵێت، دەسەڵاتی هەبێت و دەسەڵاتەکانیشی لەسەرووی حکومەتەوە بن.
پاشان بۆنە گەورەکەی ئەمڕۆ و داوەتکردنی ئەو هەموو بەرپرس و کونسوڵ و باڵیۆزە ، پاشان هەوڵە بەردەوامەکانی لەگەڵ یەکێتی تا بەشداری مەراسیمەکە بکەن ، ئاماژە و دەرخەری نیەتەکانی داهاتووی نێچیرڤانن.
بەکوردی و کورتی، بۆنەکەی ئەمڕۆ ئاماژەبوو بۆ ئەوەی کە نێچیرڤان وەکو سەرۆکێکی دەسەڵات لاواز و تەماشاکەر ڕاناوەستێ ، بەڵکو حکومەتێکی تر لەچوارچیوەی هەرێمدا لەژێر ناوێکی جیاواز تر کە سەرۆکایەتی هەرێمە دروست دەکات.
.
مەسعود بارزانی و مەرجەع
.
گەر بەوردی دیقەت لە مامەڵەو وتارەکەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی بدرێ ، ڕوونە کە وەکو مەرجەع مامەڵەی دەکرد، خۆی پێ گەورەتربوو لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی نوێی هەرێمیش.
تەنانەت ستافی ئامادەکاری مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمیش، وەکو مەرجەع مەسعود بارزانی یان پیشانداو مامەڵەیان لەگەڵ کرد.
یەکەم وتار بۆ بارزانی دانرابوو لەکاتێکدا سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق حزوریان هەبوو، بارزانیش سیفەتی رەسمی نەبوو، جیا لەوەش وتارەکەی بارزانی زۆر کورت بوو، ئەم کورتیەی ئاماژەبوو بۆ خۆ نیشاندانی وەکو جۆرێک لە مەرجەع بوون.
لەکاتێکدا کە سیفەتی فەرمیشی نیە و بەحساب دەست بەرداری دەسەڵات بووە، بەڵام لە وتارەکەیدا دەڵێت( پشتیوانی نێچرڤان دەکەم) دیسانەوە هەمان شتی لێدەخوێنرێتەوە.
پاشان نێچیرڤان بارزانیش وەکو سەرۆکی هەرێم ، گەر بە پۆست بێت کەس لەسەرووی ئەوەوە نیە، کەچی دوای سوێند خواردنی دەچێتە بەردەم بارزانی و لە پێش چاوی دونیا دەستی ماچ دەکات، ئەمەش جارێکی تر دان نانی سەرۆکی باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمە بەمەرجەع بوونی بارزانی و هەوڵێکی وازحیشە بۆ بەفەرمی ناساندنی.
جیا لەوانەش ، هەروەک چۆن سەید عەلی سستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق وتەبێژی هەیەو ناوەناوە قسەی دەبێت لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسیەکاندا، بارزانیش ماوەیەکە وەکو مەرجەع خۆی وێنا دەکات و ناوە ناوە بەناوی بارەگای بارزانیەوە، قسە لەسەر ڕووداوە سیاسیەکان دەکات.
بۆیە نکۆڵی لەوە ناکرێت گەر لە رابردوودا دوو دەسەڵات لە هەرێم هەبێت ، ئەوا لەمەودوا بارەگای بارزانیشی هاتە سەر ، پارتی وەکو مەرجەع بارزانی دەناسێنێت، لایەنەکانی تریش بەناو هەن و لە واقیعیشدا خەریکە هەموو قورساییەک لەدەست دەدەن.
.
بچوک بوونەوەی پەرلەمان
.
پەرلەمان وەکو باڵاترین دەسەڵاتی وڵات، لەکاتێکدا پارتی بەبەرنامە کار بۆ ئیبراز کردنی بارەگای بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت دەکات، لەهەمانکاتیشدا بەبەرنامە کار بۆ بچووک کردنەوە و سوک کردنی پەرلەمان دەکات و کردوشیەتی.
ساڵانی رابردوو پەرلەمان لەمپەربوو لەبەردەم زۆر شتی پارتی دا، وایلێهاتبوو پارتی وەکو دامەزراوەیەک و سەرچاوەی موئامەرە لێی دەڕوانی، بۆیە لەم خولەدا بیری کردەوە لەوەی کۆتایی بەم مەترسیەش بێنێ.
توڕەبوونی پارتی لەپەرلەمان گەشتە ئاستێک ئیفلیجی کرد و سەرۆکەکەی ناردە ماڵەوە ، بۆیە ئەمجارە جیاوازتر کاری لەسەر ئەو دامەزراوە کرد ، هات هەردوو جێگرەکەی برد ، بۆ ئەوەی گەر سەرۆکەکەشی لەلای تر بێت ، گرفتی بۆ دروست نەکات.
ئێستا پەرلەمان نە سەرچاوەی مەترسیە بۆ پارتی و نە مایەی گرفتیشە بۆ کارەکتەرە سەرەکیەکانی، بەڵکو کۆمەڵێک بوکەڵەی تێدایە و چۆنی بوێت وا دەکەن.
ئێوە سەیری مامەڵەی ئەمڕۆی سەرۆک پەرلەمان و ستافەکەی بکەن ، سەیری تەکلیف و تەکلیفکاری پەرلەمانتارەکان بکەن تا سێڵفیەک لەگەڵ نێچیرڤان دا بگرن.
ئاخر پەرلەمانێک گەر سەرۆکەکەی بە شەرم و بچوکیەوە بە بارزانی باوک و برازا بڵێت (سەرۆک) و بەبارزانی کوڕ بڵێت ( برا گەورە )، ئاخر پەرلەمانێک پەرلەمانتارەکانی تەکلیف بکات بۆ وێنەیەک لەگەڵ سەرۆک، ئایا ئەم پەرلەمانە ئیرادەی چاودێری و موحاسەبەکردنی بەرپرسانی باڵای ئەم حکومەتەی دەبێت؟
بۆیە لێرەوە نابێت چاوەڕێی شتی گەورە لەپەرلەمان بکەین، ناشبێت وەکو دامەزراوەیەکی باڵا لێی بڕوانین ، بەڵکو دەبێت لەمەودوا وەکو بەردەستەی مەرجەع و دوو سەرۆکایەتیەکە سەیری بکەین.
.
وتارە شەرماویەکان
.
گەر سەیری وتاری نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ئەحمەد ساڵەح بکەین، وتارەکانیان پڕبوو لە موجامەلە ، پڕبوو لە شتی تافیهو دوبارە.
واز لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی دێنم چونکە چاوەڕوانکراو بوون ، بەڵام چەند سەرنجێک لەسەر قسەکانی بەرهەم ئەحمەد ساڵەح دەدەم وەکو سەرۆک کۆماری عێراق.
جارێک ئەو وتارەی ساڵەح دای بەهەموو مانایەک لێدان بوو لە گەورەیی پۆستی سەرۆک کۆمار، وتارێک بوو جگە لە موجامەلەی بارزانی هیچی تری تیا نەبوو.
مەفروز بوو وتاری یەکەم، بەرهەم ساڵەح وەکو سەرۆکی باڵاترین دەسەڵاتی عێراق بیخوێندایەتەوە بەتایبەت هەرێم بەشێکە لەعیراق ، چونکە ئەمە ئەتەکیەتی دبلۆماسیە، کەچی وتارەکەی خرایە دوای بارزانی، کە وتارەکەشی دواخرا، وتارەکەی خاڵی بوو لەهەموو ئەتەکیەتێک و پڕبوو لە موجامەلە.
ئەوەی لە وتارەکاندا بینیم، کە واقیعی بوو ، لە ناوهێنانی بەرپرساندا ئەتەکێتی تێدا لەبەرچاو گیرابوو، وتارێکی زۆر جوان بوو، تەنها وتارەکەی نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.
لە وتارەکەیدا، بەپێی ریز بەندی و ئەتەکێتی دبلۆماسی ناوی سەرۆکایەتیەکانی هێنا، جیا لەوەش هەندێک پەیامی واقیعی لە پشت قسەکانیشیەوە بوو.
لەکۆتاییشدا، قسەکردن لەسەر هەڵوێستی میوانە بەرێزەکان ( یەکێتی ، گۆڕان و لایەنەکانی تر، هەڵدەگرین بۆ وتارێکی تر ...

10/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر