هه‌رچی هاوكێشه‌و رێگای هه‌ڵبژاردن هه‌یه له عێراق به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ئێستادا ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر هه‌ردوو كاره‌كته‌ری عه‌بادی و مالیكی. ئه‌م دوو كه‌سه له ڕواڵه‌ته‌دا ڕكابه‌ر و دژن، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی زۆر له نێوانیاندا هه‌یه. هه‌ردووكیان سه‌ر به "حیزبی ده‌عوه"ن كه كۆنترین حیزبی سیاسی شیعه‌یه (1957)، هه‌ردووكیشیان له‌كاتی كاندیدكردنیاندا بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران زه‌قترین تایبه‌تمه‌ندییان لاوازیی و نه‌بوونی كوتله‌و كاریزما بووه، به‌ڵام دواتر له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا وەک یەک تووشی له‌خۆباییبوون و لوتبه‌رزی زۆر هاتوون.
مالیكی سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌عوه‌ی خه‌ڵكی توهیریجه له ناوچه ئاژه‌ڵدار و كشتوكاڵییه‌كانی نێوان كه‌ربه‌لا و بابل، كاتێك كورد ڤیتۆیان خسته سه‌ر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری (2005)، باڵوێزی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا زاڵمای خه‌لیلزاد و لیسته شیعه‌كان له "جه‌واد مالیكی" لاوازتر‌و گوێڕایهڵتریان نه‌دۆزییه‌وه له‌ناو ده‌عوه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی كه مه‌ترسی لێ نه‌ده‌كرا و له‌وه به‌دوا گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ناوی "نوری".
له ویلایه‌تی یه‌كه‌می خۆیدا (2005 _ 2010) مالیكی هه‌ندێك كاری گرنگی كرد له‌وانه: ئۆپه‌راسیۆنی سه‌پاندنی یاسا له به‌غدا، لێدانی میلیشیا شیعه‌كان و سوپای مه‌هدی (صولە الفرسان)، له‌سێداره‌دانی سه‌دام، گۆڕینی سیستمی موچه‌و زیادكردنی، هه‌وڵی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ سوننه‌كان له‌گه‌ڵ پارێزگاریكردن له دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانێتی كورد.
به‌ڵام لەویلایەتی دووەمیدا كه‌وته تاكڕه‌وی و هێنانه پێشه‌وه‌ی زاوا‌و ئامۆزاكانی خۆی و پێنج كه‌سیانی گه‌یانده په‌ڕله‌مان، جگه له‌مه‌ش كه‌وته پاڵپشتی میلیشیای عه‌سایب و دروستكردنی گروپی چه‌كداری شیعه كه دواتر بوونه هه‌وێنی حه‌شدی ئێستا. سوننه‌كانی دایه به‌ر گورزو گۆپاڵ و له ناكۆكی نه‌وتیدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگرت و هه‌ولێری وه‌ك ”لانكه‌ی تیرۆر" ناساند تا سه‌ره‌نجام په‌لكێشانی داعش (2014) كۆتایی بەحوکمڕانیەکەی هێنا سه‌رباری به‌ده‌ستهێنانی زیاتر له 721 هه‌زار دەنگ وه‌ك سه‌رۆك لیست و 92 كورسی په‌ڕله‌مان وه‌ك "ده‌وڵه‌تی یاسا".
هه‌رچی عه‌بادییه ئه‌گه‌رچی شاره‌زایه‌كی بواری گه‌یاندن و كوڕی پزیشكێكی ناسراوی كه‌ڕاده‌ی به‌غدایه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی داڵ به‌سه‌رییه‌وه بنیشێته‌وه هیچ ناوبانگ و كاریزمایه‌كی له‌ناو حیزبه‌كه‌ی خۆشی‌دا نه‌بوه و به‌هه‌زار حاڵ له هه‌ڵبژاردنی 2014 ده‌وروبه‌ری 4000 ده‌نگی هێناوه. هه‌میشه‌ش به ڕاڕایی و زۆر وتن ناسراوه، ته‌نها ئازایه‌تییه‌ك كه بۆ عه‌بادی ئه‌ژماره به‌ر له پۆسته‌كه‌ی ئاماده‌یی بوو بۆ كۆدێتاكردن به‌سه‌ر مالیكی له كاتێكدا به ده‌نگی ئه‌و گه‌شتبوه په‌ڕله‌مان و له حیزبیشدا ناوبراو ئه‌میندار و ئه‌م سه‌ركردایه‌تی بوو.
عه‌بادی به پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و كورد‌و سوننه‌و سعودیه سه‌رۆكایه‌تی شه‌ڕی داعشی كرد‌و سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی ڕاگه‌یاند (2017). به هاوكاریی توركیا‌و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ناو یه‌كێتی به‌سه‌ر "ریفراندۆمی سه‌به‌خۆیی كوردستان" دا زاڵ بوو، سه‌رباری دابه‌زینی داهاتی عێراق هه‌ندێك جار بۆ 13 دۆلار له به‌رمیلێك نه‌وت به‌ڵام پارێزگاری له موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به حكومه‌تی به‌غدا كرد، کەچی سه‌رباری هه‌موو پاڵپشتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی و خه‌لیجی هیچی ئه‌وتۆی پێنه‌كراوه بۆ له‌قاڵبدانی میلیشیاكان و ماوه‌یه‌كی زۆریشه له هه‌وڵدایه بۆ كۆنتڕڵكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف و گێڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بۆی به‌ڵام بێ ئه‌نجامه، كه‌چی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له مه‌رج دانان و پێداگریی.
له خۆباییبونی عه‌بادی له كۆتاییه‌كانی ویلایه‌تی یه‌كه‌میدا ته‌نها به‌رانبه‌ر كورد نییه، به‌ڵكه به‌مدواییانه ئه‌و شیعانه‌شی كه هه‌وڵیانداوه ببنه هاوپه‌یمانی (فه‌تح و حیكمه) هه‌مان سه‌رنجیان له‌سه‌ری هه‌یه‌و هه‌ر به هۆی لوتبه‌رزی و فه‌رزكردنی مه‌رجه‌وه له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن (نه‌سر) كشانه‌وه.
له دوا دیمانه‌ی تهلهفزیۆنیشیدا له (العربیە) عه‌بادی زۆر به لوتبه‌رزی باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ناكۆكی هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "حیزبی ده‌عوه" له‌گه‌ڵ لیستی ئه‌و بن یان مالیكی وه‌ك ئه‌وه‌ی حیزبی دایك كه له 1957 دامه‌زراوه پاشكۆو شوێنكه‌وته‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی بێت كه گه‌یاندوویه‌تی به پایه، هه‌ر ئه‌مه‌ش پاڵی نا به یه‌كێك له سه‌ركرده پێشوه‌كانی ده‌عوه‌وه "سلیم الحسنی" كه بڵێت "هه‌موو پیرۆزییه‌كانی حیزبی خستۆته ژێر پێی و چهشكهی ویلایه‌تی دووه‌م ناكات"، به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان ده‌ڵێن ئیراده‌ی ئه‌مه‌ریكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌و وا دیاره واشنتۆن جگه له عه‌بادی هیچ بژاردهیهكیتری نییه له‌ناو لیسته‌كانی شیعە.