كوردو گوتاری عێراقی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا!

عەتا قەرەداخی
مەبەست لە گوتاری عێراقی چیە؟ ئایا چ پەیوەندییەكی لەگەڵ گوتاری كوردی هەیە؟ گوتار وەكو دەقێكی نووسراو پێناسە دەكرێت كە بارگاوی كراوە بە فیكرو مەعریفەو روانین كە كۆی ئەمانەش پەیوەستن بە ئایندەبینیەوە یان نەخشەرێگای ئایندە نیشان دەدەن. هەر بەم پێیە گوتاری كوردی پێویستە ئەو گوتارە بێت كە بارگاوی كراو بێت بە مەعریفەو فیكری نەتەوەیی و بنەمای سەرەكی بریتی بێت لە روانین بەرەو ئاسۆیەكی گەش پەیوەست بە ئایندەی نەتەوە. كە لە راستیدا رەهەندە واقیعیەكانی گوتاری كوردی وەكو گوتاری نەتەوەیی پەیوەستە بە بوون و ئامادەبوونی ناسیونالیزمی كوردییەوە. هەر بەو پێیەش ئاستی گوتاری كوردی دەبێتە پێوانە بۆ دیاریكردنی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی كوردی و گەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس.
ئایا شتێك هەیە بە ناوی گوتاری نەتەوەیی كوردی؟ گوتاری نەتەوەیی كوردی كاتێ دەبێتە گوتارێكی خاوەن شووناس كە بە لایەنی كەمەوە هەڵگری پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان و درووستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بێت. لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت باسی بڕیاردانی مافی چارەتووس دەكرێت. لە راستیدا ئەو مافە شتێكی سرووشتیەو هەموو نەتەوەو پێكهاتە ئیتنیكیەكان دەتوانن هەیان بێت. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی بڕیاردانی چارەنووس، بكەرێكی كارا پێویستە كە ئەویش بكەری نەتەوەیەو ئاشكراتر بڵێین ناسیونالیستێكی پێگەیشتوو كارایە كە هەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمە. كە لە راستیدا ئەو بكەرە تاكو ئێستا لە رووی واقیعیەوەو لەسەر زەمینەی واقیعی كوردستان وەكو پێویست بوونی نییە. واتە ئەوەی تاكو ئێستا دۆزی كوردیی پێوەی دەناڵێنێت نەبوونی ئەو بكەرەیە كە هەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمە. ئەو بێ سەروبەرییەی كە ئێستا دەبینرێت بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەییەوە. كاتێ زۆرێك لە حیزب و لە جەماوەریش لە ئاستی بەراوردكردندا عێراقی عەرەب بە باشتر دەزانن ئەوە گرفتەكە ئەو وێنە ناشیرین و دزێوانەیە كە دەسەڵاتی كوردی و حیزبی كوردی نوخبەی سیاسی كوردی پێشكەشیان كردووە. راستە لاوازی هوشیاری لای كورد بەردەوام هۆكاربووە بۆ وابەستبوونی بە پیتەختەكانی عەرەب و تورك و فارسەوە بەڵام رۆڵی نەرێنی و پاسیڤی حیزبی بێ پرۆژەو و نوخبەی سیاسی نانەتەوەیی و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی جەماوەر بە گومانەوە سەیری خۆی بكات لەسایەی دەسەڵاتی كوردیدا. 
كەواتە دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات : ئایا گوتاری عێراقی چیەو چ پەیوەندییەكی ئەرێنی یان نەرێنی بە كوردەوە هەیە؟ گوتاری عێراقی ئەو گوتارەیە كە بە كۆی رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی عێراق بارگاوی كراوەو بە گوێرەی عێراقییەكان عێراق وەكو گەل و وەكو نیشتیمان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێكی ترەوەیەو بوون و سەروەری ئەوان واتە ئەوانی عەرەب بە شیعەو سوونەوە لە بوون و سەروەرێتی عێراقدایە. بەڵام ئایا ئەو گوتارە چ پەیوەندییەكی بە كوردەوە هەیە كە خۆی چاك دەزانێت چۆن نیشتیمانەكەیان دابەش كردووەو لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوانی عەرەب و ئەوانی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیدا باشووری كوردستانیان لكاندووە بە عێراقەوەو لە هەموو ئاستێكیشدا هەوڵیانداوە گوتاری كوردی لە نێو بۆتەی گوتاری عێراقیدا بتوێننەوەو لە بری ئینتیما بۆ كوردستان ئینتیما بۆ عێراق درووست بكەن و بەرهەم بهێنن. لێرەوە ئاشكرایە كە كورد هیچ پەیوەندییەكی نیە بە گوتاری عێراقیەوە.
 راستە پێشتر بە كاریگەری لاوازیی هەستی ناسیونالیستی كوردی و نەبوونی ناسیونالیزم و رۆڵی نەرێنی ئایدیۆلۆجیای چەپ كە چاوی لەسەر یەكێتی چینی كرێكاری عێراق بووە، لە ئاستێكی دیاری كراوی هەستدا مەیلی پەیوەستبوون بە عێراقەوە درووستبووە، كە ئەوەش بۆ رووبەری نەست گواستراوەتەوەو پەیوەستبوونی كورد بە گوتاری عێراقیەوە لە ئاستێكی لاوازدا بەرهەمهاتووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا پەیوەستبوونی كورد بە گوتاری عێراقییەوە وەكو نەتەوە چی بۆ بەرهەمهێناوە، یان بۆ ئێستاو داهاتوو چی بۆ بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا بۆچی ئێستا و بە تایبەتی لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بەشێك لە حیزب و لیست و كەسێتەكان گۆرانی بە باڵای عێراقدا دەڵێن؟ ئایا عێراقی ئێستا ئەو عێراقەیە كە ئەم حیزب و لیست و لایەن و كەسانە ئومێدیان پێی هەبێت كە كورد تیایدا وەكو هاووڵاتی و وەكو مرۆڤ دەتوانێت بژی و كەرامەتی پارێزراو بێت؟ ئایا سیستێمی سیاسی مەزهەبی خیڵ‌كی تائیفی ئێستای عێراق لەو ئاستەدایە كە كورد متمانەی پێ بكات و دەستبەرداری خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی بێت یان ئەوانی لە كوردستان وابیردەكەنەوە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانیان هەیە لەم جۆرە هەڵوێست و بانگەشانەداو باكیان لە بەرژەوەندییەكانی كورد وەكو نەتەوە نیە؟ یان هۆكاری تر لە پشتی ئەم هەڵوێستانەوە هەیەو ئەویش لە ئاستی یەكەمدا بڕوانەبوونە بە خواستەكانی كورد؟
لێرەدا حەزناكەم بە رەشبین ناوم ببەن بەڵام من بێجگە لە نەهامەتی و بەدبەختی و دووبارە كیمابارنكردن و ئەنفالكردنەوەو  وێرانكردنەوەی كوردستان چاوەڕوانی شتێكی باشتر لە عێراق ناكەم. ئەوەی عێراقیەكانی بە خورماتوو، هەندێ‌ شوێنی تری كوردستانیان كرد لەم دواییانەدا هیچی لە كارەكانی پێشتری سەدام حسێن بەرامبەر بە كورد كەمتر نیە. ئیتر دەبێ ئەو متمانەیە بە عێراق لە كوێوە هاتبێت؟ سەرباری هەموو ئەمانەش ئەوەتا ئێستا لە كوردستان كورد لە شێوەی جاشدا لەسەر لیستە عەرەبیەكان خۆیان پاڵاوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق؟ ئایا بیرمان لەوە كردووەتەوە ئەوە دەرئەنجامی چیەو كێ لێی بەرپرسیارە؟ بێگومان سیاسەتی خراپ بەڕێوەبردنی كوردستان و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و پەروەردەی حیزبی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی كوردی هۆكاری هەموو ئەم دیاردە نادرووستانەیە كە لە راستیدا جۆرێكیشە لەزەنگ لێدان بۆ جیاكردنەوەی دوو بەرە لە كوردستاندا بەرەی شوێنكەوتووی گوتاری عێراقی و عێراقچێتی لەگەڵ بەرەی نەتەوەو گوتاری نەتەوەیی. راستە بارودۆخی خراپی ئیداری و سیاسەتی پڕ لە گەندەڵی  بەڕێوەبردن و كاركردن بە پێوەرە نانەتەوەییەكانی دەسەڵات و حیزبی كوردی و بارودۆخی ناوچەكەو نێودەوڵەتیش رۆڵی بینیووە لە زیاتر دەرخستنی مەیلی عێراقچێتی و كاركردن لەسایەی گوتاری عێراقیدا بەڵام گومانی تێدانیە  ئەمانە شتی كاتین و دەگۆڕێن. بۆیە هەر گۆرانی گوتنێك بە باڵای بەغدادا بێجگە لە خۆفریودانی كورد هیچیتر نیە، رەنگە هەندێ‌ كەس لەسەر ئاستی بەرژەوەندی تاكەكەسی سووندمەند ببن و رەنگە لایەن و ئەحزابیش دەستكەوتیان هەبێت راستەخۆ لەلایەن عێراقەوە یان لەملاو ئەولاوە، بەڵام لەسەر ئاستی نەتەوە بە تایبەتی لە مەودای دووردا ئەم جۆرە كاركردنە زیان بەخش دەبێت و سەرئەنجامیش خۆبەستنەوە بەم شێوە خۆهەرزانفرۆشكردنە بۆ ئەو كەس و لایەن و لیستانە بە عێراق و گوتاری عێراقیەوە، لە مێژوودا باش تۆمار ناكرێت. كارەكانی مەلای خەتێ و موشیری حەمەی سلێمان با سەد پاكانەشیان بۆ بكرێت بەڵام لە چاوی مێژووەوە، لە چاوی خەڵكەوە وەكو كارەكانی مەلای خەتی َو موشیر دەمێننەوە.
 بۆیە ئەگەر سەركردایەتی كۆی حیزب و لایەنەكانی كورد، كەمترین ئاستی هوشیاری و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان هەبێت، بۆیە ئەگەر هەر تاكەكەسێكی كورد سادەترین ئینتیمای نەتەوەیی هەبێت یەكەم باسی یەكێتی خاكی عێراق و مەترسی لەسەر ئەو یەكێتیە ناكات كە ئەو یەكێتیە بێجگە لە درۆو ویستی شۆڤێنیزمی عەرەبی هیچیتر نیە. ئەگەر نوخبەی سیاسی كوردی هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی هەبێت كە خۆیان بەگشتی بەرپرسیارن لە كارەساتەكانی كوردستان و لە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن ئومێد لەسەر عێراق هەڵناچنن، بەڵكو لەبری ئەوە دەبێ هەموو ناكۆكیەكی ناوخۆی نێوانیان چارەسەر بكەن و مێژووی ناكۆكی و ململانێی خێلەكیانەی رابردوویان بەلاوە بنێن و وەكو هێزی نەتەوەیەك پێكەوە لە پێناوی یەك كوردستاندا تواناو هێزی خۆیان بخەنە كار و، واز لە سوكایەتیكردن بە مێژووی خۆیان و سوكایەتیكردن بە رۆحی كوردی بهێنن كە بە بێ سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی ئەو رۆحە هەموو رۆژێك هەتك دەكرێت، بۆیە حەقە لە بری گۆرانی گوتن بە باڵای پایتەختی داگیركەرانی كوردستانداو لەبری گاڵتەكردن و سووكایەتیكردن بە مەسەلەی سەربەخۆیی و دەوڵەت لەبەرئەوەی فڵانە حیزب یان فڵانە سەركردە بانگەشەی بۆ دەكات و ئەوانیتر ئەو حیزب و سەركردەیان بە دڵ نیە، هەموو ناكۆكیەكان بەلاوە بنێن تا كورد سەربەخۆ دەبێت ئەوسا لەژێر چەتری دەوڵەتدا خەبات بكەن بۆ درووستكردنی باشترین سیستێم. بەڵێ گوتاری كوردی كاتێ پێناسەی تایبەتی خۆیی هەیە كەبە رەگەزەكانی سەربەخۆیی و دەوڵەت بارگاوی كرابێت. بڕوابوونی هەر كوردێك بە گوتاری عێراقی واتە داماڵینی ئەو كوردە لە رەگەزی كوردبوون و بارگاویبوونی بە رەگەزو توخمەكانی گوتاری عەرەبی عێراقی. ئەوەی لە بەرنامەی هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشێكی دیار لە حیزب و لیستە كوردییەكاندا دەیبینین و دەیبیستین بە تەواوی كاركردنە لە چوارچێوەی گوتاری عێراقیداو بەو ئەندازەی بە رەگەزەكانی عێراقچێتی بارگاوی كراوە ئەوەندە سیمای كوردانەی پێوە دیار نیە، ئەمەش یان بڕوانەبوونی ئەم حیزب و لیست و كەسانەیە بە جیاكردنەوەی چارەنووس و ئایندەی كورد لە عێراق یان لە ناهوشیارییەوەیە یان لە هەست بە بچووكیكردنەوەیە یان بۆ بەرژەوەندی تایبەتیە نەك بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی.      


27/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر