حیزبی كوردی لە كوێی خواستی نەتەوەدایە؟؟!!

عەتا قەرەداخی

حیزب دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی یان كۆمەڵگەی شارە، هەروەك حیزب لە رووی راستیەوە ئامرازە بۆ گەیاندنی كۆمەڵگە بە ئامانجەكانی لە ماف، ئازادی كە ئەوەش لە سایەی دیموكراتیدا دەبێت. بەو پێیە هەر حیزبێك بەرنامەی دیموكراسی و ئازادی نەبێت ناتوانێت لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بێت. حیزبی كوردی كە لە بنەڕەتدا جێگرەوەی دامەزراوەی خێڵە، دەبێ بۆ رابەرایەتی بزووتنەوەی نەتەوایەتی كوردی پێكهاتبێت و هەڵگری گوتاری ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان بووبێت، بەڵام لە رووی راستیەوە وانەبووەو تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدا بێـت هیچ حیزبێكی كوردی هەڵگری گوتاری نەتەوەیی نیە، چونكە گوتاری نەتەوەیی كاتێك بوونی دەبێـت كە یەكێتی نەتەوەیی پێكبێت. ئەگەر حیزب لە كوردستان هەڵگری گوتاری نەتەوەیی بوایە، ئەوا پرۆژەی یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەیی دەبوو. هیچ حیزبێك نیە لە كوردستاندا بە راستی پرۆژەی یەكێتی نەتەوەیی هەبێت، واتە هەموو ئەوەی حیزبەكانی كوردستان لەبارەی یەكبوون و یەكگرتن و پێكەوە كاركردندا دەیڵێن، بێجگە لە درۆی گەورەو فریودانی خەڵك هیچی تر نیە. بەڵكو حیزبی كوردی لە رووی واقیعیەوە بەرنامەی دابەشكردن و پەرتكردنی زیاتری ریزەكانی نەتەوەیان هەیە. واتە راستەخۆ كۆی حیزبەكانی كوردستان دژی بەرنامەو پرۆژەی نەتەوایەتی كوردین و لە رووی كارو هەنگاونانیانەوە یارمەتیدەرو هاوكاری پرۆژەی دابەشكردنی زیاترو مانەوەی كوردن بە پارچەپارچەیی و بە دابەشكراوی چونكە نیو سەدە زیاترە جەماوەری خەڵكی كوردستانیان بە كێشە خێڵەكی و تاكەكەسی و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیانەوە سەرقاڵ كردووە..
حیزبی كوردی لە ماوەی حەفتا ساڵی رابردوودا چی دەستكەوتێكی بۆ نەتەوە هەبووە؟ ئێمە دەزانین كورد كێشەیكی هەیە ئەویش كێشەی نەتەوایەتیە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش پێویستی بە بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی یەكگرتوو هەیە تا بیگەیەنێت بە مافەكانی خۆی. بزووتنەوەیەكی لەو جۆرەش دەبێ هەموو نەتەوە بێ جیاوازی بەشداری تێدا بكات. با گریمانەی ئەوە دابنێین كە هیچ حیزبێك لە كوردستاندا درووست نەبوایە، ئایا بزووتنەوەی نەتەوایەتی درووست نەدەبوو؟ ئاشكرایە بزووتنەوەی نەتەوایەتی بەرهەمی سەرهەڵدانی هەست و هوشیاری نەتەوەییە لای هەر نەتەوەیەك. بزووتنەوەی نەتەوەیی بزووتنەوەیەكی جەماوەرییەو لە گەوهەردا هەڵگری پرۆژەی نەتەوەیە كە بریتەیە لە رزگاریی نیشتیمانی و پێكهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەگەر بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی وەها بە بێ حیزب درووست بوو، ئەوا بێگومان ئەو بزووتنەوەیە لە ناوخۆیدا سەركردایەتی بۆ خۆی پێكدەهێنێت. بەڵام ئەی حیزب چی كردووە لە یەكێتی نەتەوەیی كورد؟ بێگومان حیزب كوردی پارچە پارچە كردووە. یەكێتی نەتەوەیی تێكداوە. جەماوەری پەرت و بڵاوكردووەتەوە. شەڕی ناوخۆی دوورو درێژو خوێناوی هەڵگیرساندووەو دوژمنایەتی لە نێو ریزەكانی كۆمەڵگەدا درووست كردووە. متمانەی جەماوەری بەیەكتر دۆڕأندووە. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئاشی راگەیاندن و پڕوپاگەندەو درۆو دەلەسەی حیزبی كوردی بەردەوامە لە فریودانی جەماوەرو گەوجاندنیان. حیزبی كوردی هەمان ئەو دروشمەی ئیمپریالیزم بەرامبەر بە جەماوەری كورد پیادە دەكات، كە دەڵیت" پەرتكەو زاڵبە" ئەمەش روانێنیكی نەیارانە لە پشتیەوەیەتی.  كەواتە بە سادەیی دەتوانین لە رووی ماناوە بڵێین حیزبی كوردی لە رووی ادبەشكردن و زیاتر لێك پەرتكردنی كۆمەڵگەوە رۆڵی ئەوانی نەیارانی كورد دەبینێت. ئەگەر وانیە ئەی خێرە ئەم نوخبە سیاسیە حیزبیەی كوردستان ناتوانن لەسەر بچووكترین شت رێكبكەون؟ ناتوانن هیچ رێكەوتن و سەوداگەرییەك بكەن؟ ناتوانن هیچ لەیەكتر قبوڵ بكەن؟ بەردەوام خەریكی چەلەحانێ و یەكتر تەخوین كردنن. بەردەوام درۆ لەگەڵ یەكتر دەكەن و سەری زمان و بنی زمانیان خەڵك و نەتەوەیە. ئەگەر خەڵك و نەتەوەیان لە بیربوایە پێكەوە دەگونجان. بەردەوام دەبینرێن لە بەردەمی یەكتردا عەنیدو ملهوڕو پاڵەوانن. لەبەردەم ئەوانی بێگانەشدا وێنەكە روون و ئاشكرایەو بینیوومان چەند بچووك و بستەباڵان. ئایا ئەم حیزبانەی كوردستان حیزبن لە پێناوی بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو نیشتیماندا یان حیزبن لە پێناوی كوشتنی هەموو بەهاكانی نەتەوەو رووخاندنی نیشتیماندا؟ بەڵێ حیزبی كوردی لە ئێستادا حیزبی تاڵانكەری سامانی نەتەوەیی و روخێنەری بەها ئەخلاقی و نیشتیمانیەكانە، حیزبی تێكدەری یەكێتی نەتەوەیی و نیشتیمانیە، حیزبی بكوژی راستگۆیی و هەموو بەهایەكی جوانیە، حیزبی  درۆو فریودانە، حیزبی بكوژی ئایندەی نەتەوەو نیشتیمانە، چونكە دژی یەكێتی نەتەوەو خوازیاری زیاتر دابەشكردنی نیشتیمانە. بۆیە ئاشكرایە تا ئەم جۆرە حیزبەو تا ئەم نوخبە سیاسیە لە كوردستاندا بمێنێت، گەیشتن بە ئایندەی گەش بۆ كورد جێگای گومانە.
بێگومان كاتێ باسی حیزبی كوردی دەكەین هەموو بەرپرسیارێتیەك دەكەوێتە ئەستۆی نوخبەی سیاسی بەرپرس و ئەو بازنە داخراوانەی كە سەركردایەتی حیزبەكان پێكدەهێنن. هەرمی حیزب كە بریتیە لە ئەندامانی حیزب و جەماوەری حیزب، ئەوانیش هەمان شێوەی بەشەكانی تری كۆمەڵگە قوربانی دەستی سیاسی  و دیدی حیزبیی ئەو نوخبە سیاسیەن كە بڕیاری حیزبی كوردییان لە دەستدایە. بە مانایەكی تر جەستەی حیزب و جەماوەری حیزبیش هەر بریتین لە كۆی خەڵكی كوردستان كە ئەوانیش هەندێجار خراپتر لە  جەماوەری دەرەوەی حیزب زەرەرمەندی دەستی سیاسەتی خراپی سەركردایەتی  حیزبی كوردین. ئێستا ئاشكرایە حیزبی كوردی نەك هۆكاری یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەیی نیە بەڵكو هۆكاری پشێوی و نائارامی و ناسەقامگیریە لە كۆمەڵگەی كوردیداو تەنانەت ناكۆكیە حیزبیەكان شۆڕبوونەتەوە بۆ ناو پێكهاتەی خێزان و بۆ ئەوە دەچن ئەو یەكە بنەڕەتیە كۆمەڵایەتیەش هەڵبووەشێننەوە. كەواتە حیزبی كوردی ئاراستەجوڵە لە كۆمەڵگەی كوردیدا پێچەوانە دەكاتەوە. ئاراستەی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی لە خێزانەوە بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی و لەوێشەوە بۆ دەوڵەتە. بەڵام حیزبی كوردی لە ستراتیژی خۆیدا نەك بەرەو كۆمەڵگەی مەدەنی و درووستكردنی دەوڵەت هەنگاو نانێت بەڵكو دەگەڕێتـەوە بۆ دواوە تا یەكەی خێزانیش هەڵوەشێنێتەوە. لێرەوە دەردەكەوێت كە هەرچۆن كۆمەڵگەی كوردی لە رووی پەرەسەندنەوە جیاوازە لە كۆمەڵگە ئاساییەكان، حیزبی كوردیش لەبری بوون بە ئامراز لە پێناوی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا خۆی ئامانجەو هەموو ئەوانی تر دەكوژێت و دەڕوخێنێت بۆ ئەوەی خۆی بژی.


07/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر