نهێنییەکانی پشت مانەوەی بارزانی!

ئیبراهیم عه‌باس
نزیکەی دووساڵ پێش ئێستا و بە دروستی لە ٢٠١٥/٦/٢٣، زۆرینەی لیستەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رێکخست. دیمەنی ئەو رۆژە کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، قونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بانگهێشت کردبوو، لە زۆربەی کۆبوونەوە ئاساییەکانی پەرلەمان جیاواز بوو، چونکە بۆ یەکەمجار، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرێدا بوو کە رێگەی لە سەرۆکی هەتاهەتایی و سیستمی بنەماڵەیی دەگرت و کۆتایی بە سەرۆکی ماوە بەسەرچوو دەهێنا، بەڵام کۆمەڵە هۆکارێک بوونە هۆی ئەوەی پەرلەمان لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبێت و سەرئەنجام لە ٢٠١٥/١٠/١٢ پەرلەمانی کوردستان پەکخراو و هێزە تایبەتییەکانی لەشکری تایبەتی مەسعود بارزانی، لە پردێ رێگەیان نەدا سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێر.

کە کۆبوونەوەی ٢٣ حوزەیران روویدا، بارزانی خۆی و برازاکەی کە سەرۆکی وەزیرانە و کوڕە گەورەکەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشە و کاکەکانی تریان و مەکتەب سیاسی حزبەکەی کەوتنە جموجۆڵێکی دبلۆماسی بەرفراون و هەرچی کارتی دەستیان هەبوون یەک بەیەک بەکاریان هێنان، تا توانیان کەمێک کۆبونەوەی دووەمی پەرلەمان دوابخەن، کە سەرئەنجام لەم ماوەیەدا کەڵکیان وەرگرت، بەڵام چۆن؟

١- هەر کە پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کەوتە پەراوێز، ماڵی بارزانی هانایان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکییەکان و چەند وڵاتێکی ئەوروپا بردو داوایان کرد کە فشار بخەنە سەر حزبەکانی کوردستان، بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان، بۆ ئەوەی بەبەهانەی شەڕی داعش، دوو ساڵی تر، ویلایەتی بارزانی درێژ بکەنەوە، ئەگەرچی فشارێکی زۆر کرا، بەڵام حزبەکان زۆر گوێیان بەمە نەداو، هەموو پرسەکەیان بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران سپارد.

٢- کە ئەم هەوڵە دبلۆماسییەی پارتی ئەنجامی نەبوو، کارتی چۆڵکردنی بەرەکانی جەنگیان بەکارهێنا و بە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیان وت، هێزەکانی پارتی لە بەرەکانی جەنگ دەکشێنەوە و رێگری لە داعش ناکەن بگاتە هەولێر و شارەکانی تر!.
ئەم کارتە کاری خۆی کرد، بەجۆرێک ئینجا وڵاتان فشاریان خستە سەر حزبەکانی خاوەنی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام ئەوان فشارەکانیان تەنها بۆ ئەوە بوو حزبە کوردییەکان خۆیان بگەنە یەک و، ئەو پرسە بەلادا بخەن، نەک سەپاندنەوەی بارزانی، کە پارتی دەیەوێت وا وێنای بکات.

ئەو سەد رۆژەی کە پارتی لە ٢٣ حوزەیران تا ١٢ ئۆکتۆبەری لەبەر دەستی بوو، باشتر سودی لێوەرگرت، چونکە پارتی تەنها هەڕەشەی بەکارهێنانی کارتی کشانەوەی هێزەکانی پارتی لە بەرەکانی جەنگ دەکرد، نەک جێبەجێکردنی، بەڵام حزبەکانی تر فشاری جەماوەریان لە زۆنی سەوز بەکارهێنا، یان لانی کەم ڕێگەیان لە هاتنە سەرشەقامی خەڵک نەگرت، لە کاتێکدا خەڵک توڕە بوون و ئەگەری توندوتیژی، ئەگەرێکی کراوە بوو. ئەمەش بەکردەوە دەرگای بۆ توندوتیژی کردەوە، وە پارتی سودە سەرەکییەکەی لە خۆپیشاندانەکان و توندوتیژییەکان بینی، چونکە وەکو خوپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ چالاکی و توندوتیژییەکانی جەماوەر، تەنها لە ئیدارەی پێشووی سلێمانی مانەوە، نەگەیشتنە هەولێر و دهۆک. بەمەش پارتی یارییەکی تری پێ لەگەڵ دونیایی دەرەوە کرد بەوەی:

ئەلف: وا نیشانی دونیادا کە خۆپیشاندانەکان توندوتیژن و کاریان رووخاندنی هەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا راستییەک لەمەدا نەبوو، بەڵکو نارازییەکە لە حکومەت و سیستەمی سیاسی بوو.

با: بە قەتیسمانی خۆپیشاندانەکان لەسنورێکی دیاریکراو و نەگەیشتنی بە پایتەخت، پارتی توانی دونیای دەرەوە بخەڵەتێنێت کە گوایە خۆپێشاندەران سەد هەزار کەسێکیش نابن، ئەگەرنا خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوانە. کە ئەمەشیان هیچ بنەمایەکی راستی نەبوو.

کاتیك پارتی هەموو ئەو ئەو کارانەی کرد و حزبەکان نەیانتوانی بەر لە پارتی بگرن، ئەو غرورەی ئێستای پارتی لێکەوتەوە، چونکە پارتی حکومەتی بەدەستە، دەستی برد بۆ قوت و بژێوی مووچەخۆران و، حکومەت و خزمەتگوزارییەکانی وەستاند، بەو بە بەهانەی کە بڕینی بوجە بەغداد کردوویەتی  و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، مووچەی خەڵکیان نەهێشت، لە کاتێکدا، کاردانەوەکانی پارتی هەمووی پەرچەکرداری ئەوەیە کە ماڵی بارزانی و پارتی دەزانن خەڵک چیتر بەیعەتیان پێ نادەن، بەڵام دەیانەوێت سزادانی خەڵک و برسیکردنیان، لە ژێر پاساوای گوایە پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپپەیەکان لە پارتی بشارنەوە، کەهەرگیز راست نییە، و دونیای خۆرئاوا پشتیوانی لە کوردستانێکی دیموکراسی و رێزگرتن لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ دەگرن، بەڵام کە حزبەکانی تر نەتوانن نمایندەو نوێنەری ئازادی و دیموکراسیخوازی خەڵکی کوردستان بکەن، پارتی بەئاسانی دیماگۆجیانە ئەو یارییە لەگەڵ خۆرئاوا دەکات و بە هێزیش خۆی دەسەپێنێت و لەسەری بەردەوام دەبێت.

بێگومانم لەم روانگەیەم کە: هەر حزبێکی کوردستان، یان هەر ئاراستەیەکی نوێی سیاسی و گروپی تازە، گەر دەستەبەری ئازادی و دیموکراسی و پاراستنی کەمینەکان و فرە ئایینی بکات، خۆرئاوا بەتایبەت ئەمریکا پشتوانی دەکات، نموونەکانی چەند وڵاتێک لە ئاسیا و کەنداو بەڵگەن، کە ئەمریکا و ئەوروپپەکان مامەڵە لەگەڵ واقع دەکەن، نەک پشتگیری و پاراستنی ئەم و ئەو سەرۆک و ئەو حزب و دەسەڵات. 
هەر هێزێک بەر لە پارتی بگیرێت، بەیەکجاری ئەو بەڕە لە ژێر پێی پارتی دەردەهێنن، کە لە پەنایەوە خۆیان گوتەنی "بە دیموکراسی، دکتاتۆرن".

24/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر