باوه‌ڕ وه‌هایه میره‌كانی ئال سعود و وەچەكانیان له ئێستادا دەوروبەری 25 هەزار كەس ببن، به‌ڵام له سعودییه مه‌رج نییه هه‌ركه‌س میر بێت باڵاده‌ست بێت، به‌ڵكه له‌و ژماره‌یه دەوروبەری 200 كه‌سایه‌تیی كاریگەر و دەوڵەمەندیان ده‌ستیان به‌سه‌ر پۆست و جومگە گرنگه سیاسی و ئابوورییه‌كانی وڵات‌دا گرتووه كه یەكێكه لە دەوڵەمەندترین وڵاتەكانی دونیا و به‌ته‌نها 267 ملیار به‌رمیل نه‌وتی خاوی یه‌ده‌گی هه‌یه.
ده‌سه‌ڵاتی به‌رفراوانی ئال سعود تەنها بۆ زۆریی ژماره‌یان ناگه‌ڕێته‌وه كه شه‌ش هه‌زاریان میری چالاكن، هەروەها كاریگەرییان تەنها لەوەدا نییە كە كۆی سامانی تایبەتی بنەماڵەكەیان خۆی لە ترلیۆنێك دۆلار دەدا [بەپێی هەندێ ڕاپۆرتی ڕۆژئاوایی]، بەڵكە بەشی سەرەكیی توانا‌و هێزی ئەم بنەماڵەیە لەو پێگە ئاینییەوە سەرچاوە دەگرێت كە ساڵانێكی زۆرە وه‌ك پشتیوانی قوتابخانه‌ی سه‌له‌فی و ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ردوو حه‌ره‌مه پیرۆزه‌كه‌ی ئیسلام هه‌یانه كه مه‌ككه‌و مه‌دینه‌ی قیبله‌ی ملیار‌و نیوێك موسوڵمانه.
كۆكردنەوەی دین و دونیا لەلایەن ئال سعودەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەركەوتن و ریسككردنیان لە شاری درعیە وەكو بنەماڵەیەكی سەرتەڵ و حوكمڕان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی زاینی، لەم قۆناغەدا كە میرنشینێكی بچووكیان هەبوو بەپێی "گەڵاڵەنامەی درعیە" هەرچی دەسەڵاتی ئاینی هەیە [فەتوا و ئەوقاف] دایان بە محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب كه ڕێبەری بانگەوازی سەلەفییه [1745 ز]، لەبەرانبەریشدا هەرچی دەسەڵاتی دونیا هەیە تاپۆ كرا له‌سه‌ر محەمەد بن سعودی سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تی سعودییه‌ی یه‌كه‌م. به‌م جۆره‌ش بو به یه‌كێك له گرنگترین و به‌ناوبانگترین هاوپه‌یمانێتی و گەڵاڵەنامەكانی نێوان ڕێبەرانی دین و ده‌وڵه‌ت له مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پەیوەندیی توندوتۆڵی ئال سعود و ئال-شێخ [محمد بن عبدالوهاب] تەنها ڕێككەوتنی فه‌رمی دابه‌شكردنی ده‌سه‌لات نییه، بەڵكە پەلیكێشاوە بۆ دروستكردنی خزمایەتی و ژن و ژنخوازیی و كورێكی محەمەد بن سعود، بووه‌تە زاوای محەمەد بن عەبدولوەهاب، بەم هۆیەشەوە هەم دەسەڵاتە خێڵگەرییەكەی بن سعود ناوەڕۆكێكی ئاینیی بەهێزی لە نیوە دورگەی عەرەبدا پەیدا كردوە، هەم بیروباوه‌ڕه‌كانی محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابیش بووە بە خاوەنی پشتیوان و سوپا و هێزو دەسەڵات .
لە تەمەنی محەمەد بن عەبدولوەهابدا [1792 کۆچی دوایی کردووە] زاواكەی كە كوڕی محه‌مه‌د بن سعودە و ناوی عەبدولعەزیزە، وەكو جێگرەوەی باوكی چووەتە سەر تەختی شاهانەی سعودیە و لەبەر پابەندییە سەلەفییەكەی و هۆگریی به رێبزای خەزووریی نازناوی "ئیمام" ی پێ به‌خشراوه، لە سەردەمی عەبدولعەزیز و 10 ساڵ پاش مەرگی محەمەد عەبدولوەهاب لەشكری سعودیە هاتونەتە ناو شاری كەربەلای عێراق [1802 ز] و جگە لە شه‌ڕی شیعەكان تەخت و تاراجی مەزارگەی ئیمام حوسێنیشیان تێكداوه.
ئه‌و هێزه مادی و مه‌عنه‌ویانه‌ی له چنگی ئال سعوددا كۆ بوونه‌ته‌وه یارمه‌تی داون هۆزه ڕكابه‌ره‌كانیان تێك بشكێنن وه‌ك [ئەشراف، هاشمییەكان، ئال رەشید]، هه‌ندێك له‌وانه‌شیان ده‌رپه‌ڕاندوه ئوردن و شام و عێراق[هاشمییه‌كان] لەوەش گرنگتر مەككە و مەدینە شیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و لەساڵی 1932زز لەسەردەستی شا عەبدولعەزیز ئال سعود "میرنشینی عەرەبی سعودیە" یان به‌م قه‌واره‌ی ئێستاوه ڕاگه‌یاند.
بۆ پاراستنی ئەم دەوڵەتە نوێیەش كە بەناوی بنەماڵەكەیانەوە ناونراوە شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر ژماره‌یه‌كی زۆر هاوسەرگیریی لەگەڵ كچانی سەرۆك هۆزە عەرەبییەكان كردووه و لەبەرهەمی ئەم زهماوهندانهش كه ژماره‌یان له 45 زیاتره له كاتی جیاجیادا، بووه بەخاوەنی 36 كوڕ و 27 كچ كە تائێستا یەك لەدوای یەك دەبنە پادشا و جێ‌نشین و بڕیار به‌ده‌ست له وڵات [45 كوڕی هه‌بووه _ AFP].
لە سەردەمی "دەوڵەتی سعودیەی یەكەمەوە" دەسەڵات لەناو بنەماڵەی ئال سعود پشتاوپشتە، پۆستی موفتی گشتی وڵات و بانگەواز ئەوقافیش بەهەمان ده‌ستوری جاران بۆ ئال _ شێخه، كە ئەمەی دوایی زیاتر دەسەڵاتگەلێكی ڕۆحی و ڕەمزین و چاویان لەدەستی ئال سعوده. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەم نەریتە بە یاسا ڕێكخرا بەجۆرێك لە یاسای بنەڕەتی وڵات‌دا كە لە 1992 ده‌رچووه مەرجە بەهەمیشەیی پادشای سعودیە لەوەچەكانی عەبدولعەزیز ئال سعودی دامەزرێنەر دیاریی بكرێن، هەر لەم مەرسومەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە "ئه‌و بانگه‌وازه ئیسلاحییه‌ی له سعودیه‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه ـ مه‌به‌ست بزووتنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه ـ پایه‌ی حوكمڕانی وڵاته.
ساڵی پار به هاتنی محه‌مه‌د بن سه‌لمان بۆ پێگه‌ی شازاده‌ی جێ‌نشین له كاتێكدا كه باوكه هه‌شتا ساڵه‌كه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی پیریی هه‌یه [زهایمه‌ر]، ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له كوڕانی عه‌بدولعه‌زیزه‌وه گواسترایه‌وه بۆ وه‌چه‌كان و له ناو ئه‌وانیشدا بۆ بن سه‌لمانی ته‌مه‌ن 33 ساڵ كه ئێستا فه‌رمانده‌ی تاقانه‌و ڕه‌های ئێستای سعودیه‌یه‌و به بێ بوونی پەرلەمانێك و لەغیابی هەموو چەشنە چاودێرییەك و به‌بێ سیستمێكی قەزایی یان رێكخراوه‌كانی چاودێریی، خۆی بكوژ‌و ببڕی سعودییه‌و پشتیوانی گه‌وره‌شی له‌م تاكڕه‌وییه دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی ئهمهریكاو لۆبییه به‌هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكان.
محەمەد بن سەلمان له په‌نا شه‌ڕی یه‌مه‌ن و گه‌مارۆی قه‌ته‌ردا لەماوەی ساڵێکدا هەنگاوی زۆر گەورەو مێژویی ناوه له سعودییه لەبواره‌كانی نوێگه‌ریی و پەرەپێدان و خه‌ریكبوو وەک باوكی عەرەبستانی نوێ و مۆدیرن ناو ده‌ربكات شان به‌شانی باوک و دامەزرێنەری یەکەم کە باپیرەیەتی [عبدالعزیز ێ‌ل سعود].
بەپێی خەمڵاندنە ئەمەریکییەکان 70% ئەو سعودیانەی تەمەنیان لە 30 ساڵدا بوو، گومانی ئەوەیان لێدەکرا بچنە ریزەکانی داعش و ئەلقاعیدە، لەڕووی ئابورییەوە 87% داهاتی عەرەبستان لەسەر فڕۆشتنی نەوتەو 80% هەلەکانی کاریش لەو وڵاتە هی کەرتی گشتی و وەزیفەی حکومی بوون، ئەمە جگە لەنزمی ئاستی فەرمانبەرەکان و کۆنی سیستمی بەرێوەبردن و کێشەو گرفتەکانیتری وەک هەڵکشانی سەیری رێژەکانی قەڵەوی و شەکرە لەوڵات بەهۆی تەمەڵی و نه‌جوڵانه‌وه، بەڵام بن سه‌لمان پلانێکی گشتگیری راگەیاند کە تا 2030 هەموو ئەمانە بخاته به‌رده‌م پێداچوونه‌وه‌و گۆڕان.
له چوارچێوه‌ی دیدگای 2030 دا بن سه‌لمان، بەخێرایی دەرگای کردەوە ژن سەیارە لێ‌بخوڕن و کۆتایی بەمشتومڕێکی ئاینی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ندین ساڵه هێنا، بۆ یه‌كه‌مجار سینه‌مای كردوه له سعودیه، رێگه‌ی به ژنان دا بچن بۆ یاریگاكان و ببه‌نه هانده‌ری تیپه وه‌رزشییه‌كان، چه‌ندین سەیرانگای کردەوە کە بەناوبانگترینیان بودجه‌كه‌ی 500 ملیار دۆلاره لەڕۆخی دەریای سوورەو چوار دەوڵەت بەیەکترەوە دەبەستێت [نیوم] بۆ ئەوەی سعودییەکان پارەکانیان نەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ کەیف و سەفاو لەناوخۆدا خەرجی بکەن، لەگەڵ زۆر هەنگاویتری ئابووری بەئامانجی گۆڕینی شکڵ و شێوازی دەوڵەت لەڕەگ و ریشەوە.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م ده‌سكه‌وتانه له ئێستادا به‌هۆی كوشتنی ڕۆژنامه‌نووس جه‌مال خاشقچی و شوێن بزركردنی ته‌رمه‌كه‌ی به مشارو تێزاب له ناو كونسوڵخانه‌ی سعودیه له توركیا، بن سه‌لمان و هه‌موو سعودییه دووچاری ئیحراجییه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه‌و كه ڕه‌نگه دوای 11 سێبته‌مبه‌ری 2001 گه‌وره‌ترین ڕووداوی په‌یوه‌ست به سعودییه بهێت كه ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندوه بۆ ڕكابه‌ر و وڵاتانی ته‌ماعكار له پێگه‌و سامانی سعودیه كه هه‌وڵ بده‌ن به‌م كارته شازاده بكه‌نه یاریچه‌ی ده‌ستی خۆیان، به‌ڵام له ئێستادا ئال سعود له هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی شكۆی جاران و نینۆككردنی بن سه‌لماندان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش میر ئه‌حمه‌دی برا بچووكی شا سه‌لمان له له‌نده‌نه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ڕیاز، به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه تڕه‌مپ و جارید كۆشنه‌ری زاوای و له پشت ئه‌وانیشه‌وه نه‌تانیاهۆ ڕێگه به سزادانی شازاده ده‌ده‌ن كه زیاتر توركیا و ئێران لێی سودمه‌ندن یان نا؟!