ئایا سەربەخۆیی پێویستی بە ریفراندۆمە، یان بە رێكخستنی ناوماڵی كورد؟

عەتا قەرەداخی

ئەوە ئاشكرایە بە پێی پەیامە ئاسمانیەكان و بەپێی رێسا دانراوەكانی دەستی مرۆڤـــ خۆی، لەوانەش جاڕنامەی مافی مرۆڤـــ و بەرنامە كۆی رێكخراوە مرۆییەكان، مرۆڤـــ و وەكو تاك و وەكو دەستەو گروپ و وەكو نەتەوە ئازادی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیی هەیەو مافی مومارەسەكردنی هەموو ئازادییەكانی خۆیی هەیە بە مەرجێك لەسەر حیسابی ئازادی ئەوانی تر نەبێت. ئایا لەم روانگەیەوە كورد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیی هەیە یان نا؟ بێگومان هیچ بەربەستێك نیە كە وەڵامی ئەم پرسیارە بە نەخێر بدرێتەوە. هیچ پاساوێكیش نیە بۆ ئەوەی كورد بۆ هەتا هەتایە ژێردەستەی عەرەب و تورك و فارسدا بێت. هەروەك هیچ پاساوێكیش نیە بۆ ئەوەی كورد لەسەر جوگرافیای خۆی راپرسی پێبكرێت تا بزانرێت ئایا سەربەخۆیی دەوێت یان نا؟ ئایا ئەوە كام لۆجیكی عەقڵە كە پێی وابێت كورد پێویستی بە راپرسیە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا سەربەخۆیی دەوێت یان نا؟ ئەگەر پاساوی لاوازی حیزبە كوردیەكان بۆ راپرسیكردن لە كوردستاندا بۆ ئەوە بێت بە داگیركەرانی كوردستان و بە دەوڵەتانی تریش بڵێن ئەوە رای گەلی كوردە كە سەربەخۆیی دەوێت، دیسان ئەوەش بەڵگەی ئاشكرای نەزانی و بێ ئاگایی و نەشارەزایی حیزب و سیاسیەكانی كوردە بۆ تێگەیشتن لە گەوهەرو ماهیەتی عەرەب و تورك و فارس، چونكە ئەو سێ دەولەَتە داگیركەرە نەك بڕوایان بە راوبۆچوونی گەلی كورد نیە بەڵكو ئەوان بە درێژایی مێژوو گوێیان لە دەنگی گەلەكانی خۆیشیان نەگرتووەو بە بە كەلەپچەو زیندان و لە سێدارەدان و ئاگرو ئاسن وەڵامی هاورەگەزە فارس و تورك و عەرەبەكانی خۆیشیانیان داوەتەوە نەك هەر كورد، ئەو كەسەی لەگەڵ رژێمەكانی ئەواندا نەبووبێت سادەترین مافی نەدراوەتێ. ئێستا بە پێی كام لۆجیك تورك و عەرەب و فارس دان بە مافی كورددا دەنێن؟ ئایا بەڕاستی حیزب و سیاسیەكانی كورد ئەوەندە نەزان و بێ ئاگان كە ئەم حەقیقەتە نەزانن و تاكو ئێستا تێی نەگەیشتبن و پێیان وابێت لە رێگای راپرسیەوە ئەو دەوڵ‌تە داگیركەرانە دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا دەنێن؟ یان باسی ریفراندۆم یاریكردنێكی ترە بە عەقڵ و هەست و كەرامەتی هاووڵاتی كوردو بۆ ئەوە ماوەیەكیش بە بابەتی ریفراندۆمەوە جەماوەر سەرقاڵ بكەن  بۆ ئەوەی نەیپەرژێتە سەر باسكردنی گەندەڵی و فەرمانڕەوایی خراپی ئێستای ئەم حیزب و دەسەڵاتە؟
ئایا دەوڵەتانی غەیری داگیركەرانی كوردستان بە تایبەتی زلهێزەكان واتە ئەوانەی كە بێجگە لە خۆیان و بەرژەوەندی خۆیان هیچی تر نابینن و تەنیا لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە سەیری دنیا دەكەن، چاوەڕوانی ئەوە دەكەن بزانن راوبۆچوونی خەڵكی كوردستان چیە لەسەر سەربەخۆیی؟ حەقە سیاسیەكانی كوردو بەرپرسانی كورد كەمێ بە ئاگایانەتر بیر بكەنەوە. كوردستان كە جێگای تەراتێنی راوێژكارو هەواڵگرو رۆژنامەنووس و پیاوانی جۆراوجۆری وڵاتانی بڕیار بەدەستە، زانیارییەكانی ئەو دەوڵەتانە لەسەر كوردو خەڵكی تریش زۆر لەوە زیاترە كە چاوەڕوانی ئەوە بكەن لە رێگای راپرسیەوە بزانن كورد چی دەوێت. ئێستا و لەم سەردەمەدا كەم شت بە نهێنی ماوەتەوە. بەرپرسانی كوردستان خۆیان چاك دەزانن كە رۆژئاواو دەزگا سیخوڕی و هەوڵگرییەكانیان چۆن ئاگاداری وردو درشتی كارە بێ سەروبەرەكانی ئەمانن و دەزان چۆن خەریكی گەندەڵین و چۆن مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن و كێ و كێیان پیاوی ئێرانن و كێ و كێیان پیاوی توركیان و كێی و كێیان پیاوی شیعەی عێراق یان سوونەی عێراقن و تەنانەت رەنگە بشزانن كێ پەیوەندی لەگەڵ ئاراستە توندڕەوەكاندا هەیە و كێش هاوكارییان دەكات...تازە بە تازە كوردی ژیرو وریا بە تەمایە لە رێگای ریفراندۆمەوە بە رۆژئاوا بڵێت ئەوەتا كورد سەربەخۆیی دەوێت.
گومانی تێدا نیە كە جیهانی بڕیار بەدەست و داگیركەرانی كوردستانیش چاك دەزانن كە گەلی كورد نەك هەر لە باشوور بەڵكو لە كوردستانی گەورەدا سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیی دەوێت، هەروەك گومانیشی تێدا نیە كە هیچ حیزبێكی كوردی خاوەن نفوزو پێگە نیە نەك لە باشوور بەڵكو لە هەموو كوردستاندا كە بەرنامەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی هەبێت.  بۆ نموونە با لە باشوورەوە دەست پێبكەین پارتی كە لەبەر لاوازی و بێ سەروبەری یەكێتی و گۆڕان ئێستا وەكو داواكاری راستەقینەی سەربەخۆیی خۆی نمایش دەكات، نە بەرنامەی حیزبەكە بەرنامەی سەربەخۆییە و نە ئەو هەنگاوانەی كە ئێستا دەیهاوێژێت هەنگاوی سەربەخۆین. سەربەخۆیی پێویستی بە بڕیاری ئازایانە هەیە. ئەگەر بەراست پارتی بە جیدی دەیەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ لە كوردستاندا رابگەیەنێت، ئەوا پێویستی بەوەیە لە پێگەیەكی خودایانەوە سەیری هەموو كورد بكات و لە پێناوی درووستكردنی دەوڵەتدا لە دەستبەرداری مەرج و بەندو رق و كینەو دوورخستنەوەی ئەم لایەن و ئەو لایەن ببێت و لە كورتترین كاتدا هەموو كێشەكان چارەسەر بكات. من بەلامەوە سەیرە پارتی بیەوێت دەوڵەت درووست بكات بەڵام پێداگری بكات لەوەی كە پەرلەمان كارا نەكرێتەوە، پەرلەمانێك كە شەش مانگی ماوە بۆ ئەوەی ماوەی یاسایی تەواو بێت. تۆ بڵێی یوسفەكەی ئێمە بتوانێت لەم شەش مانگەدا لە بنی بیرەكە بێتە دەرەوەو عەسای سیحری موسای پێببەخشرێت و هەرەس بە پارتی بهێنێت. راستە موسا پێغەمبەر لە وەڵامی خودادا گووتی: هی عصای اتوكا علیها و اهش بها علی غنمی و لی مارب اخری). دیارە پاتی ترسی لەو - مارب اخری- یە هەیە.  بەڵام بەراستی ئەگەر پارتی بڕوای بەسەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەت هەبێت دەبێ هەموو تاكێكی كورد لە یوسف محەمەدەوە تاوەكو بەرزترین و لێهاتووترین تاكەكەسی كوردو تاكو ئەو شوان و گاوانە نەخوێندەوارەشی كە تەنیا دەزانێت مێگەل و گاگەلەكە بباتە پاوەند هەموویان دەبێ‌ بخرێنە خزمەتی پێكهێنانی ئەو دەوڵەتەوە. ئەگەر پارتی بەم عەقڵیەتە كارنەكات ئەوە جێگای خۆیەتی بە گومانەوە سەیری بەرنامەو بڕیارو كارو ستراتیژی ئەو بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت بكرێت. وەڵامی پارتیش بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە بەراستی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی كردووە بە ئامانجی كورت خایەنی خۆی، دەبێ بە كردەوە ئەوە بكات كە هەنگاوی یەكەمیش بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی لەوجۆرە رێكخستنی ناو ماڵی كوردە.
یەكێتی نیشتیمانی كە پێشتر بەرنامەیەكی لاستێكی هەبوو بە ناوی مافی چارەی خۆنووسین بەڵام هەرگیز نە خاوەنی پرۆژەو بەرنامەی سەربەخۆیی و دەوڵەت بووە نە وەكو حیزبیش بڕوای پێی هەبووەو نەكاریشی بۆ كردووە. لەتكەی بەرنامەی یەكێتی پیادەكردنەكانی مام جەلالە كە حیزبەكەیی كرد بە قوربانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی عەرەب و حیزبیشی وەكو كۆمەڵێ هەتیووی بێ سەرپەرشتیار بەجێهێشت و بەدەنگی بەرزیش رایگەیاند دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانە، ئەوەتا ئێستا لەبری حیزب و بەرنامەو ستراتیژ هەریەكە مۆسیقایەك دەژەنێت و بڕواناكەم یەكێتی بەم حاڵەی ئێستایەوە بتوانێت نەك بڕیار لەسەر سەربەخۆیی بەڵكو بڕیار لەسەر سادەترین شت بدات و لە نێوان پارتی و گۆڕاندا وەكو پێشتریش نووسیبووم لەسەر تاڵەموویەك راوەستاوەو ئاسۆیەكی روونی نیە نە بۆ خۆی و نە بۆ ئایندەش. دیارە قۆناغەكە لەوە خێراترە كە یەكێتی بتوانێت بۆ ماوەی دوورو درێژ لەسەر ئەم خاڵی شلۆقە بمێنێـەوەو درێژەدانی بەم بارەی ئێستای بەرەو چارەنووسێكی نادیاری دەبات.
بزووتنەوەی گۆڕان وەكو بزووتنەوەیەكی پۆپۆلیستی كە سواری شەپۆلی ناڕەزاییەكانی خەڵك بوو، نەیتوانی وەڵامی ئەو نارەزاییانە بداتەوە، هەروەك نەیشیتوانی ببێـتە خاوەنی بەرنامەیەكی جیدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و نەیشیتوانی ببێتە خاوەنی بەرنامەو ستراتیژی نەتەوەیی.. ئێستا وەكو ئەوە وایە لە بۆشایدا بخولێتەوەو نە بەرنامەی سەربەخۆیی هەیەو نە گوتارێكی روون و ئاشكرای هەیە، شێوەی كاركردنیشی بە تایبەتی لە زمان و دەربڕینی ئەو نەوە نوێیەی كە ئێستا ئەندامی جڤاتن یان ئەندامی پەرلەمانن یان رۆژنامەنووس و شرۆڤەكارن یان هەڵسوڕاون (نەك ئەو گروپەی موخەزرەمەی كە پێشتر لەسەركردایەتی یەكێتیدابوون) وادەردەكەوێت ئەم بزووتنەوە یەك بەرنامەو یەك گوتاری هەبێت ئەویش بەرنامەو گوتاری ئەنتی بنەماڵەی بارزانی بێت. دیارە ئەم شێوازە كاركردنەش سەرئەنجام گۆڕانی لە بزووتنەوەیەكی جەماوەرییەوە كردووەتە هێزێكی ئەنتی پارتی و ئێستا وەكو جێگرەوەی جەلالیزمی شەستەكان بەرامبەر بە پارتی دەردەكەوێت.
بەهەرحاڵ ئەمە هەرسێ زلحیزبە بە ناو نەتەوەییەكەی باشووری كوردستانن كە هیچیان پرۆژەی سەربەخۆیی و بەرنامەی دەوڵەتیان نیە، كەواتە هەڵای ریفراندۆم چیەو بۆ چ مەبەستێكە؟ پارتی كە خۆی بە خاوەنی دەزانێت بۆچی پێداگری دەكات؟ ئەگەر بەراستی پارتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی دەوێت با زەمینەسازی بكات و دەوڵەت رابگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەر حیزب و لایەنێك لەو حاڵەتەدا دژی سەربەخۆیی و دەوڵەت بێت، شووناسی دوژمنی گەل وەردەگرێت، كە پێموانیە هیچ حیزب و لایەنێك پڕكێشی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی بكات.
دیارە ئەوەش ئاشكرایە پارتە كوردییەكانی بەشەكانی تری كوردستانیش هیچ كامیان بەرنامەی سەرخۆیی و دەوڵەتی كوردییان نیە. ئێستا كێ دەتوانێت پێمان بڵێت بەرنامەی پێكەكە چیە؟ ئایا گوتاری پێكەكە لە كوێی گوتاری ناسیونالیزمی كوردیدایە؟ ئایا پێكەكە خەبات بۆ دەوڵەتی كوردی دەكات یان شتێكی تر؟ بەداخەوە ئێستا پێكەكەش لە رووی بەرنامەو ستراتیژی نەتەوەییەوە هیچ لە پارتەكانی باشوور لەپێشتر نیە. پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات نایشارنەوە كە ئەوان تاكو ئێستا باسی مافەكانی كورد دەكەن لە چوارچێوەی ئێرانی یەكگرتوودا.
بەهەرحاڵ ئەوەی ئامانجی ئەم نووسینەیە باشووری كوردستان و بابەتی ریفراندۆمە. ئایا سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵوت پێویستی بە ریفراندۆمە؟ بێگومان ئەگەر كورد لە باشوور بەرنامەی سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی هەبێت، ئەوا زەمینەسازی ناوخۆیی دەكات و كێشەكانی ناو ماڵی خۆی چارەسەر دەكات و یەكێتی و یەكبوونی هەموو كورد پێكدەهێنێت و لەسەر ئاستی دەرەوەش بزووتنەوەیەكی دیپلۆماسی دەست پێدەكات بۆ پەیداكردنی پشتگیری بۆ ئەو دەوڵەتەی بەتەمایە درووستی بكات. ئەگەر بەراستی بەرنامەی درووستكردنی دەوڵەتی هەبێت، ئەوا لە دوای ئەو بەرنامەسازیە كە رێكخستنی ناو ماڵەكەیەتی بڕیاردەدات و هیچ پێویستی بە ریفراندۆم نیە، بە تایبەتی ئەوەتا دەبینین ئێستا باسكردنی ریفراندۆم بەرەو ئەوە دەچێت كە زیاتر ناوماڵی كورد بشێوێنێت. هەقە سیاسیەكانی كوردو بەرپرسی هەموو حیزبەكان بەلایەنی كەمەوەو هەرهیچ نەبێت بەشی ئەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن لەوە زیاتر ناوماڵی كورد نەشێوێنن و لەبری هەنگاوی زیاتر ئاڵۆزكەر، ئەو هەنگاوانە هەڵبهێنن كە گرژییەكان خاودەكەنەوە. ئەو هەنگاوانە هەڵبهێنن كە كورد بەرەو یەكبوون دەبات، چونكە سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی پێویستی زیاتری بە یەكێتی و یەكبوونی كوردە زیاتر لەوەی پێویستی بە ریفراندۆم و بانگەشەی دوور لە كردارو موزایەدەی بێ گەوهەر بێت.     


02/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر