ئاشكرایه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین به‌رهه‌می جوڵه‌ی ناوخۆیی‌و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خودی مرۆڤایه‌یته. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردووی دوور ئه‌وا به‌جۆرێك باسی سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی مرۆڤ ده‌كرێت كه ره‌نگه له ئێستادا ته‌سه‌وركردنی واقیعیانه‌ی ئه‌و قۆناغه گران‌و له هه‌مان كاتدا ته‌مومژاوی بێت. به‌هه‌رحاڵ شێوه‌ی دیار‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێناسه‌كراوی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كه به كۆمه‌ڵگه ناوبراوه له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ده‌شێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باسی كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی و قۆناغی كۆیلایه‌تی‌و.. بكرێت. به پێی دیالیكتیكی مێژووی كۆمه‌ڵگه به‌پێی شێوازی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنان‌و هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له جوڵه‌یه‌كی هێواشدا گۆڕاناكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و له هه‌ناوی هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕهه‌ڵگه‌نی ئه‌و قۆناغه له دایكبووه‌و رابه‌رایه‌تی قۆناغی دواتری كردووه. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و له جوڵه‌یه‌كی خاو‌دا روویداوه. هه‌روه‌ك له روانگه‌ی هه‌ندێ كۆمه‌ڵناسی وه‌كو ئیبن خه‌لدوونیشه‌وه كه كۆمه‌ڵایه‌تیبوون له پله‌ی یه‌كه‌مدا به‌هۆی هۆكاره‌كانی خوێن‌و ده‌ماره‌وه بووه، ئه‌ویش جوڵه‌یه‌كی هێواشی هه‌بووه‌و سه‌باری ده‌ركه‌وتنی پێكهاته‌و دامه‌زراوه‌ی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام ئه‌و جوڵه هێواشه وایكردووه ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه خوێن‌و ده‌مار بنه‌مای پێكه‌وه به‌ستنیان بووه له كۆمه‌ڵگه جۆراو جۆره‌كاندا بوونیان به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌كو چه‌ندین هۆكاری تایبه‌تیش وه‌كو بزوێنه‌ری مێژوو دیاری كراون وه‌كو ئابووری‌و فاكته‌ری خوێن‌و ده‌مار‌و رۆح‌و رۆمانسیه‌تی سرووشت‌و..تاد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌و سه‌رباری بڕوابوون به بوون‌و جیاوازی مۆتیقه‌كانی بزوێنه‌ری مێژوو، جۆرێك له كۆده‌نگی سه‌باره‌ت به ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه ئه‌ویش له‌وه‌دا كۆبووه‌ته‌وه كه كۆمه‌ڵگه به‌پێی كارلێك‌و جوڵه‌و پێكه‌وه كاركردنی كۆی ره‌گه‌زه مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی خودی خۆی ده‌جوڵێت‌و په‌ره‌سه‌ندنی خۆی ده‌كات كه ئه‌ویش ملكه‌چی یاسا خۆیی‌و بابه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به بوون‌و پێكهاته‌ی خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، كه ئه‌ویش هه‌میشه جوڵه‌یه‌كی هێواش‌و سرووشتی هه‌یه به‌پێی سرووشتی تایبه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه هه‌بێت كه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ره‌وتی مێژوو له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌پێی سرووشتی پێكهاته‌و كارلێكه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌ڕوات، ئه‌وا ناتوانین بڕوا به‌وه بكه‌ین كه رۆڵی تاكه كه‌س‌و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌و گروپیش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌بێت، ناشێت ته‌سه‌وری ئه‌وه بكرێت تاك به ته‌نیا، یان ده‌سته‌و گروپ بتوانن گۆڕانی گه‌وره له سرووشت‌و له جوڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا درووستبكه‌ن. بێگومان ره‌نگه له شێوه‌ی جۆرێك له جوڵه‌یه‌كی میكانیكیدا هه‌وڵبدرێت كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و گۆڕان ببرێت‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پێداویستیه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بنیادییه‌كانی ئه‌و گۆڕانه بوونیان هه‌بێت‌و كۆمه‌ڵگه ره‌وتی مێژووی خۆیی بڕیبێت، هه‌وڵبدرێت ماوه‌ی ئه‌و قۆناغه مێژووییه كورتتر بكرێته‌وه‌و جوڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه خێرا بكرێت‌و گۆشه‌جوڵه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون كه به‌سرووشتی گۆشه‌یه‌كی زۆر تیژه‌و له چه‌ند پله‌یه‌كی زۆر كه‌م زیاتر نییه، بكرێته گۆشه‌یه‌كی وه‌ستاو، یان كراوه، ئه‌وا مانای وایه له ده‌ره‌وه‌ڕاو به هێزێكی میكانیكی هه‌وڵی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه ده‌درێت كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سرووشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناگونجێت‌و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هۆی تێكدانی هارمۆنیای كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌شێ جۆرێك له پشێویی‌و فه‌وزای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه له زۆرێك له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا له بری به‌رهه‌مهێنانی گۆڕانێكی هێواش‌و سرووشتی كه به‌رهه‌می گۆڕانكاری ریشه‌یی بێت له ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ، له سه‌رخاندا بانگه‌شه بۆ گۆڕانكاری ده‌كرێت كه ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ی سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بینرێت‌و له نێوان خوازیارانی ئه‌و جوڵه‌و گۆڕانه‌و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا جۆرێك له دیواری لێك تێنه‌گه‌یشتن درووست ده‌بێت كه له روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه خوازیاران‌و داكۆكیكه‌رانی هه‌ر گۆڕانێكی له‌و جۆره وه‌كو شوێنكه‌وتنی جۆرێ له وه‌هم سه‌یر ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه ده‌بێ بزانین نه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیش به گۆشه‌ی وه‌ستاو یان كراوه ناجوڵێن‌و نارۆن، به‌ڵكو ره‌وتێكی هێواشیان هه‌یه كه مۆتیڤه‌كه‌ی له نێو بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدایه‌و ئه‌ویش پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و گشتگره‌و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه.