یەکەی (٩٠) کەی کاک عەدنان عوسمان

عه‌لی که‌ریمی
برا و هاورێی عەزیزم کاک عەدنان لە وتارەکەیدا داواکارە لە بزوتنەوەی گۆڕان هێزی چەکدار پێک بێنێت. ئەو کاک عوسمانەی لە نزیکەوە و دەمێک ساڵە دەیناسم و دەزانم چەند بڕوای بە خەباتی مەدەنی و بە درێژایی ئەم ساڵانە چ ئەوکات وەک رۆژنامەنوسێکی ئازا و سەربەخۆ چ وەک ئەندام پەرلمانی بزوتنەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ کردوە، هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی لە دروشمەکانی بوو، لەبیرمە لەسەر بە کار هێنانی وشەی "میلیشیا" چیان پێنەکرد و چەندیان موزایدە بەسەرەوە کرد.

لەوەی کە کاک عەدنان و هاورێکانی ئەمڕۆ داواکاری هێزێکی دیکەن لە کوردستان تێگەیشتنی تەواوم هەیە، رەنگە کوردەواری گوتەنی هاتبێتە ئەم قەناعەتە کە دەڵێ " شەق دەزانێ قۆناغ لە کۆێیە"!
پرسیارەکەم ئەوەیە بۆ رێک دۆینێ ئەم داوایە دەکا؟!
بە درێژایی ئەم ماوەیە کە خۆی وەک ئۆپۆزیسۆن لە پەرلمان بوە و چ دواتریش، بە دەیان کردەوەی ‌قێزەون، نادیمۆکراتی و پێشێلی یاسامان لە هەرێمی کوردستان دیت، ئەندام پەرلمان و هەڵسوراو و خوێندکاری گۆڕان بە رۆژی روناک لەسەر جادە لە 17ی شوبات بەرشەق دران، لەناو هۆڵی پەرلمان، ئەندام پەرلمان بەر بۆکس درا، سەرۆکی شەرعی و یاسایی پەرلمان و ئەندامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان  سنورداش کران و دەرگای پەرلمان داخرا، وەزیرەکان نێردرانەوە ماڵەوە، کاناڵەکەیان لە هەولێر داخرا و کەل و پەلیان فرێ دان و دەیان کردەوەی تر بە سەر خۆیان و رۆژنامەنووس و هاوڵاتیاندا هاتوە، بەڵام باسی پێکهێنانی هێزی (٩٠) نەکرا و میلیشیا دروست کردن لای بزوتنەوەی گۆڕان کفر و خەتی سور بوو!
دیارە پارتی سایکۆلۆژی و دژ کردەوەی ئەم خەڵکە باش دەزانێت، کابرایەکی لە چەشنی "الصحاف" ەکەی سەدام لە ناکاو دێنێت و داوای دادگایی جینایی کاک نەوشیروان دەکا!
دەسبەجێ دژکردەوەی کاک عەدنان و هاورێیانی دەبینین و داواکاریی "یەکەی ٩٠".
هەر ئەو شەوە کە داواکاریی دادگایی کاک نەوشیروان لە میدیاکانی پارتی بەرز بۆوە، چەند برادەری دڵسۆز پەیوەندی و تەلەفونیان کرد و زۆر باش لە نێتی پارتی تێگەیشتبوون و داوایان کرد پەیوەندی بگرم و داوا لەهەموو هەڵسوراو و ئەندامانی گۆڕان بکرێت ئەمە تەنیا فشار و ئێحراج کردنە و نابێ تاقە یەک کەس وڵامیان داتەوە!
رێک وایان نەکرد و نەتەنیا وڵام درایەوە بەڵکو بیرۆکەی هێزێکی چەکداریش هاتە ئاراوە!
کاک عەدنان گیان راست دەکەی لە بەرامبەر هێزێکی ملهور و مستەبید دا رەنگە چیتر زمانی مەدەنیەت و ئاشتیخوازی و قانون نەیخوات و زمانی ئاشتی بە ئاشتی و چەک بە چەک بدرێتەوە. رەنگە ئەمە ئەوپەڕی شکست و ئێش و ئازاری هەموو رێبوارێکی رێگەی دوور و درێژی کوردایەتی و ئازادی بێت، دوای دەیان ساڵ لە خەباتی بێوچان و پێشمەرگایەتی ئەمڕۆ ئێوەی گەیاندبێتە ئەم باوەڕە کە ئەم جارە پەنا بۆ چەک بەرین نەک بۆ شەڕ لە گەڵ داگیرکەری بێگانە بەڵکو بۆ خۆپاراستن لە چەنگ دەسەڵاتێکی کوردی!
رەنگە باش بزانن لە دنیای مۆدێرن و چەکی پێشکەوتوو و فێربوونی پێشمەرگە بە موچە، زۆر زەحمەت بێت هێزێکی هاوسەنگی وەک ٧٠ و ٨٠ بێتە چێکردن یان مەبەستان هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە و مەفرەزەی پارتیزانی بێت، چەشنی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان.
نا کاک عەدنان ئەم رێیە زۆری کەند و کۆسپ و لەمپەر و دژی هەیە، باشترە سەر راست و شەفاف بی لە گەڵ موخاتبی خۆت و بە روونی بڵێ ئێمە بەرامبەر پارتی پێویستیمان بە خۆ پاراستن هەیە و رەگ و ریشە و سەرکردایەتی و ناوچەکەشمان هەر سەوز دەچنەوە و خۆشمان هەر لەو بەرەبابەین و با بەیەکەوە یەک بپارێزین!
بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی زۆربەی ئێوە من کۆدەتای ١٢ی ئۆکتۆبر بۆ سەر گۆڕان نازانم، ئەمە بۆ سەر برایانی یەکێتی و ملدان بە دوو ئیدارەیی بوو. پارتی حیسێبی ئەوەی کردبوو بێتو پەرلمان و حکومەت پەک بخات یەکێتی قەبوڵی ناکات و دوو ئیدارەیی لەسەر دەستی یەکێتی و گۆران دێتەوە ئاراوە، پارتی لە مێژە کە هەستی کردوە لایەکی فراوانی کوردستان قەبوڵیان نییە و بارزانی بە سەرۆکی خۆیان نازانن، بۆیە زۆری لێ زەحمەت دێ مووچەی ئەم خەڵکە زۆرەی ناوچەی سەوز بدات، ئەوان هەرچی کردیان بۆ ئەوەی لە سەردەستی ئەوانی تر دوو ئیدارەیی بچێتەوە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام برایانی یەکێتی نە چوونە ژێر باری. ئەمە زۆر روونە لای هەموو ئەم تاکانەی کە مێژووی پارتی دەزانن، پارتی تۆی کە گەڵ نەبی، باشترە هەر نەبی!
جا کە وایە لە هێزی (٩٠) گەڕێ و رێک وەرە سەرخەت و بە هاورێیانی گۆڕان و یەکێتی بە بێ موجاملە بڵێ؛ تا زووە یەک بگرن بەرامبەر ملهوری و زۆرداریدا، گەر وا نەکەن ئەمڕۆ کاک نەوشیروان دەدەنە دادگا، سبەی کاک کۆسرەت و دوو و سێش ئەو کاک و ئەو کاک ...
برا گیان ئەم رێگەی بۆم باس کردی زۆر عەمەلیتر و ئاسانترە و کولفەشی زۆر نییە، بە تایبەت براکانی دۆینێش بە یەک شاد و شوکر دەبنەوە و برایانی یەکەی (70)ش بە باوەشی ئاوەڵەوە پێشوازی لە فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەکانی یەکەی (٩٠)ەکەی ئێوە دەکەن.


08/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر