هەڵوێستی دووفاقییەی تورکیا لەسەر ئاڵای کوردستان

ئیبراهیم عه‌باس



بریارەکەی پارێزگاری کەرکوک بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بەزوویی کاردانەوەی تورکیای لێکەوتەوە، لە کاتێکدا بەدرێژایی دوو ساڵی رابردوو، دوای بریاری ئابووری سەبەخۆی کوردستان، کە زۆرتر پرۆسەیەک بوو بۆ تەسلیمبوونی پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەجنداکانی تورکیا، ئەو وڵاتە نەک رێزی لە ئاڵای کوردستان دەگرت، بەڵکو لەسەردانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، کە هاوکات سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتین، تورکیا نەک ئاڵای تورکیای لە کۆشکی سەرۆکایەتی وەزیران هەڵدەکرت، بگرە کۆتایی مانگی رابروو کاتێک بەرێز بارزانی لە تورکیا بوو، ئاڵای کوردستاندیان ئاڵاندە فۆکەخانەی ئەتاتورکیش!.

پێناچێت نە دژایەتی تورکیا بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەکەکوک و نە رێزگرتن و هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە توکیا بۆ سەرکردەکانی پارتی، پەیوەستی بە خودی ئاڵاکەمانەوە هەبێت، بەڵکو یارییەکی تورکیا و ئاکپارتی یەو پەیوەستە بە دۆست و نەیارەکانی، ئەم دووفاقییەی تورکیا کە هەردووکیان لە پەنای ئاڵای کوردستانەوە دەکات، ئاماژەی روونن کە مادەم یەکێتی بە نەیاری خۆی دەزانێت، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان با لە کەرکوک و سەدان کیلۆمەتر دوور لە سنووری جوگرافی خۆی بێت دژایەتی دەکات، بەڵام لە سەر خاکی خۆی و لەکۆشکی سەرۆکاتەیی وەزیران رێز لە ئاڵای کوردستان دەگرێت، چونکە سەکردەکانی پارتی بەدۆستی خۆی دەزانێت.

ئەم یارییەی تورکیا دەمانخاتە بەردەم چەند راستییەکی تاڵ، کە مەترسین بۆ سەر ئایندەی کوردستان.

١: تورکیا تەنها بەمەرجی دژایەتی و راوەدوونانی گەریلاکانی پەکەکە، رێز لە ئاڵای کوردستان دەگرێت، هەر هێزێکی کوردی باشووری کوردستان ئەم کارە بۆ تورکیا یان بە هاوبەشی تورکیا بکات، رێزی لێدەنرێت.

٢: تورکیا و ئاکپارتی روانگەو ستراتیژیان بۆ کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو لەترسی بەهێزی پەکەکە لە باشوور دۆست دەگرن.

٣: کرانەوەی ئابووری تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستان، یارییەکە بۆ هەرزانفرۆشی و شەریک و برابەشی تورک لە نەوتی کوردستان و بازارێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵا تورکییەکان، بێگومانیش گەر پەکەکە بێهێزبوایە، هاوشێوەی کۆرەوی بەهاری ١٩٩١ تورکەکان دەرگایان بەسەر باشوری کوردستان دادەخست.

٤: تورکیا لە هەموو هێزە هەرێمییەکانی تر باشتر یاری بەسەرکردەکانی باشووری کوردستان دەکات، ئەوەتا وەک بەشێک لەخاکی خۆی مامەڵە لەگەڵ زۆنی ژێردەسەڵاتی پارتی دەکات و کەی حەز بکات هێزەکان جوڵە پێدەکات و ئاڵوگۆریان پێدەکات.

٥: چونکە ئەردۆغان خۆی کاری سیاسەت و فەرمانرەوایی و بازرگانی لەیەک کاتدا دەکات، لێرەش شەراکەتی لەگەڵ تایپێک لە سەرکردەکانی پارتی کردووەو لە سیاسەت و فەرمانرەوایی و بازرگانی بەچەندان شێوە شەریکن؟!.

سەرئەنجام ئێمە هاونیشتمانی کە دڵمان بە ئاڵا و وەکو سوبلێکی رێز لێگیراو خۆشە، کەچی بەدەست بێ ئیرادەیی سەرکردەکانمان و کێبرکێی ناوخۆ، لای دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان بووە بە کەرەسەیەکی هەرزان و رۆژێک رێز و رۆژێک سوکایەتی پێدەکرێت!.



25/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر