ئایا پرسی مووچە چی لێدێت؟

ئیبراهیم عه‌باس


بەشی زۆری ئەوەی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر روویدا کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم کەرکوکیان فرۆشت و رۆژانی دواتر لە خانەقین تا رەبیعەیان فرۆشت کە دەکاتە لە ٥١٪ خاکی کوردستان، بەهۆی رازی نەبوونی بارزانی و پارتی و یەکێتی نەبوو کە ئامادە نەبن ریفراندۆم سڕ بکەن، چونکە پەیامەکەی مەسعود بارزانی لە ٢٦ ئەیلول کاتێک ئاڵای عێڕاقی خستبووە پشتی و لەجیاتی راگەیاندنی دەوڵەت و سەربەخۆی کەبەم ناوەوە خەڵکییان بەدرۆ پەلکێشی سندوقەکان کرد، پەیامێکی شەرم هێنی بڵاوکردەوە کە داوای لە عەبادی و لایەنە عێراقییەکان ئەکرد، دەرگای دیالۆگ دوانەخەن. ئاماژەی روون بوون ریفراندۆم بووە مێژوو وە ئیتر سڕکراوە، بەڵکو ئەوە ئەو سەرکێشیەوە بوو کە لە پێناو داهات و نەوت کردیان چونکە روون بوو ئیتر لای ئەمریکییەکان و بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپاو ئێران و تورکیا، کە بۆئەوەی جارێکی تر بارزانی یان هەر کەسێکی تری دەسەڵاتداری هەرێم جورئەت نەکات بەهۆی پارەو داهاتی زۆرەوە بێ منەتی بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەڵەتی و ئەجنداکانیان دەرببڕێت، ئەبێت پارەی زۆرو داهاتیان لێ بسەنرێتەوە.

دەسگرتنی سوپای عیراقی بەسەر بیرەنەوتەکانی ناوچە دابڕاوەکان و داخستنی سنوورەکان و فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و سەردان و جموجۆڵەکانی عەبادی بۆ سعودیە و هاوکات جموجۆڵەکان رێکس تێلرسن بۆ سعودیەو بەغدا و سەردانی ئیبراهیم جەعفەری بۆ رووسیا بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین، مەسەلەی رادەستکردنەوەی هەموو نەوتی کوردستان و داهاتەکانی تر کۆتاییان هاتووەو مووچەو بودجەی کوردستان دەچێتەوە سەر بەغداد، چونکە نەوت لێرە بەداوا وەکو یەک پاکێج لەدەست حکومەتی ناوەند ئەبێت.

تەسلیمبوونی یەکێتی بە ئەجنداکانی بەغدا و خۆپاراستن لەشەڕ و هەماهەنگی تەواوی ئەو حزبە لەگەڵ بەغدا و بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ مۆڵەتدانی حکومەتی هەرێم کە لە ١٥ رۆژدا کێشەی مووچە و نەوتی سپی چارەسەر بکات، ئەگەرنا ئەگەڕێنەوە سەر بەغدا و بێ حکومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ ناوەند ئەکەن، ئاماژەو دەرهاویشتەی ئەو راستییەن کە پرسی مووچە چووتەوە لای حکومەتی بەغدا و هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عێراق هەموو عێراقی کردە بازنەیەک و ئەوەی لە ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ لەپرسی مووچەدا هەبوو، هەمووی هەڵوەشایەوە و بەغدا مووچەی هەموو عێراقی دا.

ئەو تەق و تۆقەی پارتی لەسنووری خۆی بە پێشمەرگەکان و کوڕە هەژارەکانی دەکات، لەکاتێکدا باش ئەزانێت سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئێستا نیازی شەریان نییەو ئەوان بێ ئەمریکییەکان هیچ جموجۆڵێک ناکەن، هەم بۆ سپی کردنەوەی شکست و فرۆشتنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و هەمیش خۆدزینەوەیە بۆئەوەی باردودۆخێک بێتە پێش حکومەتی ناوەند دەستبەرداری کۆنترۆڵی نەوت و فرۆکەخانەو خاڵە سنوورییەکان ببێت، کە لەئێستادا رەنگە مەحاڵ بێت.

کەواتە هەر جموجۆڵێکی ئێستا پارتی تەنها بۆئەوەیە دەستی لەداهاتەکانی هەرێمی کوردستان گیربێتەوە چونکە ئەم حزبە باش ئەزانێت گەر پارە و داهات لەدەست ناوەندبێت و پارتی نەتوانێت تەحەکومی پێوە بکات، کۆتایی یان لاوازکردنی یەکجارەکی ئەو حزبەیە کە ٢٦ ساڵە داهاتی ئەم هەرێمەیان بۆ خۆیان و هاوبەشی حوکمیان کە یەکێتی یە بردووەو بێ پارەی دزراوی خەڵک شتێک نامێنێتەوە پێ بگوترێت هەیمەنەی پارتی.

ئێستا مووچەی فەرمانبەر و بودجەی خەڵکی کوردستان لە بەغدایە، بەڵام ئەوە پارتییە رێگری دەکات بۆ ئەوەی خەڵک مووچەی خۆی پێ نەدرێت، چونکە بەرپرسەکانی ئەو حزبە خاوەنی ملیارات دۆلارو دینارن و هیچ باکیان نییە خەڵکی کوردستان بێ مووچەبێت، هەروەکو بەکردەوە سەلماندیان بەخەم ژیانی پێشمەرگەو خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان نین و بێ تەقە بۆ حەشدی شەعبی جێیهان هێشتن.


26/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر