قورەتلعەین و بەگژداچوونەوەی حوکمی باو

عه‌لی که‌ریمی
شک و گومان لەوەدا نییە کە قسە دێتە سەر کۆمەڵناسی و پێکهات و چۆنایەتی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت ئەم دەوڵەت و نەتەوانەی دوای رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی هاتنە چێ کردن، بیرمەند و کۆمەڵناسی بە ناوبانگی عێراقی " د. عەلی وەردی" یەک لەو هزرانەیە دەبێ لە سەر سەرەوە دابندرێت، رەنگە کەم کەسم دیبێت وەک ئەو وێنای دروستکردنی دەوڵەتێکی بۆش و بێ ئەساسی وەک عێراقی کردبێ!
ئەمڕۆ لە خوێندنەوەی کتیبێکی ئەم بیرمەندە بوومەوە، کتێبێکی دانسقە، سادە، کورت و سەرگوزەشتەی ژنێکی رۆژهەڵاتی، دوو سەدە پێشی کۆمەڵگای ئێران و عێراق.
"قورەتلعەین" یان "زەرین تاج" ئەو کچە گەنجە خەڵکی قەزوین لە بنەماڵەیەکی تەواو سونەتی و دینی و باب و مام و باپیر مەلا و ئاخوند، راسا و بەگژ باودا چۆوە، نەتەنیا داب و نەریت و پیاو سالاری بەڵکو بەگژ دین و یاسا و رێسای کۆنی ئیسلام و قوراندا چۆوە. کچێک کە پێی وابوو ئیتر بەسە و دەبێ نوێگەری لە دین و ئائینی پیاوەکان یان چاکتر بڵێم ئیسلامدا بکرێت.
ئەو پێی وابوو دەبێ شەریعەتی کۆن پوچەڵ کرێتەوە، لە پێناو ئەم رێبازە دا بە گژ هەمواندا هاتەوە و لە وانە بنەماڵەی ئاخوندیی خۆی و بە تایبەت مێردە کەلە پوتەکەی کە یەکودووی لێ نەکرد و بۆ یەکەمین جار ئەوە ژن بوو پیاوی تەلاق دا و لەسەر کۆنەپەرەستی و خورافاتی ئیسلامی خەزوری کە مامی خۆی بوو و یەک لە ئاخوندە هەرە دەسباڵاکانی شیعەی ئێران و عێراق بوو، هەروەتر کورەکەی کە مێرد و بابی مناڵەکانی بوو، بۆ ئەبەد دووری لێکردن.
خەبات و بەگژدا چوونەوەی ئەم ژنە دژەباوە دەبوو زۆر زیاتری لەسەر نووسرابا و کرابایە مدرەسەیەک بۆ بوێری و ئازادەبوونی ژنانی سەردەم، ئەو لە پێناو  فکر و نوێگەری، روخساری ژنی شیعەی بنەماڵەی ئاخوندی سەردەمی ناسرەدینی شای قاجاری، وەدەر خست و نیقابی دوور هەڵدا و لەم رێگەیەشدا نەتەنیا هەر وەک ئێستای کۆمەڵگای خومان بە هەزاران بوختان و درۆی بەدرەوشتی و جنسی و ئەخلاقیان لە سەرتاسەری ئێران و عێراق بۆ وەرێ خست بەڵکو بە دڕندانەترین شێوە کوشتیان.
ئەم کتێبە بە پێویست دەزانم بۆ هەموو ژنانی ئەمڕۆی کوردستان، بۆ ئەو ژنانەی بە گژ گەندەڵی و باودا دەچنەوە، بۆ ئەوانەی تێر و بێزار بوون لە چالاک و لەو ژنە "فێمێنیست"انەی لە ژێر عەبای داکۆکی لە مافی ژنان خۆیان لە ژێر باڵی دەسەڵاتی بۆگەن و دژە ژن و دژە مرۆڤ حەشار داوە!
کاتێک ئەم سەرگوزەشتەی "قورەتلعەین" دەخوێنیتەوە ئەو کاتەیە بە هەموو توانا و هەستی دەروونتەوە هاوار دەکەی و بێزاری دەردەبڕی لەم ژنانەی بە نێوی ژن و مافە زەوتکراوەکانی ژنانی کورد، بوون بە وەزیر و پەرلمانتار و چی و چی کە چی هەموو چالاکی و خەباتیان بۆتە بە بەژن و باڵای دەسەڵات و بۆگەنەکان هەڵگوتن و هاتووچوویان بۆ ئەم ولات و ئەو وڵات بۆ عەمەلیاتی لوت و کۆڵمەی سیکۆتین و ... بوونە دەستە چیلە و شەوچەرەی ئاشتی هەورامێکان.
کە تەواو بووم لە خوێندنەوەی هەر گوتم حەیف و هەزار مخابن بۆ ژنانی کوردستانەکەم!   
عەلی کەریمی   2016-12-04

04/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر