حیزبی کوردی روو لە شکست یان نوێبوونەوە؟

عەتا قەرەداخی

     
ئایا حیزبی کوردی نوێ دەبنەوە یان بەتەواوەتی شکست دەهێنن؟ رەنگە لە دیدی کۆی حیزب و گروپە سیاسیەکانی کوردستانەوە ئەم پرسیارە تفت و تاڵ بێت، بەتایبەتی کە پرسیاریکی لەم جۆرە دەیانخاتە بەردەم جۆرێک لە خودهەڵسەنگاندنەوەو دیارە ئەگەر کەمێک لە راستگۆیی و بوێری دان بەڕاستیدانان هەبێت، ئەو خودهەڵسەنگاندنە ئازاربەخش دەبێت چونکە زۆرینەی هەرە زۆری حیزب و گروپە سیاسیەکانی کورد ئەگەر روو لە شکستی تەواوەتیش نەبن، ئەوە بە هیچ شێوەیەک روو لە گەشەکردن و نوێبوونەوە نین. با لەوە بگەڕێین کە ئاستی جەماوەریی ئەم حیزبانە چەند پاشەکشەی کردووەو تا چ ئاستێکیش متمانەی نەک جەماوەری گشتیی خەڵک بەڵکو متمانەی جەماوەرو لایەنگرانی پێشتری خۆیشیانیان دۆڕاندووە. تەنیا با سەیری رێژەی بەشداریکردنی خەڵکی کوردستان بکەین لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵانەی دوایدا، تەنانەت بەو هەموو ساختەو گزیەشەوە کە کراوە هێشتا رێژەکە دەیسەلمێنیت کە حیزبی کوردی لەرووی جەماوەرییبوونەوە لە قۆناغی پیربوون و داڕماندایە.

کەواتە با بپرسین ئایا هۆکاری چیە کە پاش نزیکەی ٢٩ ساڵ لە دەسەڵاتداری کورد لە باشوورو لەم ماوەیەشدا لە دوو بەشی دیاری تری کوردستان، رۆژهەڵات و باکور، ئایا بۆچی جەماوەردارێتی و پێگەی حیزبەکان بەرەو دواوە هاتووە، هەرچەندە رێژەی ئەو پاشەکشەیە جیاوازیش بیت؟ بەڵام بۆ ئەوەی بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێین، پێویستە ئەو پرسیارە بەرزبکەینەوە کە ئەرکی حیزی کۆمەڵگەو نەتەوەیەکی وڵات داگیرکراو و دابەشکراو چیە؟ بێگومان بەڵگە نەویستە کە هیچ نەتەوەتەک نیە لە دنیادا بە بێ بوونی دەوڵەتی خۆی و بەبێ سەربەخۆیی، بوون و کەرامەتی پارێزراو بێت، بۆیە ئاشکرایە ئەرکی حیزب لە کۆمەڵگەی داگیرکراو و دابەشکراودا کارکردنە لە پێناوی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتدا. هەر حیزبێکیش بەرنامەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەبێت رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی لە رێگای کارکردن لە پانتایی هەستی رۆمانسیانەی جەماوەردا لە رووی ژمارەوە گەورە بێت، بەڵام ئەو گەوەربوونە کاتیەو ناتوانێت بۆ ماوەی درێژخایەن بژی. بەمانایەکی تر بۆ بارودۆخی کوردستان هەر لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە کە حیزب درووستبووە، بەناوی کوردایەتیەوەو بەهۆی سیاسەتی دڕندانەی داگیرکەرانەوە بە ئەندازەی جیا جەماوەر دەوری ئەو حیزبانەی داوەو ئومێدی ئەوەی پێیان هەبووە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ بەدەستبهێنن و دەوڵەتی بۆ درووست بکەن. بەڵام لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا جەماوەر لەوە تێگەیشتووە کە ئەم جۆرە حیزبانە ئەهلیەتی ئەوەیان نیە کە بەدوای ئامانجێکی لەوجۆرەوە بن. بۆیە لێیان بێئومیدبوون. مەبەستمان لەم قسەیەش ئەوەیە کە حیزب ئەرکی مێژوویی هەیە و ئەو ئەرکەش قۆناغی هەوڵبۆدان و کاربۆکردنی خۆیی هەیە، واتە کاتی دیاریکراو هەیە بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەرکی ئەو قۆناغە، واتە هەر بوویەک قۆناغێکی دیاریکراویی هەیە بۆ ئەوەی بکەرێتی خۆیی تێدا نمایش بکات. دیارە بۆ هەر بکەرێکێش ئەرکی دیاریکراو هەیە. لەم روانگەیەوە حیزبی کۆمەڵگەی یان نەتەوەی داگیرکراو ئەرکی رزگاری نیشتیمانی و بنیادنانی سەربەخۆیی لە ئەستۆیە. خۆ ئەگەر نەیتوانی لە قۆناغی گونجاو بۆ رزگارکردنی نیشتیمان و بۆ بنیادنانی سەربەخۆیی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت مانای وایە ئەرکی قۆناغەکەی جێبەجی ناکات و لەبارێکی وەهاشدا ئەو حیزب یان رێکخراوە مادەم لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکە مێژووییەکەیدا نیە لە گەشە دەوەستێت و بەرەو لاوازبوون و سەرئەنجامیش بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەم روانگەیەوە لاوازبوون و پاشەکشەو روو لە هەرەسهێنانی حیزبی کوردی لەبەر ئەوەیە کە نەبوونەتە هەڵگری ئەرکی مێژوویی خۆیان لە قۆناغێکدا کە کۆمەڵگەی کوردی وەکو کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو و دابەشکراو پێویستی بە جۆرە حیزبێکە رابەرایەتی بکات بەرەو رزگاریی و سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت.  

لە کۆمەڵی کوردیدا، لە حەفتا ساڵی رابردوودا، سەرباری خەباتی کورد دژی داگیرکەران، کە لە  سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردووەوە حیزب رابەرایەتی بزووتنەوەکانی کوردی دژی داگیرکەران کردووە، ویست و مافەکانی کورد وەکو نەتەوەیەکی بن دەست کە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت، نەبووەتە بەرنامەو پرۆژەو گوتاری بزووتنەوەکان و بەوپێیەش بەرنامەو پرۆژەو گوتاری حیزبەکان. ئەم خواست و مافە وەکو خۆی ماوەتەوەو بەدەستنەهێنراوە. ئاستی پێداگری و کاربۆکردنی زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکانی کوردستانیش لە ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵدا لەسەر سووربوون لەسەر ویستەکانی کورد، کە ئەرکی ئەم قۆناغە بووە، لە بری بەهێزبوون بەرەو لاوازی و پاشەکشە چووە. ئەمەش بەڵگەی ئاشکرای ئەوەیە کە ئەم حیزبانە لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکی ئەم قۆناغەدا نەبوون و ئاشکرایە لەم رووەشەوە زۆر هەلی مێژووییان لەدەستداوەو تەنانەت رۆڵیشیان هەبووە لە دواخستن و زیاتر دابەشکردنی کۆمەڵگەدا و بەردەوام کەوتوونەتە هەڵەی گەورەی نەتوانینی دیاریکردنی دووژمنی سەرەکی لە نیوان کێبڕکێکەرە ناوخۆییەکانیان و داگیرکەردا. دیارە تاکو کوردستانیش بەتەواوەتی رزگارو سەربەخۆنەبیت دوژمنی سەرەکی کورد هەر داگیرکەرەو پێکهاتەکانی ناوخۆ با لە ململانێ و کێبرکێشدا بن، ئەگەر هوشیاری و دڵسۆزیی نەتەوەییان هەبێت ئەوا هەر تەواوکەری یەکترن.
لەئەنجامی ناکۆکی و ململاێی نێو حیزبە کوردییەکاندا، نەیاری ناوخۆ وەکو ئامانجی سەرەکی بۆ لێدان و دژایەتیکردن دیاریکراوەو داگیرکەریش لە ئاستی دووەمدا هاتووە. دیارە ئەمەش بەرهەمی لاوازیی هوشیاری نەتەوەییە لە لای نوخبەی سیاسی کوردی کە بەشیکی زۆری ئەوانەیان چوونەتە ترۆپکی حیزب و بزووتنەوەکانەوە، لەژێر کاریگەری روانین و گوتاری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بوون و کاریگەری ئەو نوخبە پان عەرەب، تورک، ئێرانیزمە تاکو ئیستاش بەردەوامەو بەربەستە لەبەردەم خواست و ویستەکانی کورددا. بەڵام هاوکات مەیداری بۆ داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هۆکاری سەرەکی لاوازبوون و پاشەکشەو بەرەو داڕمانی زۆرێک لە پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی کوردستانی گەورەیە چونکە لە پانتایی کۆنەستی جەماوەردا ملکەچی و دڵسۆزی بۆ داگیرکەرانی کوردستان رووزەردی و ریسواییە. لێرەوە دەتوانین بڵیین گەشەو نوێبوونەوەو بەهێزبوونی پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ بڕوابوون و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا پێچەوانە دەگۆڕێت. هەموو نزیکبوونەوەیەک لە داگیرکەران و هەموو هەوڵیک بۆ دواخستنی کورد لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکاکەسیدا، سەرئەنجام لاوزبوونی زیاتری ئەو حیزب و گروپانەی لێدەکەوێتەوەو دیارە هوشیاری جەماوەریش بەردەوام لەگەشەدایەو رۆژ لە دوای رۆژ جەماوەر باشتر تێدەگات کە ئەم جۆرە حیزبانە ئەو لە ئامانجەکانی نزیک ناکەنەوە. 

بەم گوتارو بەرنامەو شێوەی کارکردنەی ئێستایانەوە، هیچ حیزبێکی کوردی نەک نوێ نابێتەوە، بەڵکو باری شکستخواردوی ئێستای خۆیشی بۆ ناپارێزرێت، ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی و بەجیدی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان و جیاکردنەوەی کوردستان نەکاتە پرۆژەی خۆیی و بەجدیش کاری بۆ نەکات.
حیزبە ئیسلامیەکان گەشە ناکەن ئەگەر نەبن بە حیزبی کوردی مسوڵمان، واتە ئەگەر وەکو شیعەی ئێران چۆن تەشەیوعیان خستە خزمەتی فارسبووننەوە، ئەمانیش ئیسلام نەخەنە خزمەتی کوردبوونەوە، ئەوا زیاتر بەرەو دواوە دێن. ئەگەر چەپەکان خەباتی چینایەتی نەخەنە خزمەتی رزگاربوونی نەتەوەییەوەو پێکەوە گرێیان نەدەن، ئەوا نابنە خاوەنی پێگەی بەهێزی جەماوەریی. ئەگەر ئەو حیزبانەی بنەمای خێلایەتی پتەویان هەیە، پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارو رێکخستن و ئۆردەری هەرەمی خێڵایەتی نەکەنە پایەی گوتاری نەتەوەیی، ئەوا لە پەراوێزدا دەمێننەوە. ئەگەر ئەوانەی خۆیان بە دیموکرات و سۆشیال دیموکرات و عەلمانی و نەتەوەیی دەزانن... پرۆژەی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت نەکەنە پرۆژەی خۆیان و لەبری راکردن بۆ پایتەختەکانی داگیرکەران و راکردن بە دوای بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان و دۆزینەوەی پاڵپشتی دەرەکی بۆ پشت شکاندنی نەیارە ناوخۆییەکانیان، نەبنە هاوکارو هاریکاری یەکتری و پێکەوە پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەت نەکەنە پرۆژەی خۆیان، نەک هەر نوێ نابنەوە، بەڵکو مێژوو لە پەراوێزدا بەجێیان دەهێڵێت.    ٢٨-١٢-٢٠١٩          

 

29/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر