وێنەکە لەبەغدا

یاسین ته‌ها
لەئێستادا حەیدەر عەبادی سەرکردەی بکوژو ببڕی هەموو عێراقەو هەموو پاڵپشتییەکی دەرەکی هەیە لەوەی کردوویەتی و لەوەشی دەیکات، بەهیوای ئەوەی ببێتە باڵانس بۆی لەهەڵبژاردن. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا دۆخێکی سیاسی ئاڵۆز بەسەر بەغدادا زاڵە و دەکرێت لەم چەند سەرە قەڵەمەدا کورت بکرێتەوە:
ـ رۆژی 12 ئایاری 2018 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کەچی پەیتا پەیتاو رۆژ نییە هەموو سەرۆکایەتی و لایەنەکان هوشیاری نەدەن لە ئەگەری دواخستنی پڕۆسەکە بەسەرۆک وەزیران و باڵیۆزخانەکانیشەوە، وەک ئەوەی تەدارەکی پرۆسەکە فەراهەم نەبێت یان گرفتێکی گەورە هەبێ بەتایبەت کێشەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی سوننە بۆ جێگەو ڕیگەی خۆیان.
ـ بەفەرمی نزیکەی حەوت مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن کەچی یاسای هەڵبژاردن تائیستا یەکلایی نەبۆتەوە لەپەرلەمان، ئەمەش شپرزەیی بۆ شێوازی پێکهێنانی لیست و هاوپەیمانێتییەکان و چۆنییەتی بەشداریی کەرکوکییەکان لەو پرۆسەیە دروست کردووە.
ـ حیزبی دەعوە بەفەرمی ساغ بوویەوە کە دوو لیستی جیاوازی هەبێت بۆ هەڵبژاردن (مالیکی و عەبادی)، ئەم هەنگاوەش چاودێرانی دابەشکردووە لەمەڕ ئەوەی ئاخۆ حیزبی فرمانڕەوا ئینشیقاق دەکات لەداهاتوو یان لەهەرکوێ بارانی دەنگ ببارێت بارانەوەکەی دەڕژێتە کێڵگەی ئەمەوە.
ـ مالیکی فیتۆی زۆری لەسەرەو ناوی هاوتایە لەگەڵ کارەساتەکانی کەوتنی موسڵ و سپایکەر و دەربەدەرکردنی سوننەو تاکڕەوی و کێشە زۆرەکانی لەگەڵ کورد، بەڵام هێشتا لەگۆڕەپانی کێبەرکێدا بەهێز دەردەکەوێت و لیستە چاوەڕوانکراوەکەی عەبادیش نادیارەو بڕوا وایە لاواز بێت بەپێچەوانەی ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی.
ـ سەرکردەکانی حەشد چەندین دەرچەیان دۆزیوەتەوە بۆ خۆ دزینەوە لەیاسای حیزبەکان و بەشداریی خۆیان بۆ هەڵبژاردن مسۆگەر کردووە. بڕواش وایە حەشد لیستێکی هاوبەشیان هەبێت بەسەرۆکایەتی هادی ئەلعامری کە بەپێی ئاماژەکان یەکێک دەبێت لە رکابەرەکانی پۆستی سەرۆک وەزیران.
ـ دەرکەوتنی پالێوراوێکی بەهێزی حەشد بۆ سەرۆکایەتی وەزیران هەموو ڕیسەکەی ئەمەریکاو ئەوروپاو عەبادی دەکاتەوە بەخوری و لەبەر رۆشنایی ئەزمونی یەمەن و سوریاو لوبنان و بێسەرو بەرەیی هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ ئەم ئەگەرەش شتێکی مەحاڵ نییە.
ـ هەر لەئێستاوە هەڵمەتێکی راگەیاندنی ئێسک شکێن لەنێوان ڕکابەرە چاوەڕوانکراوەکانی عێراق لەفەیسبوک و لێدوانەکان و سوکایەتی و یەکتر شکاندن دەستی پێ کردووەو چاوەڕوان دەکرێت هەڵمەتی راستەقینە لەشێوەی قەسابخانەدا بێت بەتایبەت لەنێوان سەدرو مالیکی و عەبادی و مالیکی.
ـ بەشداریی کورد لەهەڵبژاردنی عێراق روون نییە کە بەیەک لیست دەبێت یان بایکۆت دەبێت یان هەرکەس بۆ خۆی، هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئەگەر هەیە نوێنەرایەتی کورد لەداهاتوو لەبەغدا ببێتە شتێکی هاوشێوەی تەنسیقی هەولێرو بەغدا و وەک ئێستا سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی گرنگ بەدەست نەهێنێتەوە.
ـ رێککەوتنی بەغداو هەرێم چەندین بەربەستی لەپێشە لەوانەش بێ متمانەیی دوای ریفراندۆم، سوتانی کارتەکانی کورد، تەفسیری تاکلایەنەی دەقە دەستورییەکان، کێشەی قەرزو قۆڵە، تای هەڵبژاردن و بەکارهێنانی وەک کارت، هاوسەنگی ئێرانی و ئەمەریکی، گرێی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەروازە سنورییەکان.

14/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر