کۆدەکانی پشت پیرۆزبایی بارزانی لە ئەردۆغان و یڵدرم

ئیبراهیم عه‌باس

کۆتایی مانگی ئازارو سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٩٦، مەسعود بارزانی، بەسەردانێکی درێژخایەن گەیشتە دیمەشق و بووە میوانی حافز ئەسەد سەرۆکی سوریا، پاش سەردانێکی چەند رۆژە بە مارسیدسە ریئاسییەکانی ئەسەد، بارزانی رەوانەی شاری قامشلۆ کراو، لە ئەوێش پێش ئەوەی لەلایەن کوردەکانی رۆژئاوای کورردستان پێشوازی بکرێت، شێخ دەهام هادی سەرۆک عەشیرەتی شەمەڕی عەرەبی (١٥٠) سەر مەڕی لەبەر پێی بارزانی و بە بۆنەی سەردانەکەی  سەربڕی و بارزانی کەوتە ناو ئاپۆرەیەکی سەدان هەزار کەسی لە کورد و عەرەبە شەمەرەکانی سوریا، کە هەرگیز لەمێژووی کوردا و رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان رووداوێکی هاوشێوە رووینەداوە.

ئەم سەردانەو و دووبارەبوونەوەی سەردانێکی هاوشێوە لە ٢٠١٣/١١/١٧ کاتێک ئەردۆغان سەردانێکی وەکو ئەسەدی بۆ بارزانی لە شاری ئامەد رێکخست، ئاماژەی روونن کە مەسعود بارزانی پەیوەندییەکانی حزبەکەی و بنەماڵەکەی قوڵتر و ستراتیژی تر لە سەرجەم حزبەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دادەڕێژێت و کاری لەسەر دەکات.

پێشتریش مەلا مستەفای باوکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەمەرەزای شایی ئێران بەو عومقە قوڵە رێکخستبوو، تەنانەت کاتێکش شۆڕشی کورد لەسەر دەستی خودی شا کۆتایی هات بارزانی باوک دەستبەرداری پەیوەندییە قوڵەکەی لەگەڵ شا نەبوو، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شا لە ١٩٧٩ لە چەند مانگێکدا کوڕانی بارزانی هەمان پەیوەندیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پەرەپێداو تا ساڵێک پێش ئێستا ئەو پەیوەندییە قوڵە بەردەوام بوو، بەڵام ساڵی رابردوو هاوپەیمانی بارزانی و ئیسرائیل و سەعودیەو قەتەر ...هتد کۆتایی بە قوڵایی ستراتیژی ئەو پەیوەندییە هێنا.

بەهاری ١٩٩١ مەسعود بارزانی هەر کە گەڕایەوە بۆ کوردستان پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ سەدام و رژێمی عێراق پێکهێناو تا کۆنگرەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە لە ٢٠٠٢ دا لە شارۆچکەی پیرمام پەیوەندییەکە بەردەوام بوو.

ئەم شیکارە پێمان دەڵێت بارزانی لە پەیوەندییەکاندا جیاوازتر لە حزبەکانی تر کار دەکات و ئەگەریش بکەوێتە ئەجندای دەوڵەتانی ناوچەکەش یان لانی کەم بەهیچ جۆرێک تا هاوپەیمانیان بێت دژایەتییان ناکات، مانای ئەو پیرۆزباییەی مەسعود بارزانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارو بن ئالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەردەخات، چونکە بارزانی لە سیاسەتدا مجامەلە تەنها ئەو کاتانە دەکات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بێت.
بارزانی کە ئێستا پۆستەکەی نەک هەر جێگای ناکۆکییە، بەڵکو مایەی تێکچوونی ژیانی سیاسی کوردستان و لایەنەکانی کوردستانە، کاتێک بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتنی ریفراندۆمی تورکیا لە ئەردۆغان و یەڵدرم دەکات، ئاماژەکان دەریدەخەن ئەوە عومقی پەیوەندییە ستراتیژیەکانی حزب و بنەماڵەکەیەتی نەک بەرژەوندییەکانی خەڵکی کوردستان کە پێویست بوو بارزانی نوێنەرایەتی بکات.

کۆدەکانی پشت پیرۆزباییەکەی بارزانی بۆ سەرانی تورک پێمان دەڵێت، حزبەکانی کوردستان بۆیە رۆڵیان لە کوردستان و ناوچەکە لاوازە، چونکە هاوشێوەی بارزانی ناتوانن لە یەک کاتدا پەیوەندی فرە رەهەند بۆ حزبەکانیان بنەخشینن. بێگومانم گەر حزبەکانی تر لەتوانیاندا بوایە هاوشێوەی بارزانی پەیوەندی دابمەزرێنن، هاوسەنگییەک دروست دەبوو، یان لانی کەم حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەڵك پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دەبەست، ئەوسا هەرگیز کوردستان تووشی ئەو دۆخەی ئەمڕۆ نەدەبوو، دۆخێک کە بەرژەندییە حزبی و بنەماڵەیەکانی بەشێک لەسەرکردکانی کورد، نەک خاڵی بەهێزی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو ئەو خاڵە لاوازەن کە سەرەتای ئازاری ١٩٧٤ شۆڕشی کوردیان کردە قوربانی و دوای ساڵێک شۆڕەشەکەیان بەتەواوی راماڵی.



26/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر