پێنج داهێنانی مام جەلال

د. شێرکۆ کرمانج
من لە ژیانمدا دووجار مام جەلالم دیوە. جاری یەکەم لە بەهاری ١٩٨٤ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ‌و خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری، زانکۆی سەلاحەدین، بوو کە سەردانی گوندی بالیسانی دەڤەری خۆشناوەتیمان کرد. بەڕێکەوت مام جەلال هاتە ئەوێ‌و لە سەر ئەو جادەی بە دۆڵەکەدا تێپەڕدەبێت وتارێکی خوێندەوە. مام جەلال ئەوکات سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو. ئەوکات گفتوگۆ لەنێوان یەکێتیی‌و ڕژێمەکەی سەدام لەئارادابوو. لە وتارەکەی، ئەو هەندێک باسی لەو داواکارییانە کرد کە گفتوگۆکان خستبوویانە پێش حکومەت بۆ گفتوگۆ کردن لەسەریان. ئەوەی جێگەی سەرنجی من بوو ئەوەبوو کە مام جەلال قۆندەرەیەکی لاستیکی لە پێ بوو.

جاری دووەم، لە ئابی ٢٠٠٣ بوو کاتێک مام جەلال بەسەردان هاتە ئوسترالیا. ئەو بۆ دیداری وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا هات بۆ ئەدلاید ئەو شارەی کە من لێ نیشتەجێم. لەسەردانەکە کاک عومەری سەید عەلی ‌و کاک جەلال جەوهەریشی لەگەڵ بوو. من لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کورد لە ئەدلاید ئەرکی ڕێکخستنی پێشوازیکردن لە "مام جەلال"مان پێسپێردرابوو. مام جەلال ئەوکات ئەندامی مەجلیسی حوکمیش بوو.  ئەوەی کە سەرنجی من لەو سەردانەی ڕاکێشا سوربوونی مام جەلال بوو لەسەر سەردانی گڵکۆی ڕۆژنامەنوسێکی ئوسترالی کە لەو ئانوساتدا لە کوردستان گیانی لە دەستدابوو. مام جەلال سەردانی دیکی ڕوژنامەنوسەکەشی کرد وەک پێزانینێک بۆ کارو چالاکییەکانی ڕۆژنامەنوسەکە لە گەیاندنی پرسی کورد بە دەرەوە. 

من بە قسە مام جەلالم نەدیوە بۆیە ناتوانم هیچ شتێک لە ئەزمونی خۆم لەگەڵ ئەو بگێڕمەوە بەڵام بەردەوام یەکێک بوومە لەو کەسانەی کە موتابەعەی نوسینەکان‌و وتارەکانیم کردوە. دەتوانم بڵێم کە من مام جەلال، لەڕووە ئەرێنییەکەیەوە، بەم شتانە دەناسمەوە:

یەکەم، مام جەلال داهێنەری جیاکردنەوەی سەندیکاو ڕێکخراوە مەدەنی‌و پیشەییەکانی کوردستان بووە لەوانەی کە لە عێراق بوونیان هەبوو. لێرە مەبەستم سەرەکیم یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە. پێداگری مام جەلال و هاوڕێکانی لە پەنجاکان لەوەی کە دەبێت کورد سەندیکاو ڕێکخراوی پیشەیی سەربەخۆی هەبێت بەشێک بووە لەو هەوڵانەی کە کورد داویەتی بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت گەلی کورد بەشێک نیە لە گەلی عێراق‌و کوردستان بەشێک نیە لە نیشتیمانی عێراق‌.

دووەم، مام جەلال داهێنەری زاراوەو چەمکی کوردستانی لکێنراو بە عێراقە، لانیکەم من لە نوسینەکانی ئەو یەکەمجار ئەو زاراوەیەم بەرچاو کەوتوە، ئەگەر کەسانی دیکە ئاماژەیان بەم زاراوەکردبێت پێشتر ئەوە من ئاگادارنیم لێی. ئەمەش دیسان بەشێکە لەو هەوڵانەی مام جەلا تاوەکو بیسەلمێنێت کە جەستەی کوردستان‌و جەستەی عێراق دوو جەستەی جیان‌و بەزۆر بەیەکەوە لکێنراون.

سێیەم، زاراوەی ئیستیگان (استیگان) لە کوردیدا من یەکەمجار لە ١٩٨٥ لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان گوێم لێبوو کە ئەگەر مام جەلال داینەهێنابێت ئەوە لە داهێنانی "نەوشیروان مستەفا"یە. من لە نوسینەکانی نەوشیروان دواتر بەدوای ئەو زاراوەیە گەڕام نەمدۆزییەوە. زاراوی ئیستیگان لە عەرەبیدا بۆ نیشتەجێکردنی جولەکەکان لە شوینی فەلەستینیەکان لە ئیسرائیل بەکاردێت. ئەمەش دیسان هەوڵێکە بۆ وێناکردنی عێراق نەک وەک نیشتیمانێک بەڵکو وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر.

چوارەم، چەمکی مافی چارەنوس وەک مافێک‌و داوایەکی کورد لە عێراق لە پێش چلەکان لەوانەیە باسی کرابێت بەڵام دواتر لە ئەدەبیاتی کوردی بزردەبێت. لە کۆتایی هەشتاکان جارێکی دیکە پەیدادەبێتەوە. مام جەلال ئەم چەمکەی لە ١٩٨٧ خستە ناو پەیڕەو پڕۆگرامی بەرەی کوردستانی‌و دواتریش کردی بە کارنامەی سیاسی یەکێتیی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە ١٩٩٢ دا. ئەمەش دیسان بەشێکە لە هەوڵەکانی مام جەلال بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق‌‌و دانانی سەربەخۆیی بە ئامانجی سەرەکی یەکێتیی‌و گەلی کورد.

پێنجەم، مام جەلال یەکەم کەسبووە لە کوردستان کە نە مەلا، نە شێخ، نە ئاغا بووەو حیزبێکی کوردی دامەزراندوە کە توانی بەرەنگاری ئەو ڕەوتانەش بێتەوە کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوبوون‌. مام جەلال لە ماوەیەکی کەمدا توانی حیزبەکەی بکات بە گەورەترین حیزب لە باشوری کوردستان.

سەرەڕای ئەمانە ناوی مام جەلال بە کۆمەڵێک چەمک‌و زاراوەی نێگەتیڤیش نوساوە، کە ئەمڕۆ لەوانەیە گونجاو نەبێت قسەیان لەسەر بکرێت بەڵام ناشکرێت پشتگوێ بخرێن.

سەرەڕای داهێنانی ئەو وشانە کە دەکرێت مام جەلالی پێبناسرێنەوە، کەچی ئەوەی لای من مام جەلالی پێدەناسرێتەوەو لە هەموو سەرکردەکانی دیکەی کوردستانی جیادەکاتەوە گەشبینی‌و کۆڵنەدەری ئەو زاتە بووە، بۆیە من پێموایە باشترین زاراوە کە وەسفی ئەو زاتە بکات "سیاسی محنک"ـە.


04/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر