داڕمانی هەیمەنەی پارتی

ئیبراهیم عه‌باس
بەردەوامی سێ رۆژ لەسەر یەکی خۆپیشاندانەکانی هەولێرو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، پڕن لەو مانایانەی کە ئیتر خەڵک بەدەنگی بەرز لە هەولێری پایتەخت و ناوچەکانی دهۆک و بادینان رەتی ئەو دەسەڵاتە ئەکەن کە بۆتە کابوسێکی ناخۆش بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان.
زۆربوون ئەو ویستگانەی خەڵک لەسنووری پارتی پڕ بەگەرویان دژایەتی ستەمکاری و بێ دادی ئەو دەسەڵاتەیان کردووە، بەڵام هیچیان بەقەدەر هەفتاو دوو کاتژمێری رابردوو سەرپێ نەکەوتوون و نەتوانراوە بەم مۆدێلە بەرفراوانە نارەزاییەکانیان دەرببڕن.

دۆخێک کە شەڕی ناوخۆ دروستی کرد، سەرەتا بە دابڕاندنی دهۆک و بادینان لە ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی دەستی پێکردو لەدوای ٣١ ئابیشەوە دابڕانی هەولێر لە سلێمانی لێکەوەتەوە، کە دەرئەنجام بووە بەرەکەت بۆ پارتی و بارزانی کە لەژێر قەڵەمرەوی خۆیان هەروەکو چۆن لە هەرزان کردنی خاکی کوردستان بۆ دەوڵەتان سڵنەکەنەوە، لە دادۆشینی کوردستان و بردنی سەرەوەت و سامانی خەڵک و حکومەت بۆ دوو بەرەباوکی بنەماڵەیەک نەترس و بێ باک بن و لە پەنای هێزی ئستبدادی داپڵۆسێنەرو دەزگای پاراستنیشدا هەرچی دەنگی نارەزایی هەبوو بەسزای قورسی جۆراووجۆرو سیناریۆی مەترسیدار توانیبوویان سەیتەرە بکەنە سەر قەڵەمرەوی ئیدارەی هەولێرو بەهۆی رێککەوتنی ستراتیژی و ترسی یەکێتی لە دووبارەنەبوونەوەی شەڕی ناوخۆ سەیتەرەیان بەسەر هەموو کوردستاندا سەپاند، بەجۆرێک جگە لە پارتی هیچ حزب و گروپ و حزبێکی بەشداری حکومەت خۆیان بە دەسەڵات نەئەزانی.

ئەو شکۆیە کە پارتی بە مزەیەف و ساختەکاری لە کوردستان بۆ دەسەڵاتەکەی ئاوای کردبوو، لانی کەم لە فرۆشتنی کچان و ژنانی شەنگالەوە کەوتووە، خۆ دەستبردن بۆ پاشەکەوتی زۆرەملێی فەرەمانبەرو مووچەخۆران هێندەی تر پارتی نابووت کردبوو، هەر ئەوەندەشنا دۆر و ناراستییەکانیان کەبەناوی دروستکردنی دەوڵەت دەستیان پێکردبووو سەرئەنجامیش نیوەی کوردستانیان دۆڕاند، شتێکی بۆ شکۆو دەسەڵات و رەمزەکانی پارتی نەهێشتبۆوە، بەڵام چونکە گیرفانی خەڵکی کوردستان لەدوای رووخانی بەعسەوە بەقەدەر ئەمڕۆ خاڵی نەبووە، دەرفەتێکی ئەو تۆ نەرەخسا بەو فراوانییە هەیمەنە پارتی بشکێنرێت و چیتر خەڵک و فەرمانبەرو مامۆستایان و رۆشنبیرو رۆژنامەنووسان بەقەدەر ئەمجارە لە چەک و چەقۆ و شەق و بۆکسەکانی پیاوە شەڕانییەکانی پارتی بێ ترس نین و هیچ توندوتیژیەک نەک هەر نەیترساندن بەڵکو لە خۆپێشاندانیش ساردی نەکردنەوە.

خۆپیشاندانەکان و بەردەوامیان زەنگێکی زۆر لەوە گەورەترن کە پارتی تا ئەم ساتەوەختەش بەباشی تێنەگەیشتووە، چونکە ئەو قسە بەناوبانگەی بارزانی لە ئێستا هیچ ئەرزشێکی نەماوە کە ئەیوت بۆ شکاندنی لایەنە رکابەرەکانی هەر جارەو جەیشی وڵاتێک دێنێت و لە هەڵبژاردنەکانیش منەتی بەدەنگی خەڵک نییە، چونکە تەزویر ئەکات، ئاخر ئەو دەنگانەی ئێستا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لەسەر شەقامەکانن، مادەم لە ترسناکی هێزە چەکدارەکانی پارتی ناترسن، بێگومان ناشتوانرێت جەیشی وڵاتانیان بۆ بهێنرێت و لەوەش دڵنیام لە ساتەوەختی هەڵبژاردن تەزویر فریای بارزانی ناکەوێت. 

ئاماژەکانن روونن کە ئەو مۆدێلە فەرمانڕەواییەی جگە لە پارتی کەس خۆی بەخاوەن نازانێت، کاتی کۆتایهاتن یان لانی کەم پاشەکشەی هاتووەو باوەڕناکرێت چیتر خەڵکی کوردستان ئەوە قبووڵ بکات رووت و رجاڵ و برسییەکانی دوێنێ ناو سەرکردایەتی پارتی چیتر بتوانن سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان داگیر بکەن و ئیتر میللەتێک ببێتەوە کرێگرتەو کرێچی ئەوان.


31/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر