هەڵبژاردنی پەڕلەمان دەسەلاتی هەرێم ناگۆرێت، تەنیا بەشۆڕشێكی ڕادیكال نەبێت

د. سالار باسیره‌
پێشەكی
28 ساڵ ئەزمون و تاقیكردنەوەی سیاسی هەرێمی كوردستان گەنجینەیەكە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەو دەسەلاتەی كۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەكانی ولات دەكات نە بەو شێوە هەڵبژاردنە گالتەجاری و دیموكراسیە ساختەیە دەگۆرێت ، و نە بەم جۆرە پەڕلەمانە كارتۆنیە. ئەوەی لەو ڕاستیە تێنەگەیشتبێت ، دەبەنگێكی سیاسیە ، یان تاوانبارە لە بەلارێدا بردنی ڕاستیەكان. ئەلبێرت ئاینشتاین وتەنی "گەمژە ئەو كەسەیە چەندین جار یەك كار دوبارە بكاتەوەو چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت".
هەڵبژاردن و دیموكراسی
هەڵبژاردن تەنیا یەكێكە لە خەسڵەتەكانی دیموكراسی ، بەلام هەڵبژاردن لە هەرێم بنەمای دیموكراسیی نیە بەدەر لەوەی ساختەكاری سەرچاوەكەیەتی و خاوەن كۆمیسیۆنێكی بێلایەن نیە. هەروەها دیموكراسیەت بێ بوونی دادپەروەریی بێ بنەمایەو كەلتوری خێڵەكی توانای بەرچەستە كردنی دیموكراسیەت و دادپەروەریی نیە. دیموكراسیەت لە بوونی دەستورێكی تەندروستدایە ، جوداكردنەوەی سێ دەسەلاتەكە لە یەكتر ، ئازادی تاك و كۆمەلگای مەدەنی، ئازادی فكرو نوسین ، بوونی فرەیی ، مافی كەمینەكان ، مافەكانی مرۆڤ و بە هاولاتی بوون ... تاد.

"سیستەمە سیاسیەكەی" هەرێم
خوێندنەوەیەكی زانستیانەو واقیعبینانە بۆ سیستەمە سیاسیەكەی هەرێم دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی سروشتی فەرمانڕەواكە چیەو چۆن بەرامبەری دژە ستراتیژیەت بونیات بنرێت. بە ڕوكەش خۆمان لەبەردەم سیستەمێكی (دەسەلاتێكی) سیاسی دەبینینەوە كە خاوەن هەر سێ ئۆرگانە دەوڵەتیەكەیە (پەڕلەمان ، حكومەت ، دادوەریی) ، هەروەها فرە حیزبیی ، رێكخراوە كۆمەلایەتیەكان و میدیای هەمە چەشنە بەلام هی سێبەر ... بە ڕوكەش نیشانەی سیستەمێكی سیاسی پلورالیستی نیشان ئەدات ، بەلام حاكمی پشت پەردە كێیە؟ 
لە هەرێم (باشور) دوو سیستەم لە تەنیشت یەكترەوەن. سیستەمی خێزان كە خۆی لە خێڵی سیاسی بنەماڵەكاندا دەبینێتەوەو پاشان بوونی سیستەمە دەوڵەتیەكە. لە هەمان سۆنگەوە دەسەلاتی ئۆتۆكراسی و دەزگا بیرۆكراسیەكانی و دەسەلاتە تەقلیدیەكەی خێزان و بنەماڵەو خێڵە سیاسیەكان خۆیان خزاندۆتە نێو سیستەمە دەوڵەتیەكەو فۆرمەكەیان (بە وتەی ماكس ڤێبەر) بۆ دەسەلاتێكی تەقلیدی خاوەن میلیشیا، دارایی ، ئیدارەو رێكخستنی بنەماڵەیی گۆریوە. بێ ناوەڕۆك كردنی پەڕلەمان و دەزگای دادوەری و ... هتد. بەلگەی ئەم بۆچونەیە.

لە ڕووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەك زۆربەی ئەوانەی تری ولاتانی "جیهانی سێ" لە ڕاستیدا بریتیە لە گرێدانێكی تەقلیدیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن كردن دەركەوتەیەكی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) بەلام سروشتی ئەم دەسەلاتەی ئێستەی هەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیەو رێگریشە لێی. هەربۆیە ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێكی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی. پڕۆسەی هەلبژاردنی ساختەو پەڕلەمانی كارتۆنی بەكار دەهێنێت بۆ شاردنەوەی خۆی لە پشت ئەم ئۆرگانە دەوڵەتیانەوە. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیی 28 ساڵ، بەشدار بوون لەهەر هەڵبژاردنێكی ساختەكاری و گالتەجاریانە هیچیتر نیە ( لە خزمەت كردن بە دەسەلاتی خێزان و خێڵە سیاسیەكان) كە ئێستە بالا دەستن. 
داخستنی دەرگای پەڕلەمان لە لایەن بارزانیەوەو وتەكانی بەرپرسی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەنالی پارتیەوە "ئەگەر یەك كورسییش بهێنن دەسەلات تەسلیم ناكەن ..."  پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە ئەوە جیهانبینی تەواوی دەسەلاتەكەیەو دەستاودەست كردنی دەسەلات قبول ناكەن و بە میكانیزمی ئیرهاب و هێز دەبێت بمێننەوە لەسەر دەسەلات ئەوەش جاڕدانی مەرگی دیموكراسیەتە. كەواتە دەپرسم هێزەكانی دەرەوەی دەسەلات ، ئەوانەی خۆیان وەك حیزبی ئۆیۆزیسیۆن ناوزەند دەكەن و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای چی كەوتوون؟ 
ئەو ئازادی و دیموكراسیەتەی دەسەلات باسی لێوە دەكات تەنیا بۆ نوخبەیەكی سیاسی خۆیانەو هیچیترو هێزەكەیان بۆ خزمەتی پڕۆسەی دیموكراسی نیە .. ئەوانەی لە بری بەهەشت جەهەننەمیان بۆ خەلكیی دروستكردو بەهەشتیش بۆ خۆیان. ئەوانەی كە ئەقڵیان تەنیا لە لولەی تفەنگەكانیاندا بێت ناتوانن ببنە هێنەری ئارامی و پێشكەوتن بۆ گەلەكەیان. پەندەكە وتەنی ئەوانە دەتوانن بە قەمەی سەر تفەنگ حوكم بكەن بەلام ناتوانن لەسەری دابنیشن. چیتر دەمێكە كاتی ئەوە هاتووە ئەندام و كادرو شوێنەكەوتوەكانی یەكێتی و پارتی و هاوشێوەكانیان خۆیان ساغ بكەنەوە ، لەگەل سیستەمی ستەمكاریدا دەبن یان لە دژی ڕادەپەڕن و دێنە بەرەی گەلەوە.

حیزب
سەبارەت بە حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان بە ڕوكەش بریتی نیە لە سیستەمی تاك حیزب ، بەلام جەوهەری ڕاستەقینەی حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان بریتیە لە حیزبی قائید. حیزبی قائیدیش هەمیشە بە ئاڕاستەی تاك حیزبیدا دەڕوات. بەواتا پارتی و یەكێتی وەك حیزبی قائید، بەلام حیزبی قائیدی كاریزمایەكی نەگەتیف كە بریارو ئیرادەی سیاسی بەندە بە كەسی قائیدەوە ، یان بە تاقمێكەوە. دەكرێ رێگا بدات بە دروستبونی حیزبی تر بەلام خۆی دەبێت برا گەورە بێت و دەسەلاتدار بێت. لە هەرێمی كوردستان حیزب لە غیابی دەستوردا (گەل دەنگی پێنەداوە) سیاسەت و دەسەلات پیادە دەكات هەربۆیە شتێكی گرانە لێرەدا باس لە شەرعی بوونی ئەحزاب بكرێت.

رێفۆرم
سروشتی ئەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە دواكەوتوە تەقلیدیە توانای ڕیفۆرم كردنی ڕاستەقینەی نیە چونكە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. هیچ رێفۆرمێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناكرێت لێی چونكە سروشتی سیستەمەكە سیمای رێفۆرم كردنی پێوە نیەو هەر رێفۆرمێكی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی لەناو بردنی خودی دەسەلاتەكە خۆی. رێفۆرم لە (فۆرم) دا دەكرێت ، بەلام ئێمە لە باشور خاوەنی كام جۆرە فۆرمین كە بە نیازبین دوبارە دەستكارییان بكەینەوە لە كاتێكدا ئێمە خاوەنی فۆرمە كۆنكرێتیەكەی بەرێوەبردن و دەوڵەتداری نین بەلكو لەبەردەم كۆمەلێك بونیاتی شل و شێواوداین. نەك هەر پەڕلەمان و دامودەزگاكانی تر تەنانەت حیزبیش لە باشور فۆرمێكی كۆنكرێت و دەزگایەكی مۆدێرن نیە بەلكو خاوەنی چەند خێزان و خێلێكی سیاسی چەكدارین كە شەرعیەتی خۆیان بە زۆری چەك و لە شاخەوە سەپاندوەو دەستیان بەسەر سامانی گەل و ولاتەكەدا گرتوە. حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەك ئامراز. 

ئیرهاب وەك ئامرازی سەقامگیری
بەدەر لەوە ئەم دەسەلاتە سەقامگیریەكەی لە پیادەكردنی هێز، پەنا بۆ میتۆدی جۆراوجۆر دەبات ، لە میكانیزمی كۆنتڕۆل و چاودێری و تۆقاندنەوە سەرچاوە دەگرێت و كرین و پابەند كردن بە پارە. كۆنتڕۆڵی سەرجەم بزوتنەوەو چالاكیە كۆمەلایەتی و مەدەنیەكان دەكات و بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسك كردنەوەو ژێردەستكردنی داواكاریە سیاسی و كۆمەلایەتیەكان. دەسەلاتەكە لەلایەن ئەلیتەیەكی سیاسی و بیرۆكراتی دەورە دراوە. هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەكانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و كاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بكات ئیتر بەهەر میتۆدێكی ناشەرعیش بێت. 

ئەم شێوازی دەسەلاتە بەوە دەستنیشان دەكرێ كە كەسی دەسەلاتدار خاوەنی ئیدارەو دەزگای سەربازی و میلیشیاو دەزگای هەوالگری و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی و بە مەركەزیەت كردنی دەسەلات هەیەو بە شێوەیەكی سەرەكی لە كەسانی پابەند دروستبووە كە دەوری دەسەلاتەكەی داوە. دادوەریی و مافە سیاسیەكانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەك شتێكی، مولكێكی شەخسی مامەلەی لەگەڵدا دەكرێ و توانای بەسەر ئامرازەكانی دەسەلاتدا هەیە هەروەك بەسەر كالایەكی خۆیدا هەبێت، بەم شێوەیە دەكرێ بكڕدرێ و موزایەدەی پێوە بكرێ، بە قەرز بدرێ و لە وەرەسەدا بەش بكرێ. 

لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە ، گەل سەندراوەتەوەو دوور دەخرێتەوە لە هوشیاری سیاسی ، چونكە هەموو هوشیاربونەوەیەك دەبێتە رێگر لەبەردەم دەسەلاتە سولتانیەكەی هەرێم. گەل بێ مافی سیاسیەو وەك خزمەتكار سەیر دەكرێ نەك وەك هاولاتی لە دیدگا مۆدێرن و مەدەنیەكەوە. لەلایەن توێژە دەسەلاتدارەكەوە وەك ئۆبجەكتی ڕوتاندنەوە سەیر دەكرێ و داگیركردنی مولكی گشتی بە رێگای دەسەلاتداری كەسەوە بوونی هەیە. ئەم "سیستەمە سیاسیە" تەقلیدیە بەهۆی بلۆك كردنی خۆیەوە رێگر دەبێت لە گەشەكردن بە ئاڕاستەی هەرێم یان دەولەتێكی مۆدێرن.    


دەسەلاتدار پشت بە ئیدارەكانی سەر بە دارودەستەو كەسی دەسەلات و بە هێزی چەكدار دەبەستێت و سەرجەم پەیوەندیەكانی دەسەلات پەیوەندی شەخسیە. لەیەكتر جوداكردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەكان و گشتیەكان نیە. جوداكردنەوەی دەزگاكان بە ڕوكەش ددان پێدا نراوە، هەربۆیە دەكرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێ بدرێ، بەلام لە پراكتیكدا بوارە شەخسیەكان و گشتیەكان زۆربەی كات لەیەكتر جودا ناكرێنەوە. تەنانەت پەیوەندیەكانی دەرەوەش بە خێل و خێزان كراوە. لێرەدا ناكرێ باس لە ولاتێكی موئەسەساتی بكرێت. پێكهاتە بیرۆكراسیەكان لەم سیستەمەدا مۆنۆپۆلی سەرجەم پەیوەندیەكانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و كۆمەڵ دەكەن. لەنێو دەزگا دەوڵەتیەكەدا دەسەلات لە شەخسی ، یان تاقمێكی سەركردە سیاسەكەدا چڕبۆتەوە (سیستەمی سەرۆكایەتی وەك نمونە). ئەوەی لێرەدا بەتوندی پیادە دەكرێ ئەوەیە خەڵكان و كارمەندان لە شوێن كارەكانی خۆیاندا خاوەن مافی خۆیان نین. ئامرازە ئیداریەكان دەخرێنە خزمەتی دەسەلاتەوە، دەسەلاتیش ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەیبینین. 
       
دیاردەیەكی شاراوە نیە پڕۆژە ئابوریە گەورەكان و دۆخی بازرگانی لە لایەن دەسەلاتی خێزان و بنەماڵەوە مۆنۆپۆل كراوەو دەسەلاتدارانی هەردوو ئیدارە لە سەدەی بیست و یەكدا وەك ئەمیرەكانی سەدەكانی ناوەڕاست ڕەفتار دەكەن. ئەوەی ئەم دەسەلاتە كاری لەسەر دەكات بریتی نیە لە دروستكردنی ژێرخانی ئابوری كۆمەلایەتی بەڵكو تەنیا ڕوو دەكەنە ئەو پڕۆژانەی كە دەستكەوتی ماددی خۆیانی تێدایە. بەم هۆیەوە ئابوری خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندی شەخسی دروست دەبێت و ڕۆڵ دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەكردنی ئابورییش گێڕ دەبێت و بڕوای بە سیستەمی مەركەزی هەیە كە یەكناگرێتەوە لەگەل دیموكراسیەتدا. بەلام هیچ دەسەلاتێك ، سیستەمێك نەگۆڕ نیە ، گەر بۆ ماوەیەكی زەمەنیی درێژیش حوكم بكات. 
كۆمەلگای بێ كەرامەتكراو
كۆمەلگەیەك كەرامەتی شكێندرابێت ، برسی كرابێت ، خاوەن سیستەمێكی سیاسی و كۆمەلایەتی و پەروەردەی تەندروست نەبێت ، خزمەتگوزاریی نەبێت ، بیمەی بێكاری نەبێت ، خۆكوشتنی ئەندامەكانی و كۆچ و ڕەو بۆ دەرەوە بوبێتە دیاردەی ڕۆژانە ، لایەنی دەرونی و كۆمەلایەتی تێك شكێندرابێت و وەك مێگەل مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و وەك كالا لێی بڕوانرێت  ... ئەوا ئەو دەسەلاتە تەنیا بۆ ڕوخان باشە. 

ئەوەش هەڵەیە لایەنە فەرمیەكانی دەرەوەی دەسەلاتی ناوبراو تەنیا لە خەمی كورسیە شكاوە بێدەسەلات كراوەكانی پەڕلەمان و بەرژەوەندی كەسەكان و لە خەمی سەروەت و سامانە ناشەرعیەكەی خۆیان بن كەچی باس لە دیموكراسیەت و دادپەروەری و گوایە نەوەی نوێ بێتە كایەوەو ئەوی دیش داوای گۆڕانخوازیی بكەن ، بەلام لە پشت پەردەوە شتی تر بگوزەرێت. هیچ بازرگانێكی سیاسی ناكرێت دەوڵەمەند بووبێت ئەگەر بە رێگای فەسادەوە نەبوبێت ... یان ئەوانەی كار لەسەر بە ئیسلامی كردنی كۆمەلگا دەكەن و لە خەمی بە توركیاو بە ئێران و سعودی كردنی ولاتن. ئەوانەش بەقەد دەسەلات تاوانبارن بە حوكمی تێكەڵ كردنی ئاین بە سیاسەت و بڕوا نەبوون بە لامەركەزی و عەلمانیەت و بوونە ئەجندای دەرەكی. ئەوانەی لە هەر گەڕەكێك دوو مزگەوت و حوجرەو تەكێخانە دروست دەكەن بەلام بیر لە دروستكردنی كتێبخانەو سەنتەرێكی ڕۆشنبیریی ناكەنەوە، ئەو لایەنە ئیسلامیە سیاسیانەی كار لەسەر تۆتالیتاریزمێكی نوێی ئیسلامی دەكەن. ناكرێ ببنە ئەلتەرناتیڤێكی تەندروست بۆ كۆمەلگا.

هەڵبژاردن لە خزمەتی كێدایە
بەشداریكردن لە هەڵبژارندا لە هەرێمێكی داگیكراودا بەو هەلومەرجەی دەگوزەرێت شەرعیەتدانە بە تالانچێتی و مورتەزەقەیی و پێشیل كردنی مافەكانی مرۆڤ لە لایەن دەسەلاتەوە ، هەربۆیە (( بایكۆت كردن ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقیە ))، با دەسەلات تەنیا خۆی و خۆی بێت و دەموچاوە ڕاستەقینەكەیان زەقتر بە دەر بكەوێت و ئۆپۆزیسیۆنەكان بە گشتی بەشدار نەبن لەو كارەساتە مێژوییەدا ، بەڵكو كار لەسەر كەرەسەكان بكرێت (هوشیار كردنەوەو رێكخستنی چین و توێژە بێ ماف كراوەكان و ستراتیژیی پێچەوانەو بوێریی و كەمكردنەوەی گەندەڵیی و لە خودی سەرەكانەوە دەست پێبكرێت ، بردنەوەی متمانەی جەماوەرو دور كەوتنەوە لە تەوریسی سیاسی و خەباتی جەماوەریی و تەسلیم نەبوون...) ، بەلام ئایا ئەوە بە كێ دەكرێ؟ لانی كەم بۆ ئەم قۆناغە چۆك بە دەسەلاتداران بدرێت بۆ زۆرێك لە داخوازیەكانی گەل. 

دروشمی نوێ
ئەوانەی خۆ بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن دروشمەكانی دەسەلات دوبارە نەكەنەوەو نەبنە دیوێكی تری ئەو دوو حیزبەی دەسەلات ، داواكاریی واقعبینانەی نوێ بهێننە سەر شەقام و بیكەنە ستراتیژی نوێ و شەقامی بۆ بجولێنن.. 
1)داوای بە هەرێم (كانتۆن) كردنی پارێزگاكانی (باشور) هەرێمی كوردستان بكرێت لەسەر بنەمای فیدرالی و لامەركەزی دوور لەو دوو ئیدارەییە حیزبیەی دەگوزەرێت و پێچەوانەی دەستوری عێراقیش نیە ، هەر هەرێمە خاوەن سێ دەزگا دەوڵەتیەكە بێت  ( بەندە بۆ ئەم بابەتە خاوەن پڕۆژەیەكی تێروتەسەلە لە چوارچێوەی یەكێتیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا ، بڕوانە لینكی 
دانراو http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=79679&authorid=581 ). 
2)دروشمی جودا كردنەوەی دین و دەستور لەیەكتر گەرنا هیچ جاوازیەكیان نامێنێت لەگەل لایەنە ئیسلامی و كۆنە پارێزەكان ، بەڵێ بۆ ئازادی ئاین ، بەلام دەستورێك كە بتوانێت نوێنەرایەتی گشتی بكات.
 3) دروشمی نەخێر بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی چونكە نەگونجاوە بۆ ئەم شێوە كۆمەلگایانەو لە دیكتاتۆریەت زیاتر هیچیتر بەرهەم ناهێنێت.  بروانە ئەزمونەكەی هەرێم و ئەوەی توركیا. 

ئۆپۆزیسیۆن كێیەو دەبێت چۆن بێت
لێرەدا دەبێت جیاوازیەك هەبێت ئۆپۆزیسیۆن لە حیزبی دەسەلاتدار جودا بكاتەوە ، بۆنمونە بەرنامەی جیاواز لەوەی دەسەلات و میتۆدو سیاسەتی جیاوازو ئایدیۆلۆژیای جیاوازو ئالتەرناتیڤی هەبێت ، ئۆپۆزیسیۆن وەك ئۆپۆزیسیۆن ڕەفتار بكات. ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ حیزبێكی سیاسی ، ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەڕلەمان بێت یان هێزو جەماوەری ناڕازی دەرەوەی پەڕلەمان بێت. 
بەگشتی جیاوازی دەكرێت لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی هاوكارو ئۆپۆزیسیۆنی توندا. ئۆپۆزیسیۆنی توند هەوڵی خۆجوداكردنەوە ئەدات لەگەل حكومەتداو هەڵەكانی دەخاتە ڕوو بۆ سەنگەر گرتن لێی و خۆنیشاندان وەك ئالتەرناتیڤێكی باشترو ئەوەش بە كردار نیشان ئەدات. ئۆپۆزیسیۆنی هاوكارو شەرمن هەوڵ ئەدات بۆچوونەكانی خۆی بگونجێنێت لەگەل یاساكانی حكومەتداو هاورێیەتی حیزبی دەسەلاتدار دەكات. لێرەدا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبێت دەست لەوە هەڵبگرێت ڕەخنەی توند لەحكومەت بگرێت یان كرداری دژ بە دەسەلات ئەنجام بدات. ئایا ئەوانەی هەرێم دەیانەوێ لە كام لەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە بن ئەگەر خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن.

ئۆپۆزیسیۆنەكانی لای ئێمە لە توخمی ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و چەپدایە ، كە تا ئێستە بەلگەی پەككەوتەیی خۆی نیشان دەدات. لاوازیی پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژیی ، نەبوونی توانای نوێنەرایەتی ڕاستەقینە ، شكستی سیاسی و دۆگمای فكریی و نامۆبوون بە گۆڕانكاریەكانی كۆمەلگاو داخرانی رێكخراوەیی ، پاشكۆیەتی سیاسی ، بەشداریكردن لە بەرەیەكی نیشتیمانی كارتۆنی و گەڕانەوە بۆ تاقمبەندیە تەقلیدیەكان و دەست تێكەل كردن لەگەل بێگانە ، پشت نەبەستن بە بنچینەی ئەقلانیەت ، كار كردنی سیاسی بە پێی زەوق و ئارەزو و لوتبەرزانە ، گوتارە سیاسیەكانی ئەقڵی جەماوەر ناهێنێتە ئاخاوتن بەلكو پشت بە سۆزو عاتیفە دەبەستێت ، هەروەها نەبوونی دادوەریەكی حیزبیی سەربەخۆی سیاسی. هەموو ئەمانە لە شكستەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردیە لە هەرێم. لە كاتێكدا كایەی سیاسی توانایەكی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاركردنی سروشتی ، چ جای بینینی ڕۆلێك.  

دەسەلات دەیەوێت بەناوی ئازادی و دیموكراسیەوە ئازادی و دیموكراسی لەناو بەرێت. دیموكراسیترین سیستەمی سیاسی بێبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە دیكتاتۆر ، بەلام ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی من مەبەستمە. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بزانێت ئەدای كارەكانی چیە لە دەرەوە یان لەنێو پەڕلەمانداو لە مەهامو ماف و ئەركەكانی خۆی تێبگات ، هەروەها ڕاستگۆبێت لەگەل جەماوەرەكەی خۆیداو سەركردایەتیەكی شۆڕشگێرانەی شوێنەكەوتوەكانی خۆی بكات ، ئەو جەماوەرەی كە ئەم نوێنەرایەتی دەكات و متمانەی پێبەخشیوە. هەروەك چۆن دەسەلاتی سیاسی هەیە هەر بەم شێوەیەش دەبێت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش هەبێت. ئۆپۆزیسیۆن بوون بە واتا زانستە سیاسیەكەی بۆ هەرێم (باشوری كوردستان) وەك هەوا وایە بۆ ژیان ، بەلام كام ئۆپۆزیسیۆن؟ هۆكارەكانی لاوازیی یان نەبوونی كەلتوری سیاسی و دواكەوتویی باری كۆمەلایەتی و كزیی هوشیاری سیاسی و كۆمەلایەتی و نەبوونی سیستەمی دیموكراسی لەو فاكتەرانەن كاریگەری خۆیان هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و بە زیان گەڕاوەتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش.

گەل ناڕازی و توڕەیە
گەل ناڕازی و توڕەیە ، بۆنمونە دەبوو گۆڕان نەك تەنیا بە دروشمی بریقەدار پشتگیریی تەواوی 17ی شوباتی بكردایە بەلكو بەهی خۆی بزانیایە نەك بە گێرەشێوێن پێناسەی بكردایە. بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو خاوەن دەموچاو و ئایدیۆلۆژیاو ستراتیژیەكی سابت بوایە (جارێك دەوترێ ئێمە ڕەخنەگرین ، جارێك رێفۆرمخوازین ، جارێك بۆ گۆرینی سیستەمی سیاسین  ...) كەچی بەشداریش دەبوو لە حكومەتی خێلێكی سیاسی ، دواتر بە سەقەتی لێی هاتە دەرەوە. 
ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی بچێتە ژێر چەترێكی كوونی دەسەلاتێكی ستەمكار بێگومان باران شان و ملی تەڕ دەكات. ئەوە كورتبینی سیاسی بوو، یان دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل بن و ڕاستگۆ بن و لە خۆیانەوە دەست پێبكەن و دوربن لە تەوریسی سیاسی و مادیی یان ئەوەیە ئەو دەموچاوانە بڕۆنەوە مالەوە ، ئەوە بۆ لایەنەكانی كەشە. شتێكی نامەنیقیەو تاوانە هێزێكی سیاسی دەنگە ناڕازیەكان وەك ئیسفنجێك هەلمژێت و دواتر لە شوێنی هەڵەدا بیگوشێت. حیزب جا دەسەلاتدار یان ئۆپۆزیسیۆن دەبێت وەك پێویستیەكی سیاسی و مێژویی و كۆمەلایەتی دروست بووبێت ، گەرنا نەبوونی شتێك باشترە لە بوونێكی ناپێویست و خراپ. پێویستە هەموو لایەنەكانی ناو ، و دەرەوەی دەسەلات تەقیمێكی سیاسی ئەو چەند سالەی تەمەنی خۆیان بكەن ئەوان كێن و چین و لەچیدا سەركەوتو نەبوون لە ئەدای كارەكانیانداو بۆچی؟ 

ئۆپۆزیسیۆنی شەقام
ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و گروپەكانی فشار هەن كە رێكخراوی سێبەر نین و خاوەن هەڵوێستی تەندروستن ، خاوەنی كەسانی ڕۆشنبیرو ئەكادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و كەسایەتی بە هەڵوێست و ئازاین ، خاوەن چەندین رێكخراوی گەنجان و ژنان و خوێندكارانی ڕەخنەگری دەسەلات و ژمارەیەك لایەنی هێزە چەپەكان هەن ... ئەگەر هەموو ئەمانە بە ڕاكێشانە ناوی زەحمەتكێشان ، كاسبكاران و فەرمانبەران ... بتوانن بە ڕۆح و هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێكی، بەرنامەیەكی هاوبەش) ، لە بەرەیەكداو لەژێر چەترێكی جەماوەریدا بۆ ئەم قۆناغە رێكبخرێن و كۆبكرێنەوەو خاوەن مەرجەعیەتێك بێت بۆ سەركردایەتی كردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەكی جەماوەریی رێكخراو بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی و ورە بەرزی دەكرێت راپەرینێكی جەماوەریی تۆكمەی لێ بكەێتەوەو دەسەلاتیش ئەو شێرە نیە كە خۆی لەبەردەمیدا بۆ مەودای دوور بگرێت. دوریش نیە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانی ، ڕاپەرینێكی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەركردە ڕوبدات و دواتر دامركێتەوەو كورت خایەن بێت .. هیچ بە دوریشی نازانم ڕەفتاری دەسەلات بگاتە ڕادەی ئەوەی ڕۆژگارێك خەباتی ژێرزەمینی و توندوتیژیشی لێبكەوێتەوە. بەڵێ مێژوو دەكرێ خۆی دوبارە بكاتەوە. چونكە هیوا هەڵچنین لەسەر ئەو هێزانەی خۆیان ناو ناوە ئۆپۆزیسیۆن لاواز بووە.
ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتە ، دەسەلاتی خێڵ و خێزان و سیستەم و دەسەلاتی تەقلیدیی و كۆنەپارێزو ستەمكار هی چاكسازی و دەستاودەست كردنی دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواكاریەكانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموكراتیەكان و رێفۆرم كردن بكات ، ئەوا لە بازنەیەكی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو هیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسیەكان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتوە. دەبێت بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە. كات بۆ بیرۆكەی بە نرختر بۆ ئایندەو چارەنوسی گەل گرنگیی تایبەتتری هەیە.      

 



پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی
لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆشدا پێدەچێت پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی لە باشور بە ڕاپەرین و شۆڕشی ناوخۆ ، ناكۆكی قورسی نێوخۆی دەسەلات ، یان بەكارهێنانی ڕوخسارەكانی تری زەبروزەنگ بۆ بەزۆر دەست لە دەسەلات پێهەلگرتن بێت ، هەندێك جاریش بەدەستێوەردانی دەرەكی و گۆڕان لە هاوكێشە سیاسیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكاندا. 
توڕەیی خەَلكیی باشوری (هەرێمی) كوردستان لەو دەسەلاتە سیاسیە گەیشتۆتە لوتكەو دەمێكە متمانەی پێ نەماوەو ئامادەی كاردانەوەشە ، بەلام پێویستی بە ڕابەرایەتیەكی شۆڕشگێرە ، بەهێزێكە رێنیشاندەری بێت و جێگای متمانەی بێت و رێكی بخات و لە نیوە رێگادا بە تەنیا جێی نەهێلێت و نان بڕاوی نەكات ، بەلارێدا نەبرێت و موزایەدە بە خەباتەكەیەوە نەكات ، گەل ئامادە نیە بۆ هەموو كەس و حیزبێك بێتە سەر شەقام و نەكەوێتە ئەو بارودۆخەی كە سیاسەت بە شتێك بزانێت كە تەنیا بەدبەختی دەهێنێت و متمانەی پێی نەمێنێت ، لە كاتێكدا سیاسەت دیوە فەزیلەكەیشی هەیە. 

بیرۆكەی شۆڕش و ڕاپەرینێكی جەماوەریی ڕێكخراو لە باشور 
ئەلبێرت كامۆ لە كتَێبی مرۆڤی یاخیدا دەنوسێت "یاخیبوون كاتێك ڕوو دەدات ، كە مرۆڤی یاخی هەست بكات لە شوێنێك ، بە جۆرێك لە جۆرەكان لەسەر هەقە ... كە ئەو كاتەش ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون دەبێتە ئەرك... ئەو كۆیلەیەی كە بە درێژایی هەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ كردووە كتوپڕ ، كە فەرمانی تازەی پێ ئەدرێ بریار دەدات جێبەجێی نەكات. یاخیبوون بە گژدا چوونەوەی پووچی ژیان و نائومێدی و ناعەدالەتیە. ڕەتكردنەوەی هەر شتێك یان هەموو نەخێر گوتنێك لە هوشیاریەوە سەرچاوە بگرێت. تاك بە هوشیاریەوە هەردوو وشەی (نەخێر و بەڵێ) بەكار بهێنێت نەك مورید ئاسا تەنها سەری بەڵێ ڕاوەشێنێت". كەواتە ئەگەر مرۆڤ بە سەرشۆڕی ڕازی بێت ، هەر شتێك بێت بەلام مرۆڤ نیە. 

هێزو لایەنەكانی دژ بە شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەریی لە هەرێَم خاوەن رێكخستنەو هێزی هەیە ، هەربۆیە ئەگەر شۆِرشگێڕان بە هەمان هێزو دیسپلین و ئیرادەوە ڕوبەڕووی نەیارەكانی نەبێتەوە ئەوا ڕوبەڕووی لێدان و داڕمان دەبێتەوە. ئەو كاتەی مرۆڤ ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین دەگرێتە بەر بەواتا بە بریارێكی پۆلاینەوە دەبێت ڕێگای هێرش كردن بگرێتە بەر. بەرگری كردن بێ هێرش كردن كوشتنی هەموو ڕاپەرینێكە بە هی چەكداریشەوە ، ئەگەر ناچاری بەرگری كردنیش كرایت ئەوا سەنگەر لێبدەو جەنگی شەقامی لەگەڵ بكە بۆ ئەوەی مەعنەویاتی جەماوەر نەڕوخێت. جەماوەر بهێنە سەر شەقام و ڕوبەڕووی دژەكەت بەرەوە ، ئەوەندەس هێزەكانی پەرش و بلاوەو متمانەی خەڵكیی كەم بۆتەوە پێی و ڕۆژانە ڕوبەڕووی شتی نوێی بكەرەوە ئەگەر سەركەوتنەكانیش كەم بن ، بەتایبەت خاڵە لاوازەكانی بقۆزەرەوە. دوژمنەكەت ناچاری كشانەوە بكە ، پێش ئەوەی هێزەكانی خۆی لە دژت رێكبخاتەوەو ئازایەتی بنوێنە. ئەوە بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنیانەشە. 
شۆڕش و ڕاپەرین دەبێت پشت بە هێزی گەل ببەستێت. بە تایبەت بەوانەی كە پێشەنگی شۆڕشن و لە پێشەوەی گەل زۆرترینن. سەركردە ناڕازیەكان خۆیان لە ڕیزی پێشەوەدا بن ، درز بخەنە نێوان هێزەكانی دژ ، بە تایبەت ئەوانەی لەناو هێزەكانی دوژمندا ، هی دەسەلاتدا دوو دڵییان هەیە بەرامبەر كارەكەیان و بێهێزن و زۆرینەیان لە پێناوی بژێوی ژیاندا لەنێویدا ماونەتەوەو چاوەرێی ئەلتەرناتیڤێكن جێگای متمانە بێت. بەلام ڕووش ئەدات كە شۆڕشی گەلانێك سەركەوتوو بووە بەلام دواتر نوخبەو سەركردەكانی بوونەتە گەندەل و گەلەكەی خۆیان ڕوتاندۆتەوەو جیاوازییان نەبووە لەگەڵ دوژمنە ڕوخاوەكەیاندا وەك ئەوەی یەكێتی و پارتی كردیان. هەندێك جاریش شۆڕش و ڕاپەرینێك بەلارێدا دەبرێت وەك ئەوەی لە ئێرانی سەردەمی شا ڕوویدا. یەكێتی و پارتی وتیان "شۆڕش" دەكەین دژ بە ڕژێَمی بەعس ، كەچی ئێستە شۆڕش منداڵەكانی خۆی دەخوات.  

حەقیقەتی ڕەها نییە
لە كۆتایدا دەنوسم : ئەمڕۆكە لە سەر گۆی زەوی هیچ سیستەمێكی سیاسی نیە بێگەردو خەیاڵی بێت وەك ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە باس دەكرێت ، هەربۆیە من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمڕۆ واقیعبینانە ڕەزامەندم لە هەرێمێكی (باشوری) كوردستاندا، لە عێراقێكدا بژیم بۆنمونە لە 30% گەندەڵی تێدا بێت وەك لە 100% بێت چونكە ڕەهاو حەقیقەتی ڕەها نییە بەڵكو هەموو شتەكان لەسەر ڕیتمێكی ڕێژەیی دەڕۆن.
وشەی كۆتایی
شۆڕشێكی سیاسی ، فكری ، كۆمەلایەتی ، لامەركەزی و عەلمانی (جودا كردنەوەی دین لە دەستور) بكرێتە پێشەنگی كارەكانی ئایندەو دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانرێت كە ئازادی نرخی گرانە. ڕاستە وتنی ئاسانە لە كردنی بەلام ئەوە پرەنسیپ و چارەسەرو ستراتژە دور خایەنەكەیە. ئەوەش لە ولاتێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆرێت ئەویش بەپێی هەلومەرجەكانی ئەو ولات و كۆمەلگایە خۆی. هەموو گەلێك بە ئەزمونەكانی خۆیدا تێدەپەرێت و دیاردەی نوێ دێتە كایەوەو دەبێت بزانێت كام لە سیستەمە سیاسیەكان بۆ ئەو گونجاوترینە... هیچ مرۆڤێك ئیتر سەر بە هەر چین و توێژێكی كۆمەلایەتی بێت تاسەر كۆت و زنجیری چەوساندنەوەو كۆیلایەتی قبول نیەو زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرێت و هیچ سیستەمێكیش نەگۆڕ نیە. مرۆڤ ئەوەندە نەفرەت لە تاریكیی نەكات بەلكو هەستێت و چرایەك داگیرسێنێت.
سالار باسیرە


07/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر