لە پەنای بێدەنگیدا چی بە هێزەکانی پێشمەرگە ئەکرێت؟

ئیبراهیم عه‌باس
باوەڕووی تەواوم بەوە راستییە هەیە لەناو هەموو سەرکردەکانی کورددا ئەوانەی تا ئەم ساتەوەختە بەرپرسیارەتییان لەناو حزبەکانیان و لەناو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، دەگمەنن ئەوانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە بە هێزی نیشتمان و سەروەتێکی نیشتمانی ئەزانن، دوورست بە پێچەوانەوە وەکو کەرەستەیەک سەیری رۆحی ئەو هەموو کڕڕە ئازایانەی کوردستان ئەکەن کە بەدرێژایی بزافی رزگاریخوازی کوردستان بەخوێن و تێکۆشانی خۆیان، ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی کوردستانیان پاراستووە.

هێشتنەوەی پێشمەرگە لەدەستی حزبەکانی دەسەڵات بە هەموو واتایەک خیانەتە لە رۆحی دەیان هەزار کەس و خیانەتە لە رەنج و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و خیانەتێکی گەورەیە لە ئایندەی کوردستان. لەوەش خیانەتر ئەو بێدەنگییە کە حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی خۆیان بەرامبەر گەندەڵی و دزی و تاوانکاری بەناوی پێشمەرگە بێدەنگ کردووەو ئەڵێی هەرچی حزب لەم هەرێمە هەیە میوانێکی رەزاگرانە. لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی و بەتایبەتیش کەسە دەسترۆیشتووەکانی هەڕەمی سەرەکی پارتی وەکو کرێگرتە سەیری ئەو هێزە قارەمانانە ئەکەن و چۆن و کەی پێیان خۆش بێت شەڕی براکان و سەرکوتی ناوخۆو بەگژ داعش و حەشدی شەعبی یان دا ئەکەن و هەرگیز ناهێڵن ئەم هێزانە بە نیشتمانی و بەدامەزراوەیی بکرێن و لەجیاتی ئینتیما بۆ ئەم حزب و ئەم کەسایەتی حزبی و خێڵەکی، ئینتیمایان بۆ نیشتمان هەبێت.

لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەریشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت خودی بارزانی، بۆ ماندوکردن و بەهیلاکەتدانی هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان داوەتە سەرگەرمکردنێکی سامناک، چونکە خودی بارزانی و پارتی مەترسی هەقیقیان لەوە هەیە لە دەستبەتاڵیدا نارەزایی پێشمەرگە بگاتە ئاستی تەقینەوە، یان کودەتایەک بەسەر خودی سەکردەکانی پارتی دابکەن. هەر بۆیە زیاتر لە یەک مانگە رۆژێک بەنای ئەوەی مەفرەزی پارتیزانی بۆ ناو کەرکوک دروست ئەکەن، رۆژێکی تر بەناوی ئەوەی مەشق بەهێزەکان بۆ چالاکی تایبەت ئەنجام ئەدەن، رۆژێک بەناوی ئەوەی رێگری لەحەشد و سوپای عێراق ئەکەن، ساتێکی تر بەناوی ئەوەی هێرش ئەکەنەوە سەر کەرکوک، هێزەکانی پێشمەرگەیان خستۆتە حاڵەتێکی دەروونی ئاڵۆزو دەوامیان دوو بەرامبەر زیاد کردوون، لە کاتێکدا نەک هەر مووچەشیان پێ نادەن بەڵکو باس لە کەمکردنەوەی مووچەکانی پێشمەرگەو فەرماندەکانیان ئەکەن.

دەیان زانیاریم لەبەردەستە کە پارتی دوای دۆڕاندنی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان، مەترسی نەک لە هێزەکانی یەکێتی هەیە، بەڵکو مەترسی لەسەر کودەتای هێزەکانی خۆشیان هەیەو هەربۆیە بەناوی جۆراوجۆر و مەترسی جۆراوجۆرە هێزەکانی پێشمەرگە ماندوو ئەکات. لەبەرامبەریشدا حزبەکانی کوردستان ئەڵێی میوانی پارتین و هەرچی هەڵوێست بێت بەرامبەر بەو کوڕە ئازایانەی خەڵکی کوردستان نییە، لەبیریان نییە لە چەند هەڵبژاردنی رابردوو ئەو هێزانەی کە بەناو سەربە یەکێتی و پارتین، بەڵام بەدەیان هەزاریان دەنگیان بە گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان داوە.

بێدەنگی و بێ هەڵوێستی و خۆ نەکردن بەخاوەنی هێزەکانی پێشمەرگە رەوایەتی ئەوە بەدەسەڵات دەدات، ئەم هێزانە بۆ ئەبەد وەکو میلشیای خۆی بزانێت و  بەردەوام یان لەدۆخی شەڕدا بییان هێڵێتەوە یان لەرووی دەروونییەو هەراسانیان بکات. لەکاتێکدا نایانەوێت نەک ژیانێکی شایشتە بۆ پێشمەرگە دابین بکەن، بەڵکو نایانەوێت مووچەکانیشیان پێ بدەن، لە دۆخ و سەردەمێکدا سەرانی حزبەکان و کەس و کارەکانیان نەک خاوەنی ژیانێکی شاهانەو سوڵتانەن، بەڵکو بازرگانی خوێن و گیانیش بە کوڕە ئازاکانی کوردستانەوە ئەکەن

08/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر