حەجی بەرپرسانی بیانی بەرەو بەغدا

یاسین ته‌ها

ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فوراتی سوریا دەکشێتەوە، کەچی عێراق بووەتە ڕووگەی سەردان و جموجوڵە سیاسی و دیبلۆماسییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان. هێزە ئەمەریکییەکان پەیتا پەیتا لەوێوە بارگەو بنە دەپیچنەوە بەرەو بنکەکانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو پۆمپیۆ هات یەکەم، بۆ ئەوەی جێگە بۆ ئەو هێزانە خۆش بکات، دووەمیش گوندەییەکەی تڕمپ لەسەر دەرونی هەندێ لە عێراقییە ناڕازییەکان سووک بکات کە شەوی سەری ساڵ بەنهێنی و بەبێ پرس خۆی کرد بە ڕومادێدا، لەپەنا ئەوەشدا ڕای ئاشکرای واشنتۆنی لەبارەی ئێرانەوە دا بەگوێی عێراقییەکاندا.

ئوردن لە سودمەندە یەکەمەکانی نەوت و بارزگانی عێراقە، هەروەها ترسی زۆریشی هەیە لە بیابانەوە داعشی سوریا بکشێن بەرەو سنورەکان، شا عەبدوڵڵا هاتووە بزانێت عێراق بۆ ئەم دوو دۆسیەیە چی بۆ دەکات؟.

بەغدا لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە (2011) تا ئێستا پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ رژێمی ئەسەد بەردەوامەو کاتی خۆی مالیکی هاواری کرد "بۆچی رژێمی سوریا بروخێت؟ چۆن دەروخێت!"، ئێستاش دەکرێت ببێتە دەروازە بۆ فەرەنساو هەر وڵاتێکیتری عەرەبی کە بیەوێ مەرحەبای بەشار بکات، یان ئەوانەی لەشکرو راوێژکاریان هەیە لە سوریا.

ئێرانییەکان بەگومان و دردۆنگن لە گواستنەوەی هێزە ئەمەریکییەکان لە سوریاوە بۆ نزیک سنورەکانی ئەوان، جگە لەوەش لەئیستادا عێراق کەوتۆتە چەقی کێشمەکێشی توندی نێوان واشنتۆن و تاران، جەواد زەریف هاتۆتە بەغداو پێنج ڕۆژی تەواوی پێدەچێت لەعێراق. لەم سەردانەدا زەریف، ئاوێکی کرد بەئاگری نێوان عەسایب و حیکمەدا و دێتە کوردستانیش بۆ نێوانگری پارتی و یەکێتی، بڕیاریش وەهایە بەدوایدا ڕۆحانی سەری عێراق بدات و لەهەنگاوی یەکەمیشدا ڤیزای سەر بازرگانان لادرا.

لە ئێستادا مەرجەعیەت و ئێران، لەمپەر ئەبن لەشەڕی گروپە شیعەکانی ئێران، چونکە کاتی ئەو پاڵەوان بازییە مناڵانەیە نییەو هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن عێراق چی دەکات لەنێوان پێداگریی ئەمەریکا بۆ گەمارۆی توندی تاران و گوشاری بەرپرسانی ئێران لەسەر عێراق تا بەگوێی ئەمەریکا نەکات.

بەلای ئێرانییەکانەوە عێراق دەلاقەیەکە جگە لەوەی بازارێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵای هەرزان و کواڵێتی نزمە، دەکرێت لەرێگەیەوە بەئاسانی کۆنتاکت لەگەڵ دنیای دەرەوە بکرێت بەو پێیەی جمەی دێت لە باڵیۆزخانەو بەرپرس و لەشکری بیانی، هەروەها خاوەن سەروەریی خۆیشی نییە هەتا تێچوونی نێوانگرییەکەی قورس بێت و کاتی زۆر ببات، ئیرانییەکان هەرکات ویستیان دەتوانن بەڤیزاو بێ فیزا لەبەغدا ببنە میوان.

16/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر