ئاماژەکانی پشت داگیرکردنی عەفرین

ئیبراهیم عه‌باس
جیاواز لەو ٥٨ رۆژەی هێزەکانی یەپەگەو یەپەژە سەرسەختانە رووبەرووی چوارەم سوپای بەهێزی ناتۆ و هەشتەم بەهێزتری سوپای جیهان و ١٤ دەستەو گروپی میلیشیای تیرۆرستی ناوخۆی سوریا بوونەتەوە کە ئەردۆغان و رژێمەکەی پشتیوانیان دەکەن، بەرەبەیانی ئەمرۆ یەک شەممە 2018/03/18 لە ٥٩ مین رۆژی بەرخۆدان و بەرگری عەفریندا هێزەکانی سوپای تورکیاو میلشیا تیرۆرستەکانی سوریا، توانیان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییەو مەحمودییەوە بچنە ناو شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان و تا ناوەندی شارەکەیان داگیر کرد. 

هێزەکانی یەپەگە ئەو داگیرکارییە، بە پاشەکشەی ناچاری و بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عەفرین ناودەبەن و ئەردۆگان و میلشیاکانیش بەسەرکەوتینیان ناوەزد کرد، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە خەبات و فیداکاری عەفرین لە مێژووی کوردستان و ناوچەکە بێ وێنەیە و نموونەیەکە هەمیشە بەشانازی بۆ هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر ئەمێنێتەوە، ئاخر ئەو بەرگرییە سەختەی لەم سەردەمەدا بەرامبەر یەکێک لە پڕچەکترین سوپاکانی جیهان کرا، ڤێتنامییەکانی لێدەرچێت لە مێژووی نزیکدا نموونەی نییە.

ئەو ساتەی لە ٢٠ کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەردۆگان هێرشی بۆ سەر عەفرین لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوندا دەستپێکرد، زۆربوون ئەو رایانەی پێانوابوو، ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی عەفرین و کوردەکان ئەپاریزێت، ئاخر لانی کەم لە ٢٠١٤ ەوە کاتێک ئەمریکییەکان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی کۆبانی لەدەستی داعش گەیشتنە ناوچە کوردییەکان لە سوریا و لەو ساوە بەڵێنی پاراستنی رۆژئاوای کوردستانیان دابوو، لەراستیشدا کورد لەو بەشەی کوردستان تەنها بۆ تێکشکاندنی داعش نزیکەی دەهەزار شەهیدی داوە، بەم هۆکارە تا ئاستێکی زۆر دڵنیابوون لەو پشتیوانییەی کە ئەمریکا لە کوردەکانی ئەکات، بەڵام بەو پێیەی عەفری ناوچەی جێ نفوزی روسیا بوو، سەرئەنجام معادەلە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان عەفرینیان هاڕی و بەم هۆیەو شارەکە نزیک بەوێرانبوون بۆوەو نیو ملیۆن دانیشتووی شارەکەش سەرگەردان و ماڵوێران کران و بەکۆی گشتی شەڕڤان و هاوڵاتیان نزیک بە دووهەزار کەس گیانیان بەخشی و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون.

پاساوەکانی ئەردۆغان بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە تیرۆر. زۆر لەوە لاوازتربوون شارێکی وەکو عەفرین بکرێتە قوربانی و ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بەو ئاشکرایە بۆ رێکبخرێت، بەڵام ئەوەی وایکرد دونیا بێ هەڵوێستی، یان هەڵوێستی لاواز بنوونێت، ئەو نموونە ئازایەتی و ئیدارەدانە بەهێزەبوو کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی داو، هەموو بنەمایەکی دەوڵەتبوونی لەخۆ گرتبوو، لێ مادەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ دابەشکاری سوریاو دروستکردنی کیانێکی کوردی نییە لە ئێستادا، جۆرە چاوپۆشییەکی ترسناک لە دڕندەیی سوپاکەی ئەردۆغان و میلیشیا تیرۆرستییەکانی کرا و ئەو کارەساتە گەورەی ئەمرۆی بەدوای خۆیدا هێنا، کە شارەکە کەوتە بەرشاڵاوی تاڵان و سوتاندنی سوپای ئازاد و هێزەکانی ترو هاوڵاتییە مەدەنییە راکردووەکانیش لە چەندین جێگا بەر پەلاماری فرۆکە و چەکە قورسەکانی ئەوردۆغان دراو، لانی کەم تەنها ئەمڕۆ ٢٥٠  هاوڵاتی مەدەنی شەهید کران.

هەرچەندە هێشتا بەشێک لە عەفرین لە ژێر دەستی یەپەگەو یەپەژەدایەو بەگوێرەی راگەیاندراوەکانیان بەرخۆدان بە شێوەیەکی تر بەردەوام ئەبێت، بەڵام ئەردۆگان و سوپاکەی لە پاکتاوی زیاتری کوردەکانی رۆژئاوا و  تەنانەت ئەگەری هێرش بۆ سەر قەندیل بەردەوام ئەبن، ئەگەر فشارێکی راستەقینەی ئەمریکی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەردۆگان دەستپێنەکات، ئاماژەکان روونن دوای شکاندنی هەرێمی کوردستان لە سێپتەمبەرو ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، بەهۆی ئەو سەر کێشەی مەسعود بارزانی بۆ مانەوەی لە کورسی دەسەڵات بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستانی کرد، تێکشکاندنی عەفرین پیلانێکی تری نێودەوڵەتییە بۆ چاوشکاندنی کوردەکان.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لەم یارییەدا جێگای پرسیارە ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە کە بارزانی و پارتی لەرێگای حزبە کارتۆنییەکانی خۆی لە سوریا لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون بەشداربوون، هەرئەوەندەش نا ئۆکەیان داوە بە سوپای تورکیا لە لەناوچەکانی بارزان و سیدەکان هێزەکانی تورک بێن لەو جێگایانە جێگیربن کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەسەر داوای بنەماڵەی بارزانی بۆ راوەدوونانی پەکەکە پۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بەیەکەوە ئەنجام ئەدا و دوای تواندنەوەی بەفریش ئەو سوپایە بەنیازە هێرشێکی بەربڵاو بۆ قەندیل و ناوچەکانی گەریلا دەست پێبکەن.

19/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر