ره‌فیق حیلمی (1898-1960)، له شاری كه‌ركوك له دایكبووه‌و خوێندنی ئه‌ندازیاری له توركیا له ساڵی 1918دا ته‌واو كردووه‌و پاشان بووه‌ته مامۆستا‌و له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری كردووه. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م و دووه‌می شێخ مه‌حموددا زۆر نزیك بووه له شێخ مه‌حمود، به‌ڵام به نیگه‌رانیشه‌وه سه‌یری بارودۆخ و شێوه‌ی كاركردنی شێخ مه‌حمودیشی كردووه. ره‌فیق حیلمی له دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی هیوایه‌و وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و حیزبه‌ش وابووه‌و پێده‌چێت به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبه ره‌نگدانه‌وه‌ی بیروروانینی ئه‌و بێت. ئه‌م كه‌سێتیه دیاره‌ی كورد سه‌رباری یاداشته‌كانی و كتێبی " كورد له به‌ربه‌یانی مێژووه‌وه"، به‌شدارییه‌كی دیاری له بواری ئه‌ده‌بدا هه‌بووه له لایه‌ك شیعری نووسیووه‌و وه‌رگێڕانی كردووه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌شداری هه‌بووه له بواری ره‌خنه‌و مێژووی ئه‌ده‌بدا.
گه‌وهه‌ری دیدوتێڕوانین و بۆچوونه‌كانی ره‌فیق حیلمی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به كۆتاییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و بارودۆخی كورد‌و چاره‌نووسی ولایه‌تی موسل َو دهسهڵاتـداریهكهی شێخ مه‌حمود و لكاندنی باشووری كوردستان به عێراقی تازه بهدهوڵهتكراوهوهو ئاخاوتن له‌باری كورد‌و كێشه‌كه‌یه‌وه له یاداشته‌كانیدا ده‌بینرێن. بۆیه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر گوتاری مێژوویی یان سیاسی ره‌فیق حیلمی سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م یاداشتهكانیهتی، له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رنامه‌ی حیزبی هیوادا كه كاریگه‌ری بۆچوونه‌كانی ئه‌می به‌ئاشكرا پێوه‌دیاره. لێره‌شه‌وه پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌ین ئایا گوتاری ره‌فیق حیلمی له‌كوێی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردیی یان ناسیونالیزمی كوردیدایه؟
ره‌فیق حیلمی له یاداشتدا كاتێك رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، یان باسی دیدو تێڕوانینی كه‌سێك ده‌كات، له شێوازی دهربڕینهكهیهوه ده‌رده‌كه‌وێـت ئایا لایه‌نگری ئه‌و رووداوه‌یه كه ده‌یگێڕێته‌وه یان نا، به‌ڵام ئه‌مه تێكه‌ڵاوی خودی رووداوه‌كه ناكات، به‌ڵكو به‌ده‌ربڕینی سه‌ربه‌خۆ لایه‌نگریی یان ناكۆك بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوه یان هه‌ر بیروبۆچوونێك ده‌رده‌بڕێت، به تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه پهیوهنیدییان به كورد‌و چاره‌نووسی كورده‌وه هه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و راوبۆچوونی خۆیشی له‌باره‌یانه‌وه ده‌خاته روو، كه‌واته لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه یاداشت ته‌نیا تۆماری رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه نیه كه ره‌فیق حیلمی تۆماری كردوون، به‌ڵكو هاوشان ده‌ربڕینی راوبۆچوون و هه‌ڵوێستی نووسه‌ر خۆیشی رووبه‌رێكی دیاری له یاداشتدا داگیر كردووه. له باره‌ی په‌یمانی سیڤه‌ره‌وه ده‌ڵێت: په‌یمانی سیڤه‌ر له‌لایه‌ن سوێندخۆرهكانهوه به سانی ده‌وڵه‌ته داماوه‌كان و له شه‌ڕا ژێركهوتووهكانی تر، به حكومه‌تی عوسمانیش ئیمزا كرا (10ی ئهغستۆس 1920). ئه‌م په‌یمانه كه بڕبڕه‌ی پشتی توركیای پێ شكا، له‌لایه‌ن سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی كورد‌و ئازادی قه‌ومی كورده‌وه سێ به‌ندی تێ خرابوو(1). دیسان ده‌ڵێت: ئه‌مه هه‌نگاوی گه‌وره بوو كه به‌ره‌و ئیستیقلال و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاوێژرا. به‌ڵام داخه‌كه‌م كورد له‌م هه‌له هیچی ده‌ست نه‌كه‌وت(2). نووسه‌ر باسی په‌یمانی سیڤه‌ر ده‌كات كه چۆن به هه‌وڵ و كۆششی شه‌ریف پاشای خه‌ندان ئه‌و سێ خاڵه‌ی په‌یوه‌ستبوون به كورده‌وه خرانه ناو ئه‌و بهڵگهنامهیهوهو له‌وه‌ش ده‌دوێت كه چۆن شه‌ریف پاشا لێبڕاوانه هه‌وڵیداوه بۆ گه‌یاندنی داواكارییه‌كانی كورد به كۆنگره‌ی ئاشتی. له‌پاڵ ئه‌مه‌دا نووسه‌ر لایه‌نگری خۆی بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی شه‌ریف پاشا‌و داواكارییه‌كانی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌رده‌بڕێت و په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر به هه‌نگاوێكی گرنگ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناو ده‌بات، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی لایه‌نگیری و پاڵپشتی و بڕوابوونی ئه‌وه به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌و كاته‌دا. هه‌روه‌ك جێبه‌جێنه‌كردنی خاڵه په‌یوه‌سته‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ر به چاره‌نووسی كورده‌وه به كارێكی خراپ و نادرووست ده‌زانێت، خه‌م و په‌ژاره بۆ ئه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه ده‌رده‌بڕێت و نێگه‌ران و دڵته‌نگه له‌وه‌ی كه كورد له‌و هه‌له مێژووییه‌یه هیچی ده‌ست نه‌كه‌وت. لێره‌وه به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێـت كه خه‌ونی ره‌فیق حیلمی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان بووه‌و له‌یه‌كه‌م ده‌ربڕینیشدا باسی هه‌وڵی كه‌سێكی دڵسۆزی وه‌كو شه‌ریف پاشا ده‌كات و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌و هیوایه ده‌دوێـت كه په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر به‌كوردی به‌خشی و پاشانیش چۆن پاشگه‌زبوونه‌وه له جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌كه كوردی بێ ئومێد كرد.
نووسه‌ر باسی كاره‌ساتی جه‌نگی یه‌كه‌م ده‌كات كه چۆن بووه هۆی وێرانكاری‌و كوشتن و بڕین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی جیهانی بهركارهسانی جه‌نگ كه‌وتوو، جه‌نگ و وێرانكاری نه‌یتوانیووه بیانڕوخێنێت و له كاروان به‌جێیان بهێڵیت و به‌ته‌واوه‌تی فڕێیان بداته په‌راوێزه‌وه. به‌ڵام گه‌ل و نه‌ته‌وه دواكه‌وتووه‌كان نه‌یانتوانی بیر‌و له‌و كاره‌سات و وێرانكارییه بكه‌نه‌وه‌و له‌وه تێنه‌گه‌یشتن كه چی رووده‌دات و نه‌گه‌یشتنه ئه‌و ئاسته‌ی بیر له رێگای خۆبنیادنانهوهو خۆدرووستكردنهوه بكه‌نه‌وه. له كاتێكدا گه‌لانی هوشیارو به‌ئاگا كه خۆیان یان له‌ناو رووداوه‌كاندا بوون یان خۆیان سه‌ركردایه‌تی جه‌نگیان ده‌كرد، چی بۆ خۆیان باش بوو ئه‌وه‌یان كرد‌و پاشماوه‌كانی جه‌نگیان به سوودی خۆیان دابه‌شكرد. گه‌لی كورد یه‌كێك له‌و گه‌لانه بوو كه له خه‌وی دوور‌و درێژی بێئاگاییدا بوو له‌كاتی شهڕداو كاتێكیش شه‌ڕ ته‌واو بوو هێشتا خامۆش و ساكاوبوو...یه‌كێ له‌و قه‌ومه خه‌واڵوو كه‌مته‌رخه‌م و چاره ڕه‌شانه داخه‌كه‌م قه‌ومی كورد بوو(3).
نووسه‌ر سه‌یری نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ناو واقیعێكدا ده‌كات كه جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و ساته‌كانی كۆتایی هاتنی جه‌نگه‌و سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه راده‌كێشێت كه چۆن جه‌نگ بووه‌ته مایه‌ی وێرانكاری و چۆنیش گه‌لانی بڕیاربه‌ده‌ست بارودۆخی دوای جه‌نگیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارهێناوه. به‌ڵام گه‌لی كورد یه‌كێك بوو له‌و گه‌لانه‌ی كه نه‌یتوانی سوود له‌و بارودۆخه وه‌ربگرێت. راسته هۆكاری نه‌گه‌یشتنی كورد به ئاستی درووستكردنی ده‌وڵه‌تی خۆی له‌و قۆناغه‌دا هه‌مووی ناوخۆیی نیه‌و شان به‌شانی هۆكاری خودی یان ناوخۆیی هۆكاری ده‌ره‌كی یان بابه‌تیش له‌و رووه‌وه ده‌وری كاریگه‌ری بینیووه. به‌ڵام نووسه‌ر جه‌خت له خودی كورد خۆی ده‌كاته‌وه‌و پێیوایه كورد له‌و قۆناغه‌دا له خه‌ونی خۆشی بێئاگایی و سهردهرنهچوون له بارودۆخه‌كه به‌ئاگا نه‌هاتبوو. مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه له رووی هوشیارییه‌وه كورد هێنده لاواز‌و بێ ئاگابوو نه‌یتوانی له‌بارودۆخه‌كه تێبگات و به‌دوای ویست و خواسته‌كانیدا بچێت. به‌مانایه‌كی تر سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه بزووتنهكانی شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی له سلێمانی له كۆتایی جه‌نگدا بوونی هه‌بوو، شێخ مه‌حموود ده‌سه‌ڵاتێكی سنوورداری دامه‌زراند و شه‌ریف پاشا له هه‌وڵی دیپلۆماسیانه‌دا بوو بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام ئاستی گشتی هوشیاری خه‌ڵك لاوازبوو، به‌جۆرێك كه كورد له سه‌روبه‌ندی كۆتایی هاتنی جه‌نگدا پێكهاته‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئه‌وتۆ نه‌بوو كه قورساییه‌كی وای هه‌بێت بتوانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه دابنێت و له‌و رووه‌شه‌وه ئینگلیزه‌كان كه زیاترین هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو ناچار ببن وه‌كو چۆن سه‌یری عه‌ره‌به‌كانیان كرد‌و چه‌ندین ده‌وڵه‌تیان بۆ داتاشین، له‌سه‌ر جوگرافیای كوردستانیش به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له ولایه‌تی موسڵدا ده‌وڵه‌تێك بۆ ئه‌میش درووست بكه‌ن. ئه‌و خه‌واڵووی و به‌دبه‌ختی و چاره ره‌شیه‌ی كه ره‌فیق حیلمی بۆ كورد باسی ده‌كات و به‌هۆكاری تێنه‌گه‌یشتن و نه‌توانینی رۆیشتن به‌دوای خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌زانێت، ده‌رئه‌نجامی دواكه‌وتوویی و نه‌بوونی یان لاوازی هه‌ست و هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی كوردی بوو له‌و كاته‌دا. ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری لاوازی هه‌ست و هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی كوردی له‌سه‌روبه‌ندی بزووتنه‌وه‌كانی شێخ مه‌حموودیشدا روون و ئاشكرا بووه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی بزووتنه‌وه‌كه‌ی له سنووری سلێمانی تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌و خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كورد نه‌ك له هه‌موو كوردستاندا به‌ڵكو له‌سنووری سلێمانیشدا زۆرینه‌یان له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموود نه‌بوون. هۆی سه‌ره‌كیش نه‌بوونی ئه‌و پاڵنه‌ره ناوخۆییه‌یه كه مه‌رجی یه‌كه‌می هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ر شوێنكه‌وتن و كۆشش كردنێكه له پێناوی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یدا كه ئه‌ویش هوشیاری نه‌ته‌وه‌ییه، یان به ده‌ربڕینێكی تر لاوازی ناسیونالیست و فۆرمه‌له نه‌بوون و پێكنه‌هاتنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یان گوتاری ناسیونالیزمه.
هه‌روه‌ك نووسه‌ر جار جار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه‌و رووناكی زیاتر ده‌خاته سه‌ر بارودۆخی كورد له نێوان عوسمانی و سهوفهویهكانداو باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه له پێش رووخاندنی میرنشینه كورده‌كاندا كه زۆربه‌یان به ده‌ستی توركه‌كان یان به پلانی ئه‌وان له‌ناوبران، كورد له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییانه‌ی میرنشینه‌كاندا جۆرێك له‌سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو. توركه عوسمانیهكانیش سوودیان له‌وه وه‌رگرت كه له‌سه‌ره‌تاوه زۆربه‌ی میرنشینه‌كان یان ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه‌كانی كورد به‌لای خۆیاندا رابكێشن و له‌و رووه‌شه‌وه مه‌لا ئیدریسی به‌تلیسی رۆڵی دیاریی بینیووه، كه جۆرێك له رێكه‌وتنی له نێوان میرنشینه‌كاندا كردووه‌و هه‌وڵیداوه ببنه هاوپه‌یمانی توركه‌كان و توركه‌كانیش سوودیان له هێزی كورده‌كان وه‌رگرتووه به تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به فارسه‌كان. تا ئێره ره‌نگه ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه كورده‌كان له توركه‌كان و هاریكاریكردنی توركه‌كان له شه‌ڕدا ئاسایی بووبێت، به تایبه‌تی بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه واپێده‌چێت توركه‌كان ئاستێكی زیاتر له ئازادی جوڵه‌یان به ده‌سه‌ڵات و میرنشینه كورده‌كان دابێت. به‌ڵام دیسان لاوازی هوشیاری له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی سه‌ده‌كانی شانزه‌و حه‌ڤده‌و هه‌ژده‌و نۆزده‌دا هۆكاربووه بۆ ئه‌وه‌ی كورد سه‌رباری ئه‌و دڵسۆزی و هاوكاریی كردنه‌ی بۆ عوسمانیه‌كان، نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی بیر له چاره‌نووسی خۆی بكاته‌وه‌و نووسه‌ر پێیوایه كورده‌كان به‌و ئه‌ندازه‌ی كه دڵسۆزیی زیاتریان بۆ سوڵتانه‌كانی عوسمانی نیشانداوه، له‌به‌رچاوی توركه‌كان سووكترو بچووكتر ده‌ركه‌وتوون و له‌بری ئه‌وه‌ی توركه‌كان پشتگیری‌یان بكه‌ن و یارمه‌تیان بده‌ن، كه‌چی كه‌وتوونه‌ته پیلان گێڕان و نه‌خشه‌دانان بۆ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵات و میرنشینه كوردییه‌كان، له‌م رووه‌وه ده‌ڵێت: هه‌تا ئه‌میره -كورده‌كان- زیاتر له پێناوی ئه‌واندا خۆیان به‌خت كرد‌و خوێنیان بۆ رشتن، زیاتر له چاویاندا سووك بوون و زۆرتر بوون به ژێرده‌ست و كه‌وتنه ته‌نگانه‌وه. له جیاتی ئه‌مه كه به‌چاوێكی ستایش بنواڕنه ئه‌م ئهمیرانهو قه‌دریان بگرن، نرخێك بده‌ن به برایه‌تیان، رێی تێگه‌یشتنیان لێ نه‌گرن و ماوه‌ی بوژانه‌وه‌و پێشكه‌وتنی ته‌واویان بده‌نێ. به‌ڵێ له جیاتی ئه‌مانه كه‌وتنه ده‌ستێوه‌ردانی ئیداره‌ی ناوه‌كی ئهمارهتهكانیان و خه‌ریكی ئه‌وه بوون كه ناكۆكی بخه‌نه ناویانه‌وه‌و بیاكهن به گژ یه‌كدا(4). لێره‌دا تێڕوانینی نووسه‌ر بنه‌مایه‌كی ره‌خنه‌ییانه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش به دوو ئاراسته، یه‌كه‌م ره‌خنه‌گرتن له روانین و هه‌ڵوێستی توركه‌كان كه سپڵه‌ن به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی یارمه‌تیان ده‌ده‌ن و هاریكارییان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت خواست و ویستی گه‌وره‌یشیان نیه‌و شتێكی ئه‌وتۆ داوا ناكه‌ن زیاتر له‌وه‌ی كه هه‌یانه، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌یانه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سنوورداره‌ی كه له‌سایه‌ی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی‌دا هه‌یانه بپارێزرێت و ئه‌مانیش دڵسۆز‌و ملكه‌چی فه‌رمانی بابی عالی ده‌بن. دووه‌م، ره‌خنه‌ی نووسه‌ر له میرو ده‌سه‌ڵاتدارو ته‌نانه‌ت هه‌موو كورده له‌و قۆناغه‌دا كه له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوخۆی به‌هێز بكات و جۆرێك له یه‌كێتی نێوان ده‌سه‌ڵاتـه ناوخۆییه‌كانی خۆی پێكبهێنێت و له‌بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ توركه‌كان بكات، خۆی بپارێزێت و لاوازی خۆی له‌پێناوی ئه‌وی تورك یان ته‌نانه‌ت فارس‌دا به‌فیڕۆ بدات، باری ناوخۆی خۆی پته‌وبكات، به‌رده‌وام له‌خزمه‌تی ئه‌وی تردا بووه‌و ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ك توانای ئه‌می پڕوكاندووهو له‌لایه‌كی تریش له‌به‌رچاوی ئه‌وی توركدا وه‌كو خزمهتكارو كۆیله‌و ملكه‌چ دهریخستووهو وێنای كه‌سێتیه‌كی بچووك و لاوازی كوردی له‌به‌رچاوی ئه‌وی توركدا بارجهستهكردووه. واته ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی میره كورده‌كان كه به‌رامبه‌ر به یه‌كتر دڕو لێنهبووردهو مل هوڕ بوون، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی توركدا بچووك و ملكه‌چ و خزمه‌تكار ئاسا بوون. توركیش ده‌ركیان به‌م لایه‌نه خراپ و لاوازه‌ی كه‌سێتی كوردی بردووه‌و له‌وێوه توانیوویانه ده‌ستبخه‌نه كاروباریانهوهو به‌دژی یه‌كتر هانیان بده‌ن و یه‌ك به‌وی تر ته‌واو بكه‌ن. نووسه‌ر له‌م روانگه ره‌خنه‌ییه‌وه سه‌یری عه‌قل و هوشیاری و كه‌سێتی كوردی له‌سه‌رده‌می مێرنشینهكان و ته‌نانه‌ت دواتریشدا ده‌كات و له‌ئاستی نهگوتراویشدا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه ناوخۆییه‌كان كه به‌رده‌وام رێگربووه له‌وه‌دا كه كورد وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسایی یان سرووشتی ره‌فتار بكات و هه‌نگاو به ئاراسته‌ی ئاینده هه‌ڵبنێت ئه‌و كه‌سێتیه لاواز‌و هه‌ست به بچووكیكهره بووه له‌به‌رده‌م ئه‌وانی تردا‌و له‌به‌رامبه‌ر خۆیشیدا تووند‌و پاڵه‌وان ئاسا‌و لێنهبوورده بووه، كه تاكو ئێستاش ئه‌وه یه‌كێكه له خاسێـته زاڵه‌كان له كه‌سێتی كوردیدا.
ره‌فیق حیلمی نموونه‌ی رۆشنبیرێكی ئاسۆ روون و ئاسۆی بینین فراوان بووه، كه له ئاستی قوڵدا باس له به‌رهه‌مهێنانی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كات، به‌ڵام به دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه، واته هاوكات له شێخ مه‌حمود نزیكهبووهو خۆشیویستووهو هاوكات وه‌كو رۆشنبیرێكی خاوه‌ن بۆچوون ده‌یه‌وێت خۆی و رۆشنبیرانی تری بهئاگاو ئه‌فسه‌ره لێهاتووه‌كانی كورد كه پێشتر له سوپای توركدا بوون لێی نزیك بن و ئه‌ویش پرس و رایان پێبكات و پشتیان پێببه‌ستێت، به‌ڵام كاتێك كه شێخ مه‌حمود به‌م جۆره كارناكات و رۆشنبیران و خوێنده‌وارانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی پشت گوێ ده‌خات و پشت به ئاغا‌و به‌گ و شیخی به‌رژه‌وه‌ند په‌رست و نه‌زان ده‌به‌ستێت، ئه‌م بێ ده‌نگ نابێت و ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت، كاتێك شێخ مه‌حمود پشت له ئه‌فسه‌رانی كوردی پیشتری ناو سوپای تورك ده‌كات و پشت به تفه‌نگ له‌شان و ده‌مانجه‌و خه‌نجه‌ر به‌قه‌دی نه‌زان و نهشارزا ده‌به‌ستێت ئه‌م ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت. به‌ڵێ ره‌فیق حیلمی نموونه‌ی رۆشنبیری ره‌خنه‌گره له مێژووی ئێمه‌دا، رۆشنبیرێك كه ره‌خنه‌كانی درووستكه‌رو بنیادنه‌رن بوون و له سوودو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانهكهیی و دۆزه رهواكهیدابووه. واته ئه‌م نووسه‌رو كهسێتـه منه‌وه‌ره‌ی كورد خاوه‌نی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی ره‌خنه‌گرانه‌یه كه ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئاسۆی مه‌ودافراوانی بینینی ئه‌وه بۆ ئایندهی كورد. واته كورد پێویستی به عه‌قڵی ره‌خنه‌گرانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت واقیع به‌جۆرێك بخوێنێـهوه كه بتوانێت مامه‌ڵه‌ی درووستی له‌گه‌ڵدا بكات و له جوڵه‌و ئاراسته‌ی هێزه جۆراوجۆره‌كان تێبگات و بزانێت چی ده‌كات و چۆن بڕیار ده‌دات و كه‌ی بڕیار ده‌دات.