پێکهێنانی "گەورەترین لیست" چۆن تەگەرەی تێکەوت؟

یاسین ته‌ها
پاش نزیکەی 100 رۆژ لەمشتومڕو تانەو لێپێچینەوە لە چۆنییەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی 12 ئایار، دادگای فیدراڵی لەژێر گوشارو لەپاش تەنها دوو رۆژ ئەنجامە کۆتاییەکانی لەرۆژی عارفەی بچوکدا پەسەند کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بۆ ئەوەی ئەو لیستە شیعانەی لەرووی هەڵوێستی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە لەسەر هێڵی "مامناوەند" ئەژمارن، پێکەوە "گەورەترین لیست" ی پەرلەمانی لەئوتێل بابل رابگەیەنن کە بریتین لە سائیرونی سەدر، نەسری عەبادی، حیکمەی حەکیم، وەتەنییەی عەلاوی.

بڕیاریش وابوو ئەم بەرەیە بببێتە چەتر بۆ کۆکردنەوەی هاو هەڵوێستەکانی لەناو کوردو سوننەو لەگەڵ لایەنی وەک نەوەی نوێ و لایەنیتری سوننیدا رێککەوتنی مەبدەئی کرابوو. ئەم هاوپەیمانێتییە پێشنیازکراوە جێگەی دەستخۆشی و رەزامەندی ئەمەریکییەکانە بەو پێیەی دوورە لە کوێخایەتی دۆستانی هەرە نزیکی ئێران، هەروەها بانگەشەی نیشتمانی بوون و تێپەڕاندنی تایفەگەریش دەکات.

بەڵام بەرەی رکابەر کە هادی عامری و نوری مالیکی سەروکاریی دەکەن و لەلیستەکانی فەتح و دەوڵەتی یاسا پێکدێن، نەیانهێشت سیناریۆکە وەک نەخشەی بۆ کیشرابوو بڕواتە پێش، ئەویش بەچەند رێگەیەک لەوانە: دورخستنەوەی پارتی و یەکێتی لە بەدەمەوەچوونی بانگهێشتی ئەو بەرەیە لەرێگەی پێدانی گفتی گەورەو گومان دەکرێت مەسەلەی کەرکوک بێت، پەشیمانکردنەوەی سوننەکان لەوەی ببنە بەشێک لەو بەرەیە بەهەمان ئەو گفتانەی دراون بە پارتی و یەکێتی، لەمەش گرنگتر درزیان خستە ناو لیستی نەسری عەبادی و کاتژمێرێک بەر لەوەی هاوپەیمانێتییەکە لە ئوتێل بابل رابگەیەنرێت فالح فەیازو کۆمەلێک لەسەرکردەکانی نەسر بەیانێکی ناڕەزاییان بە تامی ئینشیقاق بڵاوکردەوە، قسەش هەیە عەبادی لەکۆی 42 کورسییەکەی تەنها 16 بەدەستەوە مابێت.

ئەم رێگرییەش ئەگەر پلان و سیناریۆی ئێرانی نەبێت ئەوە باوەڕ وەهایە تەباو کۆکە لەگەڵ خواستەکانی تاران ئەویش رێگریکردنە لە کوێخایەتی ئەوانەی لانی کەم دۆستی نزیکی نین بەتایبەت لەم دۆخی گەمارۆ سەختانەی کە پێیدا گوزەر دەکات.

بەرەی ئوتێل بابل رازی نەبوون تەسلیم ببن و راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە لەبارەی پێکهێنانی "ناوکی گەورەترین لیست"، بەرەی رکابەریش پەیتا پەیتا دەڵێن ژمارەکانی "گەورەترین لیست" مسۆگەر بووەو تەنها راگەیاندنی ماوە.

لەم نێوانەشدا بەگەرمی قاسمی سلێمانی و برێت ماکگۆرک و سەفقاتی ژێربەژێرو نهێنی لەکاردان و هەموو ئەگەرێک چاوەڕوان دەکرێت چونکە لەدوای 2003 سەرۆک وەزیرانەکانیتر هەر بەو جۆرە دانراون و هیچیان پێشتر خاوەن کاریزماو پرۆژەو پلان نەبوون.

بەلای ئەمەریکییەکانەوە عامری ڤیتۆی لەسەرە، لای ئێرانییەکانیش عەبادی. چەک و هێز لای حەشدی شەعبییەو شەقام و خۆپیشاندانیش لای سائیرونی سەدر. لەم نێوانەشدا گەمەکەرەکان بۆ بژاردەیەکی مامناوەند دەگەرێن لەسەر بنەمای نە شیش بسوتێت نە کەباب و لەکۆتایی ئەمەشدا هێشتا ڤیتۆ یان پەسەندکردنی مەڕجەعیەتی نەجەف ماوە کە ئەگەر بیەوێت یارییەکە سەر لەبەر قڵپ دەکاتەوە چونکە ئەویش داوای سەرۆک وەزیرانێکی "ئازاو جەستورو بەهێز دەکات"، بێئەوەی ناوی کەسی بردبێت.

20/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر