كۆمەڵگەی كوردی‌و توندوتیژی

عەتا قەرەداخی

                                                                                                                                         
لە رووی غەریزەوە مرۆڤ  هەڵگری دوو جۆرە غەریزەی سەرەكیە كە یەكەمیان غەریزەی مرۆییەو ئەوی تریشیان غەریزەی ئاژەڵیە. بە سرووشتی لە مرۆڤدا غەریزەی مرۆیی باڵادەستترەو توانای كۆنترۆڵكردنی غەریزە ئاژەڵییەكانی هەیە. غەریزە ئاژەڵیەكانی مرۆڤ ئەوانەن كە بە ئاراستەی جۆرێك لە دڕندەیی مرۆڤ دەجوڵێنن‌و پاڵ دەنێن. هەركات ئەو هاوسەنگیەی  لە نێوان ئەم دوو جۆرە غەریزەیەدا هەیە لە بوونی مرۆڤدا تێكچوو، بە تایبەتی ئەگەر غەریزەی ئازەڵی باڵادەست بوو ئەوا مرۆڤ زۆرێك لە خاسێتە مرۆییەكانی خۆی لە دەست دەدات‌و دەبێتە بوونەوەرێكی تر. پاڵنەرەكانی شەڕو كوشتن‌و تێكدان‌و وێرانكردن‌و سڕینەوەی ئەوانی تر دەرئەنجامی ئەو غەریزە ئازەڵیەی مرۆڤە كە مرۆڤە دەكاتە ئەو دڕندەیەی كە لە هیچ شتێك سڵ نەكاتەوەو لە هیچ شتێك نەگەڕێتەوە.
بێگومان یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی رەفتاركردنی مرۆڤ بە جۆرێكی نادرووست‌و ناشیستە بە خودی مرۆڤ، غەریزەی ئاژەڵی مرۆڤە. خۆ ئەگەر مرۆڤ خۆی دایە دەستی ئەو غەریزەیە ئەوا لە هەموو دڕندەكان دڕندەتر دەبێت چونكە ئەوسا ئەم بەوە لە دڕندەكانی تر جیادەكرێتەوە كە ئەوان تەنیا خاوەنی هێزو غەریزەن، بەڵام ئەم خاوەنی هێزو غەریزەو عەقڵیشە كە ئەمەی دوواییان لە دوانەكەی تر گرنگترو پڕ بایەخترە بۆ دەسەڵاتكردن بەسەر هەموو دەوروبەرداو بۆ مل پێكەچكردنی ئەوانی ترو بەكارهێنانیان بە پێی ویست‌و ئارەزووی مرۆڤەكە خۆی كە زۆرینەی كات ئەو مرۆڤەی كە گەیشتە ئەم ئاستەیە ئیتر هیچ سنوورو بنەمایەك ناناسێت‌و چۆنی بوێت تێكدەدات‌و دەڕوخێنێت‌و دەكوژێت‌و وێران دەكات. كەواتە لێرەوە ئەوە ئاشكرا دەبێت كە یەكێك لەسەرچاوە هەرە سەرەكیەكانی تووندو تیژی لە لای مرۆڤ بە كاریگەری غەریزەی ئازەڵانەی مرۆڤە‌و چەندێ ئەو غەریزەیە بەهێز بێت ئەوەندە ئەگەری فراوان بوونی رووبەری توندوتیژی زیاترە. ئەم بۆچوونەی كە ئێمە لە روانگەی غەریزەی مرۆیی‌و غەریزەی ئاژەڵیەوە لە بوونی مرۆڤدا لێی دەدوێین‌و پێمان وایە باڵادەستبوونی غەریزەی ئاژەلی دەبێتە هۆی شێواندنی خودی مرۆڤ‌و لە دەستدانی ناسنامەی مرۆڤ بوون‌و رەفتاركردنی وەكو بوونەوەرێكی تر كە زیاتر خاسێت‌و سیمای بوونەوەرێكی دڕندە هەڵدەگرێت.
 ئەم تێڕوانینە لە رووی ئایینیەوە بە جۆرێكی ترو بەڵام بە هەمان مەبەست لێكدەدرێتەوە كە ئەویش هاوسەنگی پاڵنەری خێرو شەڕە لە مرۆڤدا كە ئەویش دیسان جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوانیاندا نیشان دەدات‌و ئەگەر پاڵنەری خێر بەهێزترو باڵادەستتر بێت ئەوا مرۆڤ دەبێتە بوویەكی هێمن‌و نەرم‌و نیان‌و لێبووردەو دوور لە رق‌و كینەو گیانی تۆڵە سەندنەوە، كە ئەمەش دیسان دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە بەكارهێنانی هەرجۆرە تووندو تیژییەك.
ئەمەی لەسەرەوە باسمان كرد روانینە بۆ سەرچاوەی بەرهەم هێنانی تووندو تیژی لە لای مرۆڤ وەكو تاكەكەس، بەڵام ئەوە ئاشكرایە كە مرۆڤ بوویەكی كۆمەڵایەتیەو كەسێتی مرۆڤیش چ بە لایەنی پۆزەتیف‌و چ بەلایەنی نێگەتیفدا لە نێو كۆمەڵگەو لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا دەردەكەوێت واتە لە پەیوەندی تاكەكەس لە دامەزراوەكانی تری كۆمەڵگەدا، ئەویش لە خێزانەوە بۆ ناو پۆلی خوێندن‌و بۆ شوێنی كاركردن‌و بۆ سەرشەقام‌و بۆ نێو دامەزراوە سەرەكیەكە كە كۆمەڵگە خۆیەتی. بێگومان هەریەكە لەم دامەزراوانە دەوری سەرەكی دەبینێت لە پەروەردەكردنی مرۆڤداو هەر پەروەردەی نێو ئەم دامەزراوانەیە كە وا لە مرۆڤ دەكات كام لەو دوو غەریزەی كە باسمان كردن تیایدا باڵادەست بێت. غەریزەی مرۆیی یان غەریزەیی ئاژەڵی چونكە ئەوە ئاشكرایە كە ئەم دوو غەریزەیە لە هەموو مرۆڤەكاندا بوونیان هەیە، بەڵام دامەزراوەكانی كە مرۆڤیان تێدا پەروەردە دەبێت‌و تیایاندا دەژی ئەوانن كەسێتی ئەو مرۆڤە ئامادە دەكەن‌و دەیخەنە سەر رێگا، ئیتر كام رێگایان بێت رێگای مرۆیی یان رێگایی دڕندەیی.
ئەگەر بمانەوێت لەسەر هزری تووندو تیژی لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئاخاوتن بكەین دەبێ بگەڕێنەوە بۆ باسكردنی پەروەردە لەم كۆمەڵگەیەدا هەر لە یەكەمین خانەی پێكهاتنی كۆمەڵگەوە كە دامەزراوەی خێزانە تا دەگاتە دامەزراوەی پەروەردەو دامەزراوەی خێڵ‌و عەشیرەت‌و حیزب‌و پاشانیش كۆمەڵگە.
سەرەتای پەروەردەی مرۆڤ كە ئەوەش دەبێتە بنەمای پێكهێنانی كەسێتی لە خێزانەوە دەست پێدەكات. خێزانی كوردی كە دامەزراوەیەكی داخراوی شێواز پەیوەندی هەرەمییە كە باوك لە لوتكە هەرەمەكەدایەوئاراستەی پەیوەندیەكان یەك ئاراستەیە ئەویش لە لوتكەی هەرەمەكەوەیە بە ئاراستەی خوارەوە، واتە بەرەو بنكەی هەرەمەكە كە ئەوەش ناتوانرێت بە پەیوەندییەكی هاوسەنگ دابنرێت بەڵكو سرووشتی فەرمانكردنی دەبێت واتە لەسەرەوە فەرمان دەردەچێت‌و لە خوارەوە دەبێ جێبەجێ بكرێت، بە بێ ئەوەی مافی رەتكردنەوە هەبێت، ئەمەش ئەندامی خێزان وەكو بەركارێك لێدەكات كە هەمیشە كاری لەسەر دەكرێت، كە ئەوەش جۆرێك لە بێزاری رق‌و كینەو هەست بەسەركوتكردن لە لای تاكی ئەندامی خێزان درووست دەكات. ئەم باری سەركوتكردن‌و نەتوانینی توانا بۆ لە رووداوەستان‌و رووبەڕوبوونەوەو هەوڵدان بۆ رەتكردنەوەی ئەو فشارو هەژموونەی بەسەر تاكەكەسەوەیە دەبێتە بنەما بۆ كاردانەوە. دیارە هەموو كاردانەوەیەكیش لە گەوهەردا كردەیەكی نائاسایی‌و ناسروشتیە لە رووی جوڵەو خۆنمایشكردنەوە. هەر بۆیە لەگەڵ خۆیدا جۆرێك لە توندو تیژی لەگەڵدایە‌و رەنگە ئەگەر بواریشی بۆ بكرێتەوە زەبرزەنگیش بهێنێت. لێرەوە بۆمان ئاشكرا دەبێت كە  دامەزراوەی خێزان لە ئاستی یەكەمدا لە كۆمەڵگەی ئێمەو هاوشێوەكانیدا بەرهەمهێنی توندو تیژییە. 
لە دوای خێزان دامەزراوەی دووەم قوتابخانەیە كە تاكەكانی كۆمەڵگەی تێدا پەروەردە دەبن. دیارە ئەوەش ئاشكرایە كە سیستێمی پەروەردە تاكو ئێستا لە وڵاتی ئێمەدا سیستێمێكە هاوشێوەی دامەزراوەكانی تری ئەم كۆمەڵگەیەو سیستێمێكی تەڵقینیەو سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیەو ئەو عەقڵەی كە بەڕێوەی دەبات هەمان سیاسەت‌و عەقڵی باڵادەستی كۆمەڵگەیە كە ئەویش سیستێمێ ئاراستە پەیوەندی هەرەمیە، هەمان شێوەی سیستێمی خێزان‌و دامەزراوەی خێڵ‌و دامەزراوەی حیزبی شمولی تاكەكەسی‌و هاوشێوەی هەرەمی دینی كە فەرمان لەسەرەوە دەردەكرێت‌و لە خوارەوە دەبێ جێبەجێ بكرێت. لە سیستێمی پەروەردەی ئێمەدا كە پێشتر سیستێمی پەروەردەی عێراقی بووە، ئەو سیستێمەش لە پرینسیپدا سیستێمی بەریتانیەو هەر لە درووستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراقیەوە لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوودا پیادەكراوە، ئەویش دوو ئامانجی سەرەكی هەبووە كە یەكەمیان بریتی بووە لە پەروەردەكردنی مرۆڤێكی لاوازی دەستەمۆی ئەوتۆ كە نەتوانێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت‌و مل كەچ بێت‌و بە هەموو شتێك بڵێت بەڵی بۆ ئەوەی مرۆڤێك بێت لە رووی دەسەڵاتی پاشایەتی ئەڵقە لە گوێی ئینگلیزدا رانەوەستێت. ئامانجی دووەمیش بە هۆی باڵادەستبوونی نوخبەی ناسیونالیستی عەرەبی عێراقیەوە لە دامەزراوەی پەروەردەدا سەرەتاكانی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی عەرەبی لە نێو پرۆگرامی پەروەردەی عێراقیدا جێگای كراوەتەوە كە ئەویش ئایدیۆلۆجیایەكی توندڕەوی داخراوی بارگاوی كراو بووە بە بنەماكانی شۆڤێنیزم‌و رەیسیزم. كەواتە پرۆژەی پەروەردە لە عێراقدا كە كوردیش لەم بەشەدا بەشێك بووە لەو پرۆژەیە بە دوو ئاراستە بە كەلتوورو عەقڵ‌و هزری توندو تیژی پەروەردە كراوە كە یەكەمیان خودی سیاسەتی گشتی پەروەردەی بەریتانی یان شێواز بەریتانی لە عێراقدا بەرهەمهێنی نەوەیەكی سەركوتكراوو داپڵۆسراو بووە كە قوتابی لە پێگەی كۆیلەدا بووەو مامۆستاش لە پێگەی فەرمانڕەوادا بووەو پەیوەندی نێوان ئەم دووانەش پەیوەندی فەرمانكەرو فەرمان بەسەردا كراو بووە كە ئەم پەیوەندییەش هەمیشە لە سەرەوە بە توندوتیژی‌و زەبروزەنگ بەسەر خوارەوەدا دەسەپێنرێت‌و خوارەوەش هەمیشە كاردانەوەی توندی دەبێت بەرامبەر بە شێوازی ئەو فەرمانكردنە. لە كاتێكدا كە ناتوانێت راستەوخۆ ئەو كاردانەوەیە بە رێگای درووست دەرببڕێت رێگای تر لەبەردەگرێت كە ئەویش خاڵی نییە لە توندوتیژی‌و زەبروزەنگ، كەواتە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە پرۆسەی پەروەردەی ئێمە منداڵ ئامادەداكات بۆ كاردانەوەی توندوتیژ، ئەمە سەرباری ئەوەی كە بە توندی رەفتاری لەگەڵ دەكرێت‌و بە سرووشتی خۆیشی لەگەڵ رەفتاری تونددا رادێت‌و دەگاتە ئەوەی كە بۆ یەكلایی كردنەوەی سادەترین كێشەش بڕوای بەوە بێت كە بە توندو تیژی‌و لە رێگای هێزەوە مەسەلەكان یەكلایی بكاتەوەو بوونی خۆی‌و سەركەوتنی خۆی بسەلمێنێت.
 هەروەك ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی عەرەبیش لە پەروەردەی عێراقیدا، هەڵگری كەلتووری توندوتیژی‌و بەرهەمهێنی عەقڵی سڕینەوەی هەموو ئەوانی تر بووە. ئەم دوو ئاراستەیە بە ئاشكرا لە پەروەردەی منداڵی كوردیشدا كاری كردووە‌و، كۆنەستی تاكی كوردیی گرتۆتەوەو سەرئەنجام تاكی كوردی كە قۆناغی یەكەمی پەروەردەكردنی لە نێو ئەو خێزانەوە هاتووە كە پێشتر باسمان كردو قۆناغی دووەمی پەرەوەردەكردنیشی لەو سیستێمی پەرەوەردەیەوە هاتووە كە بریتی بووە لە دامەزرایەوەیەك لە پاَل فێركرنی زانست‌و زانیاریدا هەوڵیداوە تاكێك پەروەردە بكات كە سەركوتكراوو كەسێت تێكشكێنراو بەسەرخۆدا شكاوە بێت، كە كەسێتی لەم جۆرەش هەمیشە لە هەڵوێستی خۆخواردنەوەو هەست بە غوبن كردندایە كە ئەم حاڵەتەش ئەگەر بواری بۆ رەخسا لە كاردانەوەی توندو تیژدا گوزارشت لە خۆی دەكات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین یەكێك لە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە كۆمەڵگەی كوردیدا لە سیستێمی پەروەردەوە سەرچاوە دەگرێت كە سیستێمی سزادان‌و تێكشكاندنی كەسێتی منداڵ‌و لاوە لەبەرامبەر فێركردندا.
ئەگەر لەسەر ئاستی كۆمەڵگەش سەیر بكەین كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی خێلایەتیە، هەرچەندە رەنگە هەندێك بە ئاسانی دان بە راستی ئەم بۆچوونەدا نەنێن، بەڵام لە رووی سیۆسیۆلۆجیەوە یەكەی سەرەكی بنیادی پێكهێنەری كۆمەڵگەی كوردی خێڵ عەشیرەتە كە بنەمای سەرەكی درووستبوون‌و پەیوەستبوون ئەم دامەزراوەو جوڵینەری مێژووش تیایدا رەگەزی خوێن‌و دەمارە، كە ئەم دوو رەگەزەش لە روانگەی كۆمەڵایەتی بوونەوە دوو رەگەزی توندو داخراوو سەرەتاین چونكە سنووری پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان لە چوارچێوەی دامەزراوەی خێڵ‌و عەشیرەتدا لە قاڵب دەدەن‌و رێگا نادەن بە ئاسانی ئاستی پەیوەندییەكان بگوارزێتەوە بۆ دەرەوەی دامەزراوەكە واتە بۆ دەرەوەی ئەوانەی كە رایەڵەی خوێن‌و دەمار پێكیانەوە دەبەستێت. لە هەمان كاتیشدا لەم دامەزراوە داخراوەدا كە ئاراستەی پەیوەندییەكان دیسان شاوڵیەو لە لوتكەی هەرەمەكەوە بە ئاراستەی بنكەی هەرەمەكە دادەبەزێت، پەیوەندییەكان یەك ئاراستەن كە پەیوەندی یەك ئاراستەش مانای فەرمانكردن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوەی فەرمانەكەی ئاراستە دەكرێت خاوەنی دەنگ‌و ئامادەبوون نییەو تەنیا مافی جێبەجێ كردنی هەیە كە ئەمەش دیسان مانای سەركوتكردن‌و بێدەنگ كردن‌و پاسیڤكردنی رووبەری فراوانی خوارەوەی ئەو دامەزراوەیە كە زۆرینەش پێكدەهێنێت. لە راستیدا شێوازی پیادەكردنی پەیوەندی هەرەمی واتە لەسەرەوە بۆ خوارەوە كە تیایدا فەرمان هاوشێوەی فەرمانە لە هەرەمی فیكری دینیدا. دیارە ئەویش حساب بۆنەكردنی رووبەرە فراوانەكەی خوارەوەیە واتە كۆمەڵگە كە ئەویش بە سیاسەت‌و ستراتیژی توندی نێو دامەزراوەی خێڵ خۆی جێبەجێ دەكرێت كە لەو دامەزراوەیەدا تەنیا لوتكەی هەرەمەكە خاوەنی هەموو بڕیارێكەو بنكەی هەرەمەكە تەنیا فەرمانەكان جێبەجێ دەكەن، كە زۆربەی كاتیش بە زۆر ئەوەیان بەسەرا دەسەپێنرێت، كە ئەمەش جۆرێكە لە توندو تیژی، بە هەمان پێوانە خوارەوەش ئامادەكات كە بە توندوتیژی وەڵام بداتەوە ئەگەر پێی كرا یان هەلی ئەوەی بۆ رەخسا.
بێگومان دامەزراوەی حیزبیش كە مێژوویەكی زۆر كۆنی نییە لە كۆمەڵگەی كوردیداو، حیزبیش لە بنەڕەتدا وەكو دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی سەیر دەكرێت، بەڵام لەم كۆمەڵگەیەدا حیزب ئەڵتەرنایتیفی خێڵ‌و عەشیرەتەو شێوازی پێكهاتنی هەمان شێوازی هەرەمی خێڵی هەیە كە ئەویش هەرەمی دەسەڵاتی ئایینی‌و دامەزراوەی خێڵ‌و عەشیرەتەو ئاراستەی فەرمان لە لوتكەوە بۆ خوارەوەیەو ئەگەر بنەمای پێكەوەبەستن لە دامەزراوەی خێڵ‌و عەشیرەتدا خوێن‌و دەمار بێت ئەوا بنەمای پێكەوەبەستن لە دامەزراوەی حیزبدا دەبێ بیرو ئایدیۆلۆجیا بێت كە لە راستیشدا كۆی ئایدیۆلۆجیاكان بارگاوی كراون بە رەگەزەكانی توندو تیژی‌و هەڵگری ئەو پرۆژەیەن كە دەڵێت: بۆ ئەوەی خۆم هەبم دەبێ كەسی تر نەبێت‌و بۆ ئەوەی خۆم هەموو شتێ بم دەبێ هەموو ئەوانی تر بسڕمەوە. دیارە پەروەردەی حیزبیش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە هیچ شێوەیەك لە پەروەردەی خێزان‌و قوتابخانەو نێو دامەزراوەی خێڵ‌و عەشیرەت باشتر نییەو ئەمیش پەروەردەیەكە كاری سەركوتكردن‌و بێبەهاكردنی بەشەكانی خوارەوەیە بە جۆرێك كە خوارەوە وەكو دەسەڵاتێكی توندو تیژی ناجۆر سەیری سەرەوەی خۆی بكات، هۆكەشی ئەوەیە كە سەرەوە لە رێگای فەرمانی توندەوە لەگەڵ خوارەوە مامەڵە دەكات‌و خوارەوەش جۆرێك لە رق‌و كینەی لەلا درووست دەبێت كە ئەویش بە كاردانەوە وەڵام دەداتەوە كە ئەو كاردانەوەیەش خاڵی نییە لە توندو تیژی، ئەمە سەرباری ئەوەی گە پەروەردەی حیزبی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە جۆرێكە كە هەموو ئەو رووبەرەی لە دەرەوەی حیزبن وەكو ئەوی نەیار سەیر دەكرێن‌و، ئەم تێڕوانینە ناتەواوەش بەسە بۆ ئەوەی ئەو بۆچوونە لە لای ئەندامانی حیزب درووست ببێت كە ئەو رووبەرە فراوانەی كۆمەڵگە لەوان نین‌و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەواندا نین‌و ئەوەش رێگا خۆشكەرە بۆ رەفتاركردن لەگەڵ ئەو رووبەرە فراوانە بە شێوەیەكی توندو تیژ، بە تایبەتی كە حیزبیش لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیا بیناكراوەو ئایدیۆلۆجیاكانیش كە خاسێتی ئایینیان هەیە ئەوەی لەگەڵی نەبێت واتە لەسەنگەری دژدایەو هەر ئەو بنەما ئایدیۆلۆجیە بەئایین بووەش رێگا بە هەر رەفتارێكی توندو تیژ لەگەڵ ئەوانی دەرەوەیدا دەدات، مادەم بەرنامەی حیزب‌و عەقڵی حیزبی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تاكو ئێستا ئەوەیە كە ئەوی لەگەڵم نییە ئەویترەو دیارە لە فەرهەنگی ئێمەشدا ئەو عەقڵیەتە درووست نەبووە كە ئەویتر یان ئەوی جیاواز قبوڵ بكات، بەڵكو لە روانینی تەسكی حیزبایەتییەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەویتر واتە دوژمن. ئەم عەقڵیەتەش رەوایەتی بە خۆی دەدات كە هەرچۆن بۆی بكرێت‌و بگونجێت بە زەبرو زەنگ‌و توندوتیژی لەگەڵ ئەوی نەیار یان دوژمن یان تەنانەت جیاوازدا رەفتار بكات. بێگومان باڵادەستبوونی ئەم عەقڵیەتیە كە هەمیشە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هۆكاری پشێوی‌و ئاژاوەی كۆمەڵایەتی‌و سیاسیە كە ئەوەش بەردەوام بەرهەمهێنی توندوتیژی‌و زەبروزەنگە.
دیارە سەرباری ئەوەی كە حیزبی كوردی جۆرێكە لە ئەڵتەرنایتیفی دامەزراوەی خێڵ‌و بە ئایدیۆلۆجیای لە قاڵبدراوی حیزبایەتی‌و بارگاوی كراو بە ماكەكانی توندوتیژی كۆنترۆڵ كراوە، هۆكارێكی تری ئاشكراش هەیە بۆ ئەوەی كە حیزبی كۆمەڵگەی ئێمە لە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایانە لە زەمینەی شاردا پیادەی جۆرێك لە تووندو تیژی دەكات، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كاركردنی بەردەوام بە عەقڵی شاخ‌و بە كەلتووری شاخ.  دیارە ئەوە ئاشكرایە سەرباری ئەوەی كە شاخ وەكو سرووشتی خاوێن سەیر دەكرێت‌و پانتاییەكە فەزای رۆمانسیەت‌و رۆح ‌و گەوهەری جوانی پۆشیوێتی، بەڵام لە رووی ژیانەوە جۆرێكە لە سەختی‌و ململانێ بە تایبەتی بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان. بەڵام مەبەستی ئێمە لێرەدا لە عەقڵی شاخ ئەو جوانی رۆمانسیەتەی سرووشت نییە، بەڵكو مەبەستمان لەو عەقڵیەتەیە كە بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە خەباتی شۆشڕگێرانەی شاخدا كە خەباتی رزگاری نیشتیمانی بووە چۆن خۆیی پێبەڕێوەبردووە، كە عەقڵیەتی خەباتی پارتی زانی‌و رووبەڕووبوونەوە بووە لەگەڵ رژێمێكی سەرسەختی دڕندەدا كە چی جۆری توندو تیژی هەیە بەرامبەر بەو هێزانەی ئێمەو نەتەوەكەشمان بەكاری هێناوە. بە ناچاری كاردانەوەی هێزەكانی ئێمەش بەرامبەر بەو توندوتیژییانە هەر توندوتیژی بووە، كە سەرئەنجام ئەو شێوازی توندوتیژییە لە ئەنجامی پیادەكردنی ناچاریدا بووەتە بەشێك لە عەقڵ‌وكەلتووری حیزبی كوردی‌و كاتێكیش لە دوای راپەڕین هاتۆتە شارو دەسەڵاتی گرتۆتە دەست نەیتوانیووە لەو عەقڵیەت‌و رەفتارەی كە وەكو بەشێك لە كەسێتی ئەوی لێهاتووە رزگاری ببێت. ئەمەش هۆكارێكی سەرەكیە كە حیزبی كورد یان دەسەڵاتی كوردی بە تایبەتی‌و كۆمەڵگەی كوردیش كە بە گشتی بەرهەمی هەمان ئەم جۆرە پەروەردانەیەو هەڵگری كۆی ئەم خاسێتانەیە تاكو ئێستا نەتوانێت خۆی لە توندوتیژی‌و زەبرزەنگ دوور بخاتەوە. ئەوەی كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا دەیبینین لە پیادەكردنی توندوتیژی‌و لە هەڵسوكەوتی ناشایان بە مرۆڤ بە گشتی كە رۆژانە بەها باڵاكانی مرۆڤ لەلایەن حیزب‌و دەسەڵات‌و تەنانەت بەشێك لە خەڵكیشەوە پێیان لێدەنرێت‌و پێشێل دەكرێن بەرهەمی ئەم باكگراوندە كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و عەقڵی‌و كەلتوورییەیە كە تاكو ئێستا لە بوونی كۆمەڵگەی كوردیدا نەك هەر زیندوون بەڵكو چالاك‌و باڵادەستن‌و جوڵێنەری كۆمەڵگەن بە دەسەڵات‌و جەماوەریشەوە.     
 

19/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر