تکایە هەڤرەس و مەلا ئیسماعیل بەتەنیا جێ مەهێڵن؟

ئیبراهیم عه‌باس
لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەم رووداوەکەی ٢٣ تەموز (رۆژی هەڵکوتانە سەر بیانی پارێزگای هەولێر)، هێزەکانی ئاسایشی پارتی لە پایتەختی کوردستاندا دەیان کەسیان بەتومەتی تیرۆر دەستگیر کردووە، کاتێکیش هێرشکرایە سەر بینای پارێزگا، ئیتر هەر پیاوان نەبوون کە دەستگیر ئەکران بەڵکو ژنانیش کەوتنە بەر هەڵمەتی دەستگیرکردنەکەو زۆرێکیش لە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکراون. لەناو ئەو گیراوانەدا دوو کەسی دیار دەستگیرکراون کە یەکێکیان مامۆستا مەلا ئیسماعیل سوسەیی پێشنوێژوو و وتارخوێنی پێشووی مزگەوتی حاجی ئیبراهیم گەردی و چالاکوانی مەدەنی و خوێندکاری زانکۆ هەڤرەس شوان هورمزیارن.

دەستگیرکردنی مامۆستا ئیسماعیل بە تومەتی داعش بوون، هەر ناهەقی نییە بەڵکو زوڵمێکی ئاشکرایە دەرهەق بەو کەسایەتییە ئایینییە ئەکرێت کە یەکێکە لەسەرسەخترین رەخنەگرەکانی دەسەڵاتی سیاسی و خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر ئەم رەخنە گرتنە سەرسەختەشی بووەتە هۆی ئەوەی بەناهەق زیندانی بکرێت.

ئەم مامۆستا ئایینە لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە بەهەقبێژی و رەخنە زبرەکانی کەوتۆتە بەر غەزەبی پارتی دەسەڵاتدار لە هەولێر و بەم هۆیە لەرێگای وەزارەتی ئەو قافەوە لە پێشنوێژی دوورخرایەوە، بەڵام مامۆستا کۆڵی نەداو بە بڵاوبوونەوەی وتارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یوتب، بەردەوام جێگەی ترسی هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی بووەو بەردەوام دەیان کێشە و  گرفتیان بۆ دروست کردووەو سەرئەنجام بەتوومەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیاد لە سێ هەفتەیە خراوەتە زیندان. ئەگەرچی ئاسایشی پارتی هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندی داعش و مامۆستا نادرکێنێت، چونکە پێدەچێت هاوشێوەی کەیسەکەی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان و مامۆستا مەلا هوشیار و هێرشکردنە سەر کەناڵی رووداو و دەیانی تر، سیناریۆ و تومەتەکانیان ئاشکرابێت و لەترسی گاڵتەپێکردنی رای گشتی نەتوانن شتێکی ئەوتۆ بدرکێنن.

هەرچی پەیوەستە بە هەڤرەس هورمزیار، کە دیار نییە بەچ تومەتێک دەستگیرکراوەو کەس و کارەکەشی خراپ ترسێندراون، بەڵام ئەوەی روونە دەستگیرکردنی بەهۆی ئەو رەخنەو چاونەترسییەیە کە ئەو چالاکوانە لەدەسەڵات هەیەتی و یەکێکە لەسەرسەخترین ئەو چالاکوانانەی لەهەر چالاکییەکی نارازی لەهەولێر ئامادە ئەبێت.

بەدرێژایی ئەم ماوەیە نە دەزگاکانی راگەیاندن و نە حزبە نارزاییەکان لە دەسەڵات، کارێکیان نەکردووە کەیسی دوو سەرسەخترین نارازی لە خراپییەکانی دەسەڵات بکرێتە کەیسێکی بەهێز بۆ ئەوەی ئاسایش بەتوانێت بێباکانە ئەو دەستگیراکراونە لە زیندانەکانی ئاسایش بهێڵرێنەوە، چونکە تەبعی دەسەڵاتی هەرێم بەجۆرێکە هەر کارێک ئەکات گەر کاردانەوەی میدیایی دروستبوو و بەم هۆیەوە رای گشتی جوڵا هەر زوو کار بۆ ئازادکردنی کەسەکە ئەکات، بە پێچەوانەوە کەسە نارازییەکان لەزیندان ئەهێڵرێنەوەو سزای قورسیش ئەدرێن.

دونیابینی ئەم دوو بەرێزەو هەموو ئەو کەسایەتی و چالاکوان و کەسانەی لەدەسەڵات بێزارن، لە پێناو سەربەرزی ئەم گەلەدایەو هەق نییەو ناهەقییەکی گەورەیە بەتەنها جێبهێڵرێن و بەرگریان لێنەکرێت، ئەشێت دەزگاکانی راگەیاندن بەتایبەت راگەیاندنی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەک بەرگری لەم جۆرە کەسانە بکەن، بەڵکو خۆیان بکەن بەخاوەنی ئەو جۆرە مرۆڤە ویژدان بەرزانە کە لە پێناوی سەرفرازی ئەم گەلە ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسی.

01/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر